ریفراندۆمەکەى روسیا بۆ لکاندنی چوار ناوچەی ئۆکراینا بە خاکى وڵاتەکەیەوە کۆتایی هات، ئەنجامە سەرەتاییەکان کە لەلایەن میدیاکانى روسیاوە بڵاوکراونەتەوە.
ئاماژە بە سەرکەوتنى دەنگى “بەڵێ” دەکەن بە رێژەى رەها بەگوێرەى ئەو ئەنجامە بەراییانەى کە ئاژانسى ریا نۆڤۆستى روسى بڵاویکردووەتەوە، دەنگدەرانى ئەو چوار هەرێمەى ئۆکراینا بەم رێژانە دەنگیان بە بەڵێ داوە:
زاپۆریژیا 98%
دۆنێتسک 97.91%
لۆهانسک 97.82%
خێرسۆن 96.97%
دەنگەکانی ریفراندۆمەکە خزمەت بە ئامانجێکی کوشندەى روسیا دەکەن، چونکە لە لایەن کرێملینەوە بەکاردەهێندرێت، بۆ شەرعیەتدان بە ئامانجە داگیرکارییەکانی لەنێو خاکی ئۆکراینادا.
ئەگەر روسیا ئەم ناوچانە بکات بە خاکی خۆی، کە نزیکەی 15%ی خاکی ئۆکراینا پێکدەهێنن، ئەوا دەتوانێت شەڕەکە بباتە ئاستێکی نوێ و مەترسیدارترەوە، ئەوکات مۆسکۆ هەر هەوڵێکی ئۆکراینا بۆ وەرگرتنەوەیان وەکو هێرشێک بۆ سەر خاک و سەروەریی خۆی نیشان دەدات.
پێدەچێت رۆژی هەینی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا، وتارێک لە دانیشتنی پەرلەمانی روسیادا پێشکەش بکات و تێیدا، لکاندنی چوار هەرێمەکەى ئۆکراینا بە خاکی روسیاوە رابگەیەنێت.
ئۆکراینا هەڕەشەی لە دانیشتووانى چوار ناوچەکە کردبوو، کە بەشدارى ئەو ریفراندۆمە نەکەن و هەر کەسێکیش بەشدارى بکات، لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت و روبەڕوی 15 ساڵ زیندانى دەبێتەوە.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ریفراندۆمەکە هیچ دانپێدانانێکی فەرمی نییە و
سەرکردەکانی رۆژئاوا و ئەمریکا رەتیانکردووەتەوە.
ئەمە جارى یەکەم نییە کە روسیا ریفراندۆم لەسەر خاکى ئۆکراینا دەکات، تاوەکو بیکاتە بەشێک لە خاکى خۆى، بەڵکو مانگی ئازاری 2014ـش ریفراندۆمێکی دیکەى هاوشێوەى لە نیمچە دوورگەی کریمیا ئەنجامدا و پوتین وەکو بەشێک لە خاکی روسیا ناساندى، بەڵام لە ئاستی نێودەوڵەتیدا تائێستا دانی پێدا نەنراوە.