لە سەردەمی عێراقی نوێدا، واتە لەدوای روخانی حزبی بەعس و پەسەندکردنى دەستوورەوە، پێنج هەڵبژاردن ئەنجامدراون، چواریان هەڵبژاردنی ئاسایی و یەکێکیان هەڵبژاردنی پێشوەختە بووە، عێراق لە پێکهێنانی حکومەتدا هیچکات پەلەی نەبووە.
یەکەم هەڵبژاردنى پاش پەسەندکردنى دەستوور، رۆژی 15ى کانوونى یەکەمى 2005 بەڕێوەچوو، دوای نزیکەی شەش مانگ حکومەت پێکهات و بازەکە لەسەر شانى نوری مالیکی نیشتەوە.
هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی عێراق لە رۆژی 7ى ئازارى 2010 ئەنجامدرا، لەم خولەدا پێکهێنانی حکومەت زیاتر دواکەوت، مالیکى هەرچەندە پلەى دووەمى لە هەڵبژاردندا بەدەستهێنا، بەڵام دوای نۆ مانگ لە بگرەوبەردەى سیاسى سەرەنجام نوری مالیکیى بۆ دووەمجار کابینەى حکومەتى پێکهێنایەوە.
خولی سێیەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، رۆژی 30ى نیسانى 2014 ئەنجامدرا، ئەم خولە کێشەى گەورەى ئەمنیی و هێرشەکانی داعشی بەسەرداهات، بەڵام بەهۆى فشارە نێودەوڵەتییەکانەوە، پاش چوار مانگ حکومەت بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی پێکهات، کە ئەمەیش کەمترین ماوەى پێکهێنانى حکومەت بوو لە پاش ساڵى 2003ەوە.
رۆژی 12ى ئايارى 2018 هەڵبژاردن بۆ خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدرا، پێکهێنانی حکومەت لەم خولەشدا هاوشێوەى خولى سێیەم تاڕادەیەک خێراتر بوو، دوای پێنج مانگ، کابینەی نوێ بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی پێکهێندرا.
بەڵام خۆپیشاندانەکانى تشرینى 2019 عادل عەبدولمەهدی ناچارکرد لە رۆژی 25ى تشرینى دووەمى 2019 دەستلەکاربکێشێتەوە.
12ى ئایارى 2020 واتە دوای نزیکەی شەش مانگ مستەفا کازمی، لەسەر کورسى سەرۆکوەزیران دانیشت.
کازمى بەر لە کۆتایی وادەی خولی چوارەمی پەرلەمان، رۆژی 10ى تشرینى یەکەمى 2021ی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریکرد.
هەڵبژاردنەکە لە رۆژی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەچوو، بەڵام دواى 365 رۆژ ئەوەی تاوەکو ئێستا نەکراوە پێکهێنانی حکومەتی نوێیە.
بەوەش ئەنجامی هەڵبژاردنە پێشوەختەکە ریکۆردێکى نوێى دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی لە عێراق تۆمارکرد، کە لە پاش ساڵى 2003ەوە بەوشێوەیە نەبووە.
بەڵام ریکۆردى زۆرترین ماوەى دواکەوتنى پێکهێنانى حکومەت لە جیهاندا بەناوى بەلجیکاوەیە کە 592 رۆژە، ئەوەیش پاش ئەوەى لە کۆتایی ساڵى 2018 حکومەتەکەى چارلز میشێل دەستیلەکارکێشایەوە، بەهۆیەوە وڵاتەکە تووشى قەیرانێکى سیاسیی بوو دواجار لە مانگى ئابى 2020 حکومەتى نوێ پێکهات.
چاودێرانى سیاسیی پێشبینى دەکەن عێراق لە ساڵانى داهاتوودا ریکۆردى نوێ لە دواکەوتنى پێکهێنانى حکومەتدا بشکێنێت، ئەگەربێتوو دەستوور بە تایبەت ماددەى 76 هەموار نەکرێتەوە و بە روون و رەوانى ئاماژە بەوەنەکرێت کە کێ لە هەڵبژاردندا براوەیە و کێ دۆڕاوە.