20 ساڵ دەسەڵات، 20 ساڵ ئاشتى و جەنگ، دەستوەردان و بانگەشەى رێگرى لە دەستوەردان، بوژانەوە و “پوکانەوە”، نزیکبوونەوە لە کەوتن و پاشان هەستانەوە؛ چیرۆکى حکومڕانى رەجەب تەیب ئەردۆغان بەمشێوەیە، ئێستاش ئەم پیاوە 70 ساڵە لەسەر پەتى بەردەوامبوونى دەسەڵات یان کۆتاییهاتنى ژیانى سیاسییە.
رۆژى 14ى ئازارى 2003، واتە 20 ساڵ پێش ئێستا، ئەردۆغان بۆیەکەمجار گەیشت بە خەونى دەسەڵات و بوو بە سەرۆکوەزیرانى تورکیا.
پارتەکەى ئەردۆغان، واتە پارتى داد و گەشەپێدان لە هەڵبژاردنى 2002دا بەسەر جەهەپەى رکاربەریدا سەرکەوت و لە کۆى 550 کورسی 368 کورسی پەرلەمانى بەدەستهێنا. لەو کاتەوە سەردەمى زێڕینى دەسەڵاتى ئەردۆغان دەستیپێکرد، کە پێشتر سیاسەتیشی لێقەدەغەکرابوو.
چیرۆکى سەرکەوتنى ئاکەپە زۆرجار وەک نمونە دەگێڕدرێتەوە؛ ئەم پارتە لە دوو دەیەى رابردوودا پێنج هەڵبژاردنى بردووەتەوە.
لە سەرەتای دامەزراندنیدا و تاوەکو ئێستا ‘موحافزکاری دیموکراسیە’. باشکردنی بژیوی هاوڵاتیان، گەشەسەندنى ئابوری و کەرتی پیشەسازی، کشتوکاڵ، بازرگانی، پەروەردە و نزیکبوونەوە لە یەکێتی ئەوروپا، لە دروشم و بانگەشە سەرەکییەکانی پارتەکەیە.
ئەردۆغان ئێستا کۆنترۆڵى تەواوەتى سیاسەت و حکومڕانى تورکیای کردووە، بەڵام هەڵبژاردنێکى سەخت چاوەڕوانى دەکات.
14ى ئایار، واتە دوو مانگى دیکە هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت، تائێستاش راپرسییەکان هەواڵى دڵخۆشکەرى بۆ ئەردۆغان پێنییە و ئاماژە بەسەرکەوتنى کڵچدارئۆغلۆ رکابەرى دەکەن.
پێشکەوتنى تورکیا لە 20 ساڵدا
لەسەردەمى حکومڕانى ئاکەپە، تورکیا لە زۆر رووەوە پێشکەوتووە، لەوانە بازرگانی و هەناردەى کاڵا و شمەک، بە مۆدێرنکردنی کاروباری دەوڵەت، پەیوەندی دیپلۆماسی و خزمەتگوزاری، پیشەسازی مەدەنی و سەربازی. بەڵام هۆکارگەلێکیش هەن ئاماژە بە لاوازبوونى پێگەى ئەردۆغان و پارتەکەى دەدەن.
شکستى پرۆسەى ئاشتى
دەستپێکردنى پرۆسەى ئاشتى نێوان حکومەت و پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) یەکێک بوو لەو هۆکارانەی کە بە سەرکەوتن و بەهێزبوونی ئەردۆغان و پارتەکەی دادەنرا.
لەنێوان ساڵانى 2000 بۆ 2015، چەندین دانوستانی نهێنی و ئاشکرا لەنێوان حکومەت و ئۆجالان و پەکەکە ئەنجامدران و بۆ ماوەیەک ئارامى باڵى بەسەر شەڕدا کێشا.
