زووم:
پرۆسەی دادگایی داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بەردەوامە، ئەگەر بێتوو دادگای دەستووریی بڕیار لەسەر داخستنەکەی بدات، ئەوا پارتە کوردییەکە پلان “بی” ئامادەکردووە و بە رادەیەکی زۆر دڵنیابووەتەوە لەوەی کە چۆن بەشداریی هەڵبژاردنەکانی 14ی ئایاری تورکیا دەکات.
پلانەکەی هەدەپە بریتییە لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا لە رێگەی پارتێکی دیکەوە، کە پارتی چەپی سەوزە و لە ساڵی 2010ەوە دامەزراوە، ئەم پارتە هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ هەدەپە هەبووە و لە هەڵبژاردنەکانیشدا دەستبەرداری یەکدی نەبوون.
ئیبراهیم ئاکن، هاوسەرۆکی پارتی چەپی سەوز بە بی بی سی تورکی راگەیاندووە، “ناتوانرێت چاوەڕوانی بڕیاری دادگا بکرێت، چونکە رەنگە بڕیارەکە نەرێنی بێت، بۆیە پێویستە رێوشوێن بگیرێتەبەر”. مەبەستی لەوەیە هەدەپە پلانی خۆی ئامادە بکات بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکانی لەدەست دەرنەچێت.
ئاکن نەیشاردووەتەوە کە ئەگەرێکی زۆر لە ئارادایە کاندیدەکانی هەدەپە لە رێگەی پارتی چەپی سەوزەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن.
ئەمە لەکاتێکدا سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی “زیندانیکراوی” هەدەپە لە تویتێکدا، بانگەشەی بۆ پارتی چەپی سەوز کردووە و لۆگۆکەی بڵاوکردوونەتەوە. ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بۆ پلانی داهاتووی هەدەپە لە ئەگەری داخستنیدا.
هەدەپە و پارتی چەپی سەوز لە یەک قۆناغدا دامەزراون، زیاتر لە ١٠ ساڵە لە پەیوەندیی و هاوکاریی بەردەوامدان.
ئاکین ئاماژە بە گوشارەکانی سەر هەدەپە دەکات و دەڵێت “بەردەوام هەوڵ دەدرێت هەدەپە لە گۆڕەپانی سیاسیدا بێ بڕیار بێت، بۆیە هەموو کاتێک مەترسی داخستنی پارتەکە هەیە”.
گوتەبێژی پارتی چەپی سەوز دەڵێت، “وا دەردەکەوێت هەدەپە لە رێگەی پارتی چەپی سەوزەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکات”. پارتی چەپی سەوز بەشێکە لە هاوپەیمانی رەنج و ئازادی، کە لەهەمانکدا هەدەپەشی تێدایە.
بەرلەوەی هەدەپە بە فەرمی بڕیارەکەی ئاشکرابکات و دەست بە پلانی بی بکات، سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتەکە “کە شەش ساڵە لە زینداندایە” لە توێتێکدا داوایکرد هەموو لایەک پشتگیری لە پارتی چەپی سەوز بکەن.
دەمیرتاش، کە لەگەڵ نووسینەکەیدا لۆگۆی پارتەکەشی بڵاوکردووەتەوە، نووسیویەتی، “لۆگۆی ئەم پارتە چاپ بکەن و بە دەرگا و ماڵەکانتاندا هەڵی بواسن.. پێویستە هەموو کەس بزانن ئەم لۆگۆیە چییە”.
Merhaba arkadaşlar, nasılsınız?
