زووم، ئاژانسەکان:
حکومەتى بەریتانیا بەکارهێنانى “تیکتۆک”ـى لەسەر مۆبایلى فەرمى وەزیرەکان و فەرمانبەرانى دەوڵەت قەدەغەکرد.
وڵاتانى ئەمریکا، ئەوروپا و هاوپەیمانەکانى رۆژئاوا ترسیان هەیە چین لە رێگەى تیکتۆکەوە زانیاریی لەسەر بەکارهێنەرەکانى کۆبکاتەوە، بەوهۆیەشەوە تائێستا چەندین وڵات بەکارهێنانى ئەپە چینییەکەیان لەنێو مۆبایل و ئامێرە فەرمییەکانى دەوڵەتدا قەدەغە کردووە.
لە سەرەتاى ئەم مانگەشدا لیژنەى کاروبارى دەرەوەى ئەنجومەنى نوێنەرانى ئەمریکا رەزامەندى لەسەر پرۆژە یاسایەک نیشاندابوو کە دەسەڵات دەداتە بایدن بڕیارى قەدەغەکردنى تیکتۆک بدات.
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتى دەرەوەى چین رایگەیاند، واشنتن تائێستا شکستیهێناوە کە بە بەڵگە بیسەلمێنێت تیکتۆک ئاسایشى نیشتمانى ئەمریکاى خستووەتە مەترسییەوە.
وەزارەتى دەرەوەى چین دەشڵێت، پێویستە ئەمریکا ژینگەیەکى لەبار و یەکسان بۆ کارى سەرجەم کۆمپانیا جیهانییەکان لەنێوخۆى وڵاتەکەیدا دابین بکات.
هەڵمەتى وڵاتانى رۆژئاوا دژى تیکتۆک تازە نییە و دوو هەفتە لەمەوبەریش هەریەکە کەنەدا و یەکێتى ئەوروپا بە پاساوى کێشەی سێکیوریتی بڕیاریاندا بە سڕینەوەى ئەپى تیک تۆک لەسەر تەواوى مۆبایل و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانى حکومەت.
تیک تۆک، پلاتفۆرمێکی ڤیدیۆیی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانە و لەلایەن کۆمپانیای “بایت دانس”ـی چینییەوە خاوەندارێتی دەکرێت، ئێستا بووەتە یەکێک لە جەماوەرییترین ئەپەکانى سۆشیالمیدیا لە جیهاندا.
لە ماوەی رابردوودا تیک تۆک بەوە تۆمەتبارکراوە کە داتاى بەکارهێنەرەکانی بۆ حکومەتی چین دەگوازێتەوە. سەرەڕای ئەوەش باس لەوە کراوە کە هەرکاتێک بەرنامەکە لە ئامێر ئەلیکترۆنییەکانی حکومەتدا دادەبەزێنرێت، کۆمەڵێك زانیاریی بۆ ئەو ئامێرانە داونلۆد دەبێت.
بەڵام کۆمپانیا چینییەکە رەتیدەکاتەوە کە هیچ کارێکی جیاواز لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی دیکە بکەن و داتاى بەکارهێنەرەکانیان بۆ لایەنی دیکە بگوازنەوە.
پێشتریش گوتەبێژێکی تیک تۆک بە کەناڵی بی بی سی گوتبوو، بڕیاری قەدەغەکردنى ئەپەکەیان لەلایەن ئەو وڵاتانەوە، “زیاتر لە شانۆیەکی سیاسی” دەچێت.