زووم
20 ساڵ دەسەڵات، 20 ساڵ ئاشتى و جەنگ، بوژانەوە و “پوکانەوە”، نزیکبوونەوە هەستانەوە و نزیکبوونەوە لەکەوتن.. ئەمانە بەشێکن لە چیرۆکى حکومڕانى رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەو پیاوە تەمەن 70 ساڵەی کە ئێستا کەوتووەتە بەردەم هەڵبژاردنێکی یەکلاکەرەوە، کە رەنگە کۆتایی بە ژیانی سیاسیی بهێنێت.
رۆژى 14ى ئازار، 20 ساڵ بەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران لەلایەن ئەردۆغانەوە تێپەڕدەبێت. تاوەکو ئێستاش هەر خۆی حاکمی یەکەمی وڵاتەکەیە.
ئەردۆغان و پارتى داد و گەشەپێدان وەکو دوانەیەکی دانەبڕاو لە هەڵبژاردنەکانی 2002دا بەسەر جەهەپەى رکاربەریاندا سەرکەوتن، نزیکەی 190 کورسی پێشکەوتن و دەسەڵاتیان گرتەدەست، پاش ساڵێکیش لە هەڵبژاردنەکان و ئەوکاتەی ئەردۆغان بووە سەرۆکوەزیران ئیدی سەردەمە زێڕینی ئەو سەرۆکە دەستیپێکرد.
ئێستا لای زۆر کەس ئەمە چیرۆکی سەرکەوتنە، ئاکەپە لەم 20 ساڵەدا پێنج هەڵبژاردنی بردووەتەوە. بانگەشەی سەرەکییان بریتییە لە باشکردنی بژێویی هاوڵاتیان، گەشەسەندنى ئابوری و کەرتی پیشەسازی، کشتوکاڵ، بازرگانی، پەروەردە و نزیکبوونەوە لە یەکێتی ئەوروپا.
رەنگە ئەم دۆخە تێکبچێت، چونکە هەڵبژاردنێک لەپێشە، 14ى ئایار واتە دوو مانگى دیکە هەڵبژاردن لە تورکیا بەڕێوەدەچێت، ئەنجامی راپرسییەکان بەدڵی ئەردۆغان نین، بەپێچەوانەوە چانسەکە زیاتر رووی لە کڵچدارئۆغلۆی رکابەریەتی.
شکستى پرۆسەى ئاشتى
دەستپێکردنى پرۆسەى ئاشتى لە نێوان حکومەتی تورکیا و پارتى کرێکارانى کوردستاندا، یەکێک بوو لەو پرۆسانەی ئەردۆغان وەکو سەرکەوتن تەماشای دەکرد.
تاوەکو ساڵی 2015 چەندین دانوستانی نهێنی و ئاشکرا لەنێوان حکومەت و ئۆجالان و پەکەکە ئەنجامدران و بۆ ماوەیەک ئارامى باڵى بەسەر شەڕدا کێشابوو.
پەیوەندییەکانی نێوان حکومەت و پەکەکە گەیشتبووە ئاستێک کە سەرەتای نەوەدەکانی بیردەخستینەوە، ئەوکاتەی تورگوت ئۆزاڵی سەرۆکی تورکیا داواى گەڕانەوەى ئارامیی و چارەسەرى کێشەى کوردى دەکرد.
ئەم پرۆسەی ئاشتییە پێگەى ئەردۆغانى لەنێو دانیشتووانی باکووری کوردستاندا بەهێزکرد، تەنانەت لە باشورى کوردستان و بەشەکانى دیکەیش لایەنگری بۆ پەیدابوو.
هەر لەو ماوەیەدا ئابووریی تورکیا گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی، سەرجەم قەرزەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتییان دایەوە، لە رووی بازرگانی و گەشتوگوزارەوە پێشکەوتن.
ئەم دۆخە تاوەکو ساڵى 2015 بەردەوام بوو، بەڵام کوژرانى لەناکاوی دوو کارمەندى پۆلیس لە شاری روحای باکوری کوردستان هەموو شتێکى گەیاندەوە خاڵى سفر.
پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری کێشەی کورد کۆتاییپێهات و حکومەت و پەکەکە کەوتنە تۆمەتبارکردنی یەکتر، دۆخەکە سەری کێشا بۆ شەڕ، ئەم جارە گەڕەک و کۆلانەکانى باکورى کوردستان بوون بە سەنگەرى هەردوولا.
ئۆپراسیۆنى دەرەوەى سنوور
دەرکەوتنی داعش و پێکهێنانی هێزی کوردی لە رۆژئاڤاى کوردستان، هەڵوێستی حکومەتى تورکیای گۆڕی، لە یەککاتدا لە باکوور و باشووری کوردستانیش شەڕى پەکەکەى دەکرد، ئۆپراسیۆنەکانی دەرەوەی سنووری زیادکرد، دەستوەردانى لە سوریا دەکرد کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە لەسەری.
ئەردۆغان زیاتر پەلی هاویشت، خۆی خستە نێو شەڕی وڵاتانی دیکە لە نموونەی لیبیا، جەزائیر، یەمەن و قەرەباغ، هەموو ئەمانە کاریگەرییان لەسەر پێگەى ئەردۆغان هەبوو. ئەگەرچى زۆرێک لەلایەنگرانی وەکو خاڵی بەهێز تەماشایان دەکرد.
هەوڵى کودەتاى 15ى تەمموز
شەوى 15ى تەمموزی 2016 هەوڵێکی کودەتا تورکیای هەژاند، ئەردۆغان لەوەدا لێزان بوو کە دواى چەند کاتژمێرێک هاتە سەر شاشەى تەلەڤزیۆن و داواى لە لایەنگرانى کرد روبەڕوی کودەتاکە ببنەوە.
ئەگەرچی کودەتاکە شکستیهێنا، بەڵام کاریگەریەکی زۆری لەسەر تورکیا جێهێشت و فەتحوڵا گولەن تۆمەتبارکرا و هەزاران کەسیش دەستگیرکران. ئەمەش زیادبوونی نەیارەکانی ئەردۆغانی لێکەوتەوە.
داڕمانی ئابورى
ئاکەپە لەسەرەتاى حکومڕانییەکەیدا ئابووریی تورکیای بوژاندەوە، بەڵام دەستپێکردنی شەڕ و ململانێکان، ئەو شانازییەى لێوەرگرتەوە. بەگوێرەی ئامارە فەرمیەکان رێژەی هەڵاوسانى ئێستا نزیکەی 71.83%ە، بەڵام ئامارە نافەرمییەکان دەڵێن، رێژەکە گەیشتووەتە 130٪. رێژەى هەژارى و بێکارى روو لە زیادبوونە، بەهاى لیرەى تورکى لە 20 ساڵى رابردوودا هێندەى ئێستا بەرامبەر بە دۆلار دانەبەزیوە، کە 100 دۆلارى ئەمریکى بەرامبەر بە نزیکەى 1900 لیرەیە.
بومەلەرزەکانى 6ى شوبات
بومەلەرزەکەى 1999ى ئەستەنبوڵ وەک یەکێک لە هۆکارەکانى هاتنەسەر دەسەڵاتى ئاکەپە دادەنرێت، وەکوچۆن بومەلەرزەکانى 6ى شوباتی ئەمساڵی باکورى کوردستانیش بە هۆکارێکى لاوازبوونى دادەنرێت.
ئەردۆغان لە یەکەم لێدوانیدا هەوڵیدا رووداوەکە وەکو قەزا و قەدەر بناسێنێت، بەڵام روخانى هەزاران باڵەخانە دەسەڵاتى روبەڕوى رەخنەیەکى توند کردەوە.
زۆربەی ئەو باڵەخانانەی روخان، ئەوانە بوون کە ئاکەپە لە رێگەی یاساوە چاوپۆشی لێکردبوون، بەشەکەی دیکەشیان لەسەردەمی دەسەڵاتى ئاکەپەدا دروستکرابوون. بۆیە ئەگەر زۆرە ئاکەپە بومەلەرزە بیڕوخێنێت وەکو چۆن بومەلەرزە هێنابووی.