Bu görselin renkli çıktısını alıp evde buzdolabı kapısına, oda kapılarına yapıştırın lütfen. Ne olduğunu bilmeyen kalmasın, lazım olacak 🙂
Haydi arkadaşlar, elden ele… @YesillerSol pic.twitter.com/NodsoPINnq
— Selahattin Demirtaş (@hdpdemirtas) March 14, 2023
پارتی چەپی سەوز، لە 29ی تەمموزی 2010 دامەزراوە. دروشمی پارتەکە کۆتاییهێنانە بە دەستبەسەرداگرتنی رەنجی مرۆڤ و تێکدانی سروشت، لە چوارچێوەی ” دیموکراسی، سیکۆلاریزم و پاراستنی سروشتدا” کار دەکات. هاوپەیمانی پارتی سەوزی ئەوروپایە. لە 25ی تشرینی دووەمی 2012دا یەکەم کۆنگرەی خۆی لە ئەنقەرە ئەنجامدا. پارتەکە هاوشێوەی هەدەپە بە سیستمی هاوسەرۆکایەتی بەڕێوەدەچێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هاوسەرۆکێکی نەبووە و لەلایەن هاوگوتەبێژانەوە بەڕێوەدەچێت. لە ئێستادا چیدەم کلچگون ئوچار و ئیبراهیم کاڵن بەڕێوەدەبرێت، کە هاوگوتەبێژانی پارتەکەن.
پرۆسەی دادگایی داخستنی هەدەپە بەردەوامە، کە بەکر شاهین داواکاری گشتیی تورکیا سکاڵاکەی لەدژی تۆمار کردبوو.
بڕیارە دانیشتنی دادگاکە 11ی نیسانی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت. رۆژێک بەر لە دانیشتنەکە، واتە 10ی نیسان دوا وادەی وەرگرتنی ناوی کاندیدی لایەنە سیاسیەکانی تورکیایە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا.
دواخستنی دادگاییکردنەکە بۆ 11ی نیسان لەبەرژەوەندیی هەدەپە نەبوو، چونکە کەوتوونەتە دۆخێکی ئاڵۆزەوە، ئەگەر 10ی مانگ ناوی کاندیدەکانیان پێشکەشبکەن و لە 11ی مانگدا بڕیاری داخستنیان بدرێت، ئەوا مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکاندا لەدەستدەدەن، بۆیە بەرپرسانی پارتەکە بەباشی دەزانن کە پێویستە بە باشی مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە (15ی ئازاری 2023) کۆمسیۆنی یاسا و مافەکانی مرۆڤی هەدەپە، سەردانی دادگای دەستووریی تورکیا کرد و داوای کرد دانیشتنی دادگاکە لەبارەی داخستن یاخود دانەخستنی پارتەکە بۆ دوای هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار دوابخرێت.
هاوکات لەگەڵ دواخستنی دادگاییەکەدا، دادگای دەستووریی تورکیا، بڕیاری راگرتنی بودجەی هەدەپەی هەڵوەشاندەوە. بەڵام هێشتا ئەگەری داخستنی لە ئارادایە.
هەدەپە بەوە تۆمەتبار کراوە کە هەوڵی دابەشکردنی تورکیا دەدات و دەستی لەگەڵ پارتی کرێکارانی تورکیا (پەکەکە) تێکەڵ کردووە و “باڵی سیاسی ئەو پارتەیە”. سەرباری داخستن، باس لەوەدەکرێت کە پێویستە قەدەغەی سیاسی بەسەر 451 بەڕێوەبەر و سیاسەتمەداری پارتەکەدا بسەپێندرێت.
پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018دا 11.7٪ی دەنگەکانی بەدەست هێنابوو و لە کۆی 600 کورسی پەرلەمان، خاوەنی 67 کورسی بوو.
لەم خولەی پەرلەماندا مافی پەرلەمانی لە سێ پەرلەمانتاری هەدەپە وەرگیراوەتەوە و ژمارەیەک پەرلەمانتاریش لە فراکسیۆنەکە جیابوونەتەوە. لە ئیستادا خاوەنی 57 کورسیە و ئەگەری ئەوە هەیە دابخرێت و هاوشێوەی شەش پارتی دیکەی کوردی لە باکوری کوردستان، ناوی بچێتە مێژووەوە.