سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پیشوی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، هەدەپە لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ کلچدارئۆغلۆ، داوا دەکات بە رون و ئاشکرایی، بەرنامەکەى لەبارەی پرسی نادادپەروەری، تاوانبارکردن، گەندەڵی، جەمسەرگیری، یەکسانی، پرسی ژن و پرسی کورد رونبکاتەوە.
بڕیاربوو، ئەمڕۆ، 18ى ئازارى 2023، کەمال کڵچدارئۆغلۆ، لە ئەنقەرە سەردانى هەدەپە بکات، بەڵام بۆ کاتێکى نادیار دواخراوە.
دەمیرتاش، کە شەش ساڵە لە زیندانی شاری ئەدرنەی تورکیادایە، لەبارەی داواکاریەکانی هەدەپە، لە کەمال کلچدارئۆغلۆ، کاندیدی هاوپەیمانی گەل، کە بڕیارە سەردانی بکات، گوتارێکی لە ماڵپەڕی کەناڵی (تی 24) دا بڵاوکردەوە.
ئەو دەڵێت، پێویستە ئاشکرا بکرێت هاوپەیمانەکانی کلچدارئۆغلۆ یەکی چەند پەرلەمانتارایان دەوێت، لە کاتێکدا هەدەپە بەشێک نییە لە هاوپەیمانی گەل و نیازی نییە ببێتە ئەندامی هاوپەیمانێتیەکە.
دەڵێت، هەدەپە بێگومان بەشێک و دامەزرێنەری هاوپەیمانی رەنج و ئازادیە و بە هێزی خۆی دەچێتە نێو پەرلەمان. لەلایەکی دیکەوە هەدەپە، داوای هیچ وەزارەتێک و کورسیەکی پەرلەمان لە هیچ لایەنێک ناکات.
دەمیرتاش باسی ئەوەشى کردووە، هەدەپە پرسیار لە کلچدارئۆغلۆ دەکات کە هەڵوێستی لەبارەی بیر و بۆچونی ئازاد، رێکخستن و چالاکیەکان، یەکسانی ژن و پیاو، پرسی ژیینگە و کەلتور، سیاسەتی دیموکراتی و تاوەکو مافە بناغەییەکان چۆن دەبێت.
ئەوەشی خستەڕوو، هەدەپە باسی ئەو 11 ماددەیە دەکات کە پێشتر هەدەپە وەک هەڵوێستی فەرمی خۆی رایگەیاندبوو و گوتی، “وەک کە دیارە هەدەپە داواى هیچ شتێک بۆ خۆی ناکات، تایبەت بە بەڕێوەبەریی، ئەوەشى داواى دەکات بێ جیاوازى بۆ فەراهەمکردنی ئارامی، خۆشگوزەرانی و ئاشتییە بۆ دانیشتوانى تورکیا کە 85 ملیۆن کەسە”.
دەمیرتاش دەڵێت، هەدەپە خاوەنی هیچ ئەجندایەک و پلانێکی شاراوە نییە. “هەدەپە وەک ئاو و شوشە رونە”. هەدەپە لایەنگری یەکگرتوی تورکیایە، لایەنگری کۆمارێکی دیموکراتە، کار بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دەکات، سیاسەتی چارەسەری کێشەکان و دانوستانی دیموکراتی بە بناغە دەگرێت. هەر لایەنێک و کەسێک رێز لەم بنەمایانە بگرێت، لەگەڵیان دادەنیشێت و جوڵەیەکی پێکەوەیی دەکات.
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا دەمیرتاش دەڵێت، هەدەپە خاوەنی ساڵانێک ئەزمون تێکۆشانە، پارتێکی سیاسی بابەتیانەیە. بەهۆی ئەم ئەرکەوە، داواکاری نییە، بەڵکو بنیاتنەرە. “هەدەپە یەکێکە لە خاوەنەکانی کۆماری تورکیا، بەشێکە لە تورکیا”، بەم هۆیەوە، باڵادەستی و پلەبەندی قبوڵ ناکات. بە هەموو هێزێکییەوە، لەنێو بنیاتنانی کۆمارێکی دیموکراتدا جێی خۆی دەگرێتەوە.
ئەو دەڵێت، هەدەپە لە پەرلەمان و هەموو گۆڕەپانێکی کۆمەڵایەتیدا بۆ فراوانکردنی دیموکراسی، کۆتاییهێنان بە هەژاری و ئاشتی کۆمەڵایەتی کار دەکات. ئەگەر کلچدارئۆغلۆ و تیمەکەی رێز لەم بنەما و بەهایانە دەگرین، هەدەپە دەیەوێت بە دەمی خۆیەوە گوێی لێبێت.
لە کۆتایی گۆتارەکەیدا دەمیرتاش رایگەیاند، هەر نیازێک و بەرنامەیەک هەبێت بۆ مسۆگەرکردنی سیاسەتی دیموکراتی، جددیبوونێک ببینرێت، هەدەپە پشتگیری لێدەکات. بەم شێوەیە “درۆ بچوکەکانی میدیای ئاکەپە پوچەڵ دەبنەوە”.