فراکسیۆنەکانی پارتی داد و گەشەپیێدان (ئاکەپە) و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) لە پەرلەمانی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکى ئاکەپە و سەرۆککۆماری ئێستایان کاندیدکرد، بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆککۆمارى وڵاتەکە، کە دوو مانگى دیکە هەڵبژاردنەکان بەڕێوەدەچن.
ئەمڕۆ، 16ى ئازارى 2023 فراکسیۆنی ئاکەپە، لەبارەی هەڵبژاردنەکانی 14ی ئایارەوە، بە سەرۆکایەتی عیسمەت یڵدز، سەرۆکی فراکسیۆنەکە کۆبووە، پەرلەمانتارانی ئاکەپە کۆکبوون ئەردغان کاندید بکرێتەوە و دواتر بە فەرمی یەکلاییکرایەوە.
لەلایەکی دیکەوە، فراکسیۆنی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستیش (مەهەپە)، بڕیاریدا کە کاندیدەکەیان ئەردۆغان بێت.
لەلایەکی دیکەوە لە ئێستادا، هاوپەیمانی رەنج و ئازادی (هەدەپە و شەش لایەنی چەپ) لە ئەنقەرە کۆدەبنەوە، کە تایبەتە بە دیاریکردنی کاندیدی هاوبەشی هاوپەیمانێتیەکە، یان پشتگیریکردن لە کەمال کلچدارئۆغلۆ، کاندیدی هاوپەیمانی گەل وەک رکابەرى سەرەکى ئەردۆغان.
کۆبوونەوەکە لەکاتێکدایە بڕیارە شەممەی داهاتوو، کەمال کلچدارئۆغلۆ، سەردانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە ئەنقەرە بکات، کە ئامانج لێی پشتیوانیکردنێتى.
رۆژى 14ى ئایارى ئەمساڵ، هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى و پەرلەمانى تورکیا بەڕێوەدەچێت. کڵچدارئۆغۆ و ئەردۆغان رکابەرى سەرەکى هەڵبژاردنەکەن، تاوەکو ئێستاش ئەنجامى راپرسییەکان لە بەرژەوەندى کڵچدارئۆغۆیە، کە ببێتە سەرۆکى داهاتووى تورکیا.