زووم:
بزووتنەوەی ئیسلامی بڕیاریدا پێنج کورسییە بەتاڵەکەی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان پڕبکاتەوە، کە بەهۆی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەیان دابوو.
بزووتنەوەی ئیسلامی و یەکگرتوو پێکەوە و لەژێر ناوی هاوپەیمانیی بەرەو ئیسڵاح دا بەشداریی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018ی پەرلەمانی کوردستانیان کردبوو. هاوپەیمانییەکە پێنج کورسی پەرلەمانی بردەوە، کە سەرجەمیان بۆ یەکگرتوو بوون، هیچ کاندیدێکی بزووتنەوە نەچووە پەرلەمان.
ئێستا پاش دەستلەکارکێشانەوەی پێنج پەرلەمانتارەکەی یەکگرتوو بەهۆی “درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان” بزووتنەوەی ئیسلامی بڕیاریداوە پێنج کاندیدی خۆی بخاتە جێگەکانیان و سبەی لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا سوێندی یاسایی بخۆن.
حەسەن شێخانی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوە، ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا، گوتی، “یەکگرتوو کاتێک ناوی لیستەکەیان گۆڕی و کاتێکیش بڕیاریاندا ببنە ئۆپۆزسیۆن هیچ پرس و راوێژێکیان بە ئێمە نەکردبوو”.
لەبەرامبەردا خەلیل ئیبراهیم گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی بە زوومی گوت، “بزووتنەوەی ئیسلامی ئازادن لەوەی کورسییەکان پڕبکەنەوە و بچنە نێو پەرلەمانێکی ماوەبەسەرچووەوە”.
بڕیارە سبەی چوارشەممە لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستاندا حەوت پەرلەمانتاری تازە سوێندی یاسایی بخۆن، ئەمە پاش دەستلەکارکێشانەوەی حەوت پەرلەمانتار لە چەند فراکسیۆنێکی جیاواز، کە پێنجیان سەر بە یەکگرتووی ئیسلامین و وەکو کاردانەوەیەک بەرامبەