زووم، ئاژانسەکان
میدیاى فەرمى روسیا لە زارى کۆشکى کرێملین بڵاویکردەوە، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکى روسیا، سەردانى شارى ماریۆپۆلى کردووە. ئەمەش یەکەم سەردانێتى بۆ نێو خاکى ئۆکراین، لەدواى هێرشەکانى روسیا بۆ سەر وڵاتەکە.
پوتین لە ماریۆپۆل چی کرد؟
▪️ بەشێک لە دامەزراوەکانى شارەکەى بەسەرکردووەتەوە.
▪️ لەگەڵ خەڵکى شارەکە قسەى کردووە و لەسەر داواى هاوڵاتییەک سەردانى ماڵەکەشی کردووە.
▪️ بە هێلیکۆپتەرێک گەیشتووەتە ماریۆپۆل، دواتر بە ئۆتۆمبێل بە هەندێک ناوچەى شارەکەدا گەڕاوە، کە خۆى شۆفێرى کردووە.
▪️ جێگرى سەرۆکوەزیرانى روسیاى ئاگادارکردووەتەوە، دەست بە جێبەجێکردنى پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بکەنەوە.
▪️ باسی دروستکردنى ناوچەى نیشەتجێبوون و ژێرخانى شارەکەى کردووە، بەتایبەتى لایەنى پەروەردەیی، تەندروستىیی و کۆمەڵایەتىیی.
▪️ لەگەڵ سوپاى وڵاتەکەى لە شارەکە کۆبوونەوەیەکى ئەنجامداوە.
میدیاى فەرمى روسیا دەڵێت، پوتین لە ماریۆپۆل ئەمانەى کردووە، بەڵام کاتى سەردانەکەى ئاشکرانەکردووە، لەکاتێکدا دوێنێش سەردانى دورگەى کریمیاى کرد.
شاری ماریوپۆل، لە یەکەم رۆژی هێرشەکانى روسیا لە 24ى شوباتى 2022 بۆردومانکرا، دواتر لە سەرەتای مانگی ئازاردا گەمارۆدرا و لە کۆتایی مانگی نیساندا روسیا کۆنترۆڵى کرد.