پەکەکە سێ شاندی ئاشتی لە ئەوروپا و قەندیل و مەخمورەوە رەوانەی تورکیا کرد، وەک نیازپاکى کە دەیەوێت کێشەی سیاسی و سەربازی و مەدەنی چارەسەر بکات. لەو ماوەیەدا، کەمترین شەڕ و پێکدادان لەنێوان گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیادا رویاندا. کەشەکە بەشێوەیەک بوو، مەگەر لەسەردەمى سەرۆکایەتى تورگوت ئۆزاڵ لە سەرەتای نەوەدەکان بەوشێوەیە بووبێت، کە ئەویش ئەوکات داواى گەڕانەوەى ئارامیی و چارەسەرى کێشەى کوردى دەکرد.
کۆتاییهێنان بەسەردەمى شەڕ و کوشتن، گرتن و ئەشکەنجە و دەربەدەری پێگەى ئەردۆغانى لەنێو هاوڵاتیانى باکورى کوردستان بەهێزکرد، تەنانەت لە باشورى کوردستان و بەشەکانى دیکەیش لایەنگرى زۆربوو.
لەو ماوەیەدا ئابوری تورکیا گەیشتە ئاستێک کە لە مێژووی کۆماری تورکیادا بەوشێوەیە پێشنەکەوتبوو. تورکیا هەموو قەرزەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی دایەوە و ئاستی خزمەتگوزاری و بژێوی هاوڵاتیان و کەرتی پیشەسازی و بازرگانی و هەناردەى شتومەک گەیشتە لوتکە، کەرتى گەشتیاری زیاتر بوژایەوە.
ئە و کەشە و دانوستان بەردەوامبوو تاوەکو ساڵى 2015، بەڵام کوژرانى دوو کارمەندى پۆلیس لە شاری روحای باکوری کوردستان هەموو شتێکى گەیاندەوە خاڵى سفر.
پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری کێشەی کورد کۆتاییپێهات و حکومەت و پەکەکە کەوتنە یەکدى تۆمەتبارکردن، دواتر سەرى کێشایەوە بۆ شەڕ، شەڕێک ئەم جارە گەڕەک و کۆلانەکانى باکورى کوردستان بوون بە سەنگەرى هەردوولا و گەیشتە لوتکە.
ئۆپراسیۆنى دەرەوەى سنور
لەگەڵ دەرکەوتنی داعش و پێکهێنانی هێزی کوردی لە رۆژاڤاى کوردستان، حکومەتى تورکیا هەڵوێستی گۆڕا؛ لە یەککاتدا شەڕى پەکەکەى لە باکور و باشورى کوردستان دەکرد، ئۆپراسیۆنەکانی دەرەوەی سنور زیادی کرد، دەستوەردانى لە سوریا دەکرد و پشتگیری لە گروپە نزیکەکانى دەکرد، بە ئێستاشەوە بەردەوامە.
ئەردۆغان بەوەش نەوەستا و دەستوەردانی لە شەڕی چەندین وڵاتی دیکەی وەک، لیبیا، جەزائیر، یەمەن و قەرەباغدا کرد، ئەمانەش کاریگەرى لەسەر پێگەى دانا، ئەگەرچى زۆرێک لە لایەنگرەکانى وەک بەهێزى هەژموونى تورکیا لێی دەڕوانن.
هەوڵى کودەتاى 15ى تەموز
شەوى 15ى تەموزى 2016 روداوێک تورکیاى هەژاند، دواى چەند کاتژمێرێک ئەردۆغان هاتە سەر شاشەى تەلەڤزیۆن و داواى لە لایەنگرانى کرد روبەڕوى کودەتا ببنەوە.
کودەتاکە شکستیهێنا، بەڵام کاریگەریەکی زۆری لەسەر تورکیا جێهێشت و فەتحوڵا گویلەن تۆمەتبارکرا و هەزان کەسیش دەستگیرکران. ئەوەش نەیارى ئەردۆغانی زیاتر کرد.
