زووم:
سەرۆکایەتییەکانی هەرێم و بەشێک لە حزبەکانی کوردستان لە راگەیەنراوەکانی ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا داوا لە حکومەتی عێراق دەکەن قەرەبووی زیانلێکەوتووانی کارەساتەکە بکاتەوە.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەنراوێکدا، دەڵێت ههڵهبجه و ههڵهبجهيييهكان له ههموو روویەکەوە پێويستيان به خزمهتى زياتره، دهبێ درێخييان بۆ نهكرێت و وەکو دادگا و ياسا بڕيارى داوه “قەرەبووبكرێنهوه”.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، داوا لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق و فراکسیۆنە جیاوازەکان دەکات یاسای تایبەت بە جینۆسایدناساندنی گەلی کوردستان دەربکەن.
هاوکات مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێم، دەڵێت “پێویستە حکومەتی عێراق لە ئاست بەرپرسیاریێتی ئەخلاقی خۆیدا بێت و قەرەبووی کەسوکار و بنەماڵەی شەهیدانی هەڵەبجە و ئەنفالکراوان و هەموو زیانلێکەوتووان و قوربانیانی دەستی رژێمی بەعس بکاتەوە”.
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هیوادارە لە نزیکترین دەرفەتدا پەرلەمانی عێراق بە یاسایەکی فیدراڵی هەڵەبجە وەکو نۆزدەیەمین پارێزگا هەژماربکات “بەڵکو ئەم هەنگاوە وەکو بەرپرسیارێتییەكی مەعنەوی و ئیداری دەرفەتی زیاتر بۆ خزمەت و ئاوەدانی و قەرەبووكردنەوە بكاتەوە”.
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە راگەیەنراوێکدا، ئاماژەی بەوەداوە کە پێویستە دەوڵەتی عێراق قەرەبووی ئەو زوڵم و تاوانانە بکاتەوە کە دەرهەق بە هەڵەبجە و رۆڵەکانی کوردستان ئەنجامدراوە.
هەڵەبجە لە 16ی ئازاری 1988دا لەلایەن حکومەتی بەعسەوە بە چەکی کیمیایی هێرشی کرایە سەر، زیاتر لە پێنج هەزار قوربانی لێکەوتەوە، تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق بە فەرمی قەرەبووی زیانلێکەوتووانی نەکردووەتەوە.
دارا سێکانیانی ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، بە زوومی گوت، لە خولەکانی پێشووتری پەرلەمانی عێراقدا بڕیاری قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوانی “رژێمی پێشووی” عێراق دەرکراوە، بەڵام هێشتا جێبەجێنەکراوە.
پەرلەمانتارە کوردەکەی عێراق، دەڵێت، تاوەکو ئێستا پرۆژە یاسایەکی تایبەت بە قەرەبووکردنەوەی هەڵەبجە نییە تاوەکو حکومەتی عێراق ناچاربکات “بەڵکو ئەوەی هەیە پرۆژە یاسایەکە کە بەگشتگیری نووسراوە و باسی کارەساتی هەڵەبجە و ئەنفال و چەند رووداوێکی دیکە دەکات، کە پێویستە حکومەتی عێراق قەرەبوویان بکاتەوە”.