زووم، رێکخراوەکان:
رێکخراوى مافى مرۆڤى هەنگاو بڵاویکردەوە، بەرەبەیانى ئەمڕۆ هەینى لە زیندانى ورمێ سزاى لەسێدارەدان بەسەر “مەحیەدین ئیبراهیمی” بەندکراوی سیاسیی کورد جێبەجێکراوە.
وەکو رێکخراوەکە ئاماژەى پێکردووە، مەحیەدین ئیبراهیمی 43 ساڵ، خەڵکى شنۆیە و مانگى 11ـى ساڵى 2017 لەکاتى کۆڵبەریدا بە تەقەى هێزە ئەمنییەکانى ئێران بریندارکراوە و پاشان دەستگیرکراوە.
دەشڵێت، ئابى 2018 لەلایەن لقی دووی دادگای شۆرشى ئێرانەوە بە تۆمەتی هاوکاری و ئەندامێتى حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، سزاى لەسێدارەدان بەسەر مەحیەدین ئیبراهیمی سەپێنرابوو.
لەلایەکى دیکەوە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، جگە لە لەسێدارەدانی زیندانیی سیاسیی کورد مەحیەدین ئیبراهیمی، هەر بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی چوار زیندانى دیکە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ سزاى لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێکراوە.
راشیگەیاندووە، ئەو چوار کەسە بە تاوانى “مادە هۆشبەرەکان” سزاکەیان بەسەردا سەپێنرابوو، ئەوانیش بریتى بوون لە: ياسين رەشيدی، جەهانبەخش رادلوویی، سەلیم ئەیووبیان و فرووهەر عەباسنژاد.