داتەپینى ئابورى
روونە ئاکەپە لەسەرەتاى حکومڕانییەکەیدا ئابوری تورکیای بوژاندبووەوە، بەڵام دەستپێکردنی شەڕ و ململانێکان، ئەو شانازییەى لێوەرگرتەوە و جارێکی دیکە ئابوری وڵاتەکەى بەرەو دادەتەپاندن برد. بەگوێرەی ئامارە فەرمیەکان رێژەی هەڵاوسانى ئێستا نزیکەی 85٪ە، بەڵام ئامارە نافەرمییەکان دەڵێن، رێژەکە نزیکەی 130٪ە. رێژەى هەژارى و بێکارى روو لە زیادبوونە، بەهاى لیرەى تورکى لە 20 ساڵى رابردوودا هێندەى ئێستا بەرامبەر بە دۆلار دانەبەزیوە، کە 100 دۆلارى ئەمریکى بەرامبەر بە نزیکەى 1900 لیرەیە.
بومەلەرزەکانى 6ى شوبات
بومەلەرزەکەى 1999ى ئزمیر وەک یەکێک لە هۆکارەکانى هاتنەسەر دەسەڵاتى ئاکەپە دادەنرێت، بومەلەرزەکانى 6ى شوباتی باکورى کوردستانیش بە هۆکارێکى لاوازبوونى دادەنرێت.
بومەلەرزەکانى مانگى رابردوو بووەهۆى گیانلەدەستدانى نزیکەى 50 هەزار کەس، ملیۆنان کەس بێماڵ و حاڵبوون، هەرچەندە بومەلەرزە روداوێکى سروشتییە، ئەردۆغانیش لە یەکەم لێدوانیدا هەوڵیدا وەک قەزا و قەدەر بیناسێنێت، بەڵام روخانى هەزاران باڵەخانە دەسەڵاتى روبەڕوى رەخنەیەکى توندى بوونى گەندەڵى کردەوە، تاوەکو گەیشت بەوەى سەدان وەبەرهێن دەستگیربکرێن.
زۆربەی ئەو باڵەخانانەی روخان، ئەو پرۆژانە بوون کە لە سەردەمی دەسەڵاتى ئاکەپەدا دروستکراون.
ساڵى 2017 ئاکەپە لە پەرلەمان یاسای لێبوردنی نیشەجێبوونى بە زۆرینە تێپەڕاند، کە رێگەی بە باڵەخانە و خانووە بێمۆڵەتەکاندا لەسەر خانەوادەکانیان تاپۆ بکرێن، زۆرینەى ئەوانەش لە بومەلەرزەکەدا روخان، بۆیە وەک گورزێک بەر پێگەى ئەردۆغان کەوت.
هەروەها رەخنە لە حکومەتیش دەگیرێت کە لە دوو رۆژى دواى بومەلەرزەکە نەتوانراوە ئەوانەى لەژێر داروپەردودا بوون رزگاربکرێن.
ئۆپۆزسیۆن پرسى باجی بومەلەرزە و کارەساتە سروشیەکانى دژى ئەردۆغان وردژاند، کە بۆچى 20 ساڵە حکومەت باج وەردەگرێت و پارەکە لەلایەن ئاکەپەوە خەرجکراوە، چونکە لە خەزێنەی دەوڵەت، هاوکاریەکی ئەوتۆی لێقەوماوان نەکرا و چاوەڕیێ هاوکاری وڵاتان و رێکخراوەکانی ناوخۆی و جیهانی کرا.
ئەمانە وەک بەشێک لە هۆکارەکانى لاوازبوونى پێگەى ئەردۆغان و پارتەکەى دەبینرێن، بەڵام ئەوە رۆژى هەڵبژاردنە، کە ئەردۆغان دەڵێت، گەل وەڵامى رەخنەکان دەداتەوە و ئۆپۆزسیۆنیش بە سەرۆکایەتى کڵچدار ئۆغلۆ خۆى بۆ شوێنەکەى ئەردۆغان ئامادەکردووە.