ئەمڕۆ مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیشتە قاهیرەی پایتەختی میسر و لەگەڵ سامی شوکری، هاوتا میسریەکەی کۆبووەوە. یەکەمین سەردانە دواى 11 ساڵ ناکۆکى نێوان هەردوو وڵات.
دوای کۆبونەوەکە، کە 11 ساڵ بوو لەسەر ئاستی وەزارەتی دەرەوەدا هیچ کۆبونەوەیەک لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا ئەنجام نەدرابوو، کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسی هاوبەش ئەنجامدرا. لە کۆنفڕانسەکەدا چاوشئۆغلۆ کە بە ‘براکەم’ ناوی سامی شوکری دەهێنا، باسی ئامانجی سەردانەکەی کرد و گوتی، ” لەگەڵ براکەم سامی شوکریدا، بڕیاری بەرەوپێشەوەچوونی پەیوەندی و سیاسەتێکی بەهێزمان داوە.”
مەولود چاوشئۆغلۆ ئاشکراشی کرد کە لە کۆبونەوەکەیدا، باسی پرسی، سەربازی، وزە و بازرگانی کراوە و گوتی، ” دوای هەڵبژاردنەکانی 14ی ئایاری ئەمساڵی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر کۆدەبنەوە. (ئەگەر لە هەڵبژاردنەکان ئەردۆغان سەربکەوێت)
سامی شوکریش ئاماژەی بە گرنگی پێشخستنی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵاتی لەسەر بناغەی ‘قازانج’ کرد و راگەیاند، بەردەوامی بە پەیوەندیەکانیان دەدەن.
سامی شوکری وەزیری دەرەوەی میسر دوای 13 ساڵ لە ناکۆکی و ململانێی توندی قاهیرە و ئەنقەرە، سەردانی تورکیای کردبوو و لەئەنتاڵیا لەگەڵ چاوشئۆغلۆ کۆببووە. سەردانەکەی سامی شوکری بۆ گەیاندنی سەرەخۆشی و لەنزیکەوە ئاگادار بوون لە دۆخی بومەلەرزەکەی شەشی شوباتی ئەمساڵ بوو کە کارەساتێکی گەورەی مرۆیی لێکەوتەوە.
بۆچی 13 ساڵ ناکۆکییەکانی نێوان تورکیا و میسر بەردەوام بوون
لە ساڵی 2010دا، بەهاری عەرەبی کە لە تونسەوە دەستیپێکرد و بە شێوەیەکی زۆر خێرا لە ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوبووەوە، کاریگەری لەسەر میسریش دروستکرد. خۆپیشاندان لەدژی دەسەڵاتی حوسنی موبارەک دەستیپێکرد و لە ئەنجامدا لە ساڵی 2011، کۆتایی بە دەسەڵاتی 29 ساڵی موبارەک هات و حکومەتێکی کاتی پێکهێنرا.
لە حوزەیرانی 2012دا هەڵبژاردن ئەنجامدرا و حزبی ئازادی و گەشەپێدان زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا، کە پارتێکی سەر بە ئایدۆلۆژی ئیخوان موسلمین بوو. محەمەد مورسی بووە سەرۆککۆماری نوێی میسر.
لە ساڵی 2013دا، چەندین گروپ دروستبوون و دژایەتی خۆیان بۆ دەسەڵاتی مورسی پیشاندا و ئاڵۆزی زۆری لێکەوتەوە، بەو هۆیەوە عەبولفەتاح سیسی سەرۆک ئەرکانی ئەو کاتەی میسر دەستی بەسەر بەڕێوەبەری وڵاتدا گرت و لە ئەنجامدا محەمەد مورسی دەستگیرکرا و ئەوەش نارەزایی زۆری پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری تورکیای لێکەوتەوە کە خۆشی لەسەر هێڵی ئیخوان موسلمین دامەزرێنراوە.
دەستگیرکردنی مورسی و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتەکەی و مردنی لە زینداندا، پەیوەندیەکانی سیسی و ئەردۆغانی زیاتر ئاڵۆز کرد کە ئەردۆغان وشەی ‘بکوژی’ لەدژی سیسی بەکارهێنا. بەوەش هەردوو وڵات باڵیۆزەکانیان کشاندەوە.
لە پرسی لیبیاشدا دوای ئەوەی موعەممەر قەزافی سەرۆکی ئەو وڵاتە لە ئەنجامی شەڕی ناوخۆدا دەستگیر و کوژرا، دوو بەرە لەو وڵاتە دروست بوون کە یەکێکیان بەرەوی خەلیفە حەفتەر و ئەوەی دیکەیان بەرەی حکومەتی هاوپەیمانی بوو. میسر و چەند وڵاتێکی دیکە پشتگیریان لە خەلیفە حەفتەر دەکرد، بەڵام چەند وڵاتێکی ئەوروپا و تورکیاش پشتگیریان لە حکومەتی هاوپەیمانی لیبیا دەکرد.
لەو کاتەدا میسر چەندین جار تورکیای بەوە تاوانبار کرد کە چەکدارە سورییەکان بە فڕۆکەی جەنگی دەگوازێتەوە بۆ لیبیا و لەدژی هێزەکانی حەفتەر بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆی لە شەڕدایە. بەو شێوەیەش شەڕی لیبیا بەشێکی دیکەبوو لە ناکۆکی نێوان قاهیرە و ئەنقەرە.
ململانێیەکی دیکە، تورکیا و میسر دوای ئەوە دروستبوو، کە تورکیا لە دەریای ناوەڕاستدا دەستی بە گەڕان بە دوای گازی سروشتیدا گەڕا. لە ساڵەکانی 2018 بەدواوە تورکیا ئەو هەنگاوینا، بەڵام روبەڕوی رەخنەی توندی وڵاتانی وەک ‘یونان، ئیتاڵیا، فەڕەنسا، قوبرسی یونانی و میسر بووەوە’. لەو پرسەدا، میسر لە بەرەی دژبەرانی تورکیا جێی گرت و ئەوەش ئەوەندەی دیکە قاهیرە و ئەنقەرە لە یەکدی زیاتر دوور کردەوە.
چاوپێکەوتنێکی سەرپێیی دوای 13 ساڵ
لە کۆتایی ساڵی رابردوودا، لە چوارچێوەی یاریەکانی جامی جیهانیدا کە لە قەتەر ئەنجامدران، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و عەبدوڵفەتاح سیسی سەرۆکی میسر یەکیان بینی و تەوقەیان کرد.
لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ تورکیا، لە فڕۆکە تایبەتەکەی سەرۆکایەتی کۆماردا، ئەردۆغان لەگەڵ ژمارەیەک رۆژنامەنووس کۆبووە و بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ” چاوم بە سیسی کەوت، هیوادارم وەزیرەکانمان دەست بە پرۆسەیەکی نوێ بکەن، دواتر لە ئاستی باڵادا، سەردانەکانمان دەستپێدەکات. لەبەرئەوەی من وەهای دەبینم کە پەیوەندی میسر و تورکیا، پرسێکی نێوان دوو سەرۆک نییە، پرسی پەیوەندی نێوان گەلان هەردوو وڵاتە و ئەگەر پەیوەندیەکان سەرلەنوێ دروست ببنەوە بۆچی خراپە؟