زووم:
ئەو رۆژنامەنووسەی ساڵی 2008 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا پێڵاوەکانی گرتە جۆرج بوش، هێشتا توڕەیی بە لێدوانەکانیەوە دیارە. ئەو جارێکی دیکە رەخنە لە سیاسەتی ئەمریکی و دەسەڵاتدارانی عێراقیش دەگرێت.
لێدوانی مونتەزەر زەیدی بۆ ئاژانسی رۆیتەرز
مونتەزەر زەیدی، بە “توندی” دژی دەسەڵاتدارانی ئێستای بەغداد قسە دەکات و دەڵێت، “ئەو کەسانەی 20 ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ هێزی داگیرکەردا هاتنە سەر دەسەڵات، سەرباری شکست و گەندەڵییەکانیان بەڵام تاوەکو ئێستاش حوکمدەکەن”.
رۆژنامەنووسە عێراقییەکە بە ئاژانسی رۆیتەرزی گوتووە، ئەمریکا زۆر باش دەزانێت کە سیاسەتمەداری “ساختە”ی بۆ عێراق هێناوە.
بوش لە کۆنگرەکەی 2008، کە لە تەنیشت سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق نوری مالکی وەستابوو، توانی خۆی لە پێڵاوەکانی زەیدی لابدات، کە ئاراستەی کرابوون.
زەیدی پێش ئەوەی پیاوانی ئاسایش لە هۆڵی کۆنگرەکە بیبەنە دەرەوە، هاواری دەکرد “ئەمە ماچی ماڵئاواییە لە گەلی عێراق…ئەی سەگ”.
بوش روداوی پێڵاو تێگرتنەکەی وەک شتێکی گرنگ باس نەکرد، گوتی “بابەتەکە وەک رۆیشتنە بۆ کۆبوونەوەیەکی سیاسی کە هەندێک کەس بۆ سەرنجڕاکێشان هاوار بکەن بەرەو رووت”.
زەیدی دوای شەش مانگ لە زیندانیکردنی، ئەو کات عێراقی بەجێهێشت بەرەو لوبنان، دواتر لە ساڵی 2018 بۆ کێبڕکێی کورسی پەرلەمانی عێراق گەڕایەوە، بەڵام هەوڵەکەی بێ ئەنجام بوو “دەنگی پێویستی نەهێنا”.
زەیدی دەڵێت زۆر تاڵە کە دەبینیت خەڵك 24 کاتژمێر ئازار دەچێژێت، بەردەوام دەبم دژی گەندەڵی، لە رووداوی پێڵاوتێگرتنەکە و پەشیمان نیم.
رۆژنامەنووسەکە دەڵێت ئەو دیمەنە بەڵگە بوو لەسەر ئەوەی کە هەر کەسێکی ئاسایی دەتوانێت رۆژێک لە رۆژان بەو کەسە لوتبەرزە بڵێ “نا” بە هەموو هێز و ستەمکاری و پارە و چەک و دەسەڵاتەکانیەوە.