زووم:
بەشدار حەسەن پارێزەری خۆبەخشی زیندانیکراوانی بادینان بە زوومی گووت، هەریوان عیسا، شڤان بەرۆشکی و ئەیاز کەرەم “سیان لە زیندانیکراوانی بادینان” ئازادکراون.
بەگوتەی پارێزەری خۆبەخشی زیندانیکراوانی بادینان، بڕیار بوو ئەمڕۆ گوهدار زێباریش لەگەڵ سێ زیندانیکراوەکەی دیکەدا ئازاد بکرێت، بەڵام لە دادگا دۆسیەیەکی هاتوچۆی بۆ زیندوو کراوەتەوە، بەو هۆیەوە حەوت مانگی دیکە زیندانیکردنەکەی بۆ درێژکراوەتەوە.
زیندانیکراوەکانی بادینان لە مانگی 10ی ساڵی 2020 دەستگیرکران، دادگا بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاندن، بەڵام دواتر لە شوباتی ساڵی رابردوو سەرۆکی هەرێم بە مەرسومی سەرۆکایەتی بە رێژەی 50% و 60% سزاکانی بۆ کەمکردنەوە.
ئەمڕۆش پاش تەواوبوونی ماوەی زیندانییەکەیان سیان لە دەستگیرکراوەکان “هەریوان عیسا، شڤان بەرۆشکی و ئەیاز کەرەم” ئازادکران، بەڵام کوهدار زێباری بەهۆی دۆسیەیەکی دیکەوە سزای حەوت مانگی دیکەی بۆ درێژکرایەوە.
هەرچی لەبارەی شێروان شێروانییە، کە سزاکەی 50% بۆ کەمکرابوەوە، بڕیارە لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی داهاتوودا ئازادبکرێت.