زووم:
بومەلەرزەیەکی نوێ لە لیرەی لوبنانی دا و بەهاکەی دابەزی بۆ ئاستێکی مێژوویی، ئێستا بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕەکانی لوبنان بەرامبەر 10 ملیۆن لیرەی لوبنانی مامەڵەی پێوەدەکرێت.
لوبنان لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019ـەوە دەناڵێنێت بەهۆی لەدەستدانی بەهای دراوەکەی و ئەزموونێکی تاڵ دەبینێت. ساڵانێکی زۆر 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر 152 هەزار لیرەی لوبنانی جێگیر بوو.
لە پایزی 2019 بەهای لیرە بەرامبەر دۆلار دابەزی بۆ 200 هەزار لیرە بەرامبەر 100 دۆلار، لە سەرەتای 2021 دابەزی بۆ ئاستی 850 هەزار لیرە بەرامبەر 100 دۆلار، لە سەرەتای 2022 دابەزی بۆ 3 ملیۆن لیرە بەرامبەر 100 دۆلار، لە سەرەتای ئەمساڵ دابەزی بۆ 6 ملیۆن لیرە بەرامبەر بە 100 دۆلاری ئەمریکی.
کێشەکە چیە؟
جان ریاچی، سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕی بانکی وەبەرهێنان و دارایی لوبنان بە سکای نیوزی راگەیاندووە، هۆکاری داڕمانی بەهای لیرەی لوبنانی بەهۆی سیاسەتی چاپکردنی دراوە، کە بانکی لوبنان پەیڕەوی دەکات بۆ پشتیوانی دارایی حکومەت و دانەوەی قەرزی بەڵێندەرانی بانکەکان.
ریاچی دەڵێت یەکێکی دیکە لە کێشەکان ئەوەیە بانکەکان بڕێکی زۆر پارە قەرزاری بەڵێندەران و هاوڵاتیانن، کە دەگاتە 95 ملیار دۆلار.
بانکی ناوەندی لوبنان بۆ دانەوەی قەرز، پارەی زیاتر چاپ دەکات
پێویستە 90%ی ئەم پارەیە لە بانکەکان بوونی هەبێت، بەڵام بانکەکان ئەم بڕە پارەیەیان لەبەردەست نییە، بۆیە بانکی ناوەندی لوبنان پەنای بردووەتە بەر چاپکردنی لیرەی لوبنانی کە ئەمەش هەڵئاوسان و گرفتەکەی دروستکردووە و دراوە لوبنانیەکە بەهاکەی لەدەستداوە.
سەکۆی ئاڵوگۆڕ یەکێکە لە کێشەکان
بانکی ناوەندی لوبنانی بە چەند رۆژێک پێش کۆتایی هاتنی ساڵی 2022 بڕیارێکی دەرکرد بە کردنەوەی “سەکۆی ئاڵوگۆڕ” کە لە رێگەیەوە هەموو هاوڵاتی و کۆمپانیایەک دەتوانێت دۆلار بەبێ سنور بکڕێت بە نرخی 3 ملیۆن و 800 هەزار بەرامبەر بە 100 دۆلار، بەڵام بەو پێیەی نەیتوانی خواستی بازاڕ پڕ بکاتەوە دوای چەند رۆژێک لە بڕیارەکەی پەشیمان بۆوە و دۆلاری بە بڕی دیاریکراو و بە مەرج دەفڕۆشت.
جان ریاچی، سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕی بانکی وەبەرهێنان و دارایی دەڵێت، ئەم سەکۆیە سەکۆیەکی راستەقینە نییە و خەیاڵییە، نەک چارەسەر نەبوو بۆ گرفتی بەهای دراو، بەڵکو رێگەی بە ژمارەیەک کەس دا دۆلاریان دەستبکەوێت و لە بازاڕی رەش بەکاری بهێنن بۆ زیاتر دابەزینی بەهای لیرە.
دابەزینی ئازاد
موەفەق ئەلیافی پسپۆری ئابوری دەڵێت، لیرەی لوبنانی چووەتە قۆناغێک کە پێی دەگوترێت “دابەزینی ئازاد” واتە بەهاکای بەرامبەر دۆلار بێ هیچ بەربەستێک و سنورێک لەدەستدەدات.
پسپۆڕە ئابوریەکە دەڵێت، رەنگە بەهای لیرەی لوبنانی لەمساڵدا زیاتر دابەزێت بۆ ئاستی 70 ملیۆن تا 100 ملیۆن بەرامبەر بە 100 دۆلار.
پسۆڕێکی ئابوری
بەهای لیرەی لوبنانی بۆ 100 ملیۆن دادەبەزێت بەرامبەر 100 دۆلاری ئەمریکی
چارەسەری کێشەکە
ریاچی پێی وایە چارەسەری کێشەکە بڕیاردانە لە پرۆژەیاسایەکی نوێی بودجە کە پشت نەبەستێت بە چاپکردنی زیاتری دراو، هەروەها بانکەکان دەبێت بەشێوازێک پارەی بەڵێندەرەکان و هاوڵاتیان بدەنەوە، کە بەرپرسیارییەتی حکومەتە مافی بەڵێندەران بگەڕێنێتەوە بێ ئەوەی فشار لە لیرە بکات.
بانکەکان مانیانگرت
هاوکات لەگەڵ دابەزینی بەردەوامی بەهای لیرەی لوبنانی، بانکەکانی وڵاتەکە مانگرتنی سەرتاسەریان راگەیاند، بەو پێیەی دەڵێن دادگا ژمارەیەک بڕیاری لە بەرژەوەندی بەڵێندەرەکان و دژی بانکەکان دەرکردووە.