زووم:
دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ئێوارەی هەینی یاداشتی دەستگیرکردنی بۆ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا دەرکرد وەک بەرپرسیارێک لە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ، لە ئۆکراین، لە کاتێکدا روسیا بەردەوام ئەنجامدانی تاوانی جەنگی رەتکردووەتەوە.
ئەمە یەکەم بڕیاری لەم شێوەیەیە کە لەلایەن دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی دەردەچێت، کە لێکۆڵینەوە دەکات لە ململانێکانی ئۆکراین.
بێجگە لە پوتین، دادگای نێودەوڵەتی بە هەمان تۆمەت، یاداشتی دەستگیرکردنی دەرکرد بۆ ماریا ئەلکسیڤنا،کۆمیسیاری روسیا بۆ مافەکانی منداڵان.
لە یەکەم کاردانەوە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا ماریا زاخاروفا، بڕیارەکەی بێبایەخ کرد و گوتی “هیچ گرنگیەکی نیە”.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا:
بڕیارەکە هیچ گرنگیەکی نیە
بایدن سەرۆکی ئەمریکا دەربارەی یاداشتەکەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی رایگەیاند “بڕیارەکە ڕەوا بوو، پوتین بە ئاشکرا تاوانی جەنگی ئەنجامداوە”.
بایدن ئاماژەی بەوەدا کە ئەمریکا ئەندام نیە لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بەڵام بڕیارەکە خاڵێکی بەهێزە.
دەربارەی ئەگەری دەستگیرکردنی سەرۆکی روسیا، فادی عەبدوڵا، گوتەبێژی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی رایگەیاند، ئەو وڵاتانەی لە دادگا نێودەوڵەتیەکە ئەندام نین ئەتوانن پابەند نەبن بە یاداشتەکەوە.
دەتوانین داوا لە هەر وڵاتێکی ئەندام بکەین کە پوتین لە خاکەکەیدا دەستگیربکات
فادی گوتیشی، دەتوانین داوا بکەین لە هەر وڵاتێکی ئەندام کە پوتین لە خاکەکەیدا دەستگیربکات.
جوڵەکانی پوتین بە هۆی سزاکانەوە سنوردار بووە، لە دەستپێکی جەنگی ئۆکراینەوە سەرۆکی روسیا تەنها سەردانی 8 دەوڵەتی کردووە، کە حەوتیان لە وڵاتانی یەکێتی سۆڤێتی کۆنن. پوتین سەرکێشی ناکات و سەردانی وڵاتێک بکات کە ئەگەری هەبێت رادەستی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بکات. بەڵام سەردانیکردنی هاوپەیمانە هەرێمیەکانی وەک چین و ئێران نابنە مەترسی بۆ سەری، لە ناو روسیاش کەدەسەڵاتی رەهای هەیە رووبەرووی مەترسی نابێتەوە.
دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە 1998 لە ڕۆما، پایەتەختی ئیتالیا دامەزرا و دواتر لە ساڵی 2002، بە شێوەی فەرمی دەستی بەکارکرد، شوێنی فەرمیی ئەم دادگایە لە شاری لاھەی، وڵاتی ھۆڵەندایە.
ھەتا ئازاری 2010، سەد و یانزە وڵات بوونە ئەندامی ئەم دادگایە و 37 وڵاتی دیکەش، وەک ئەمریکا و روسیا، ئامادەییان دەربڕیوە ببنە ئەندام، وڵاتانی چین و ھیند لە نەیارانی ئەم دادگایەن و ئەندام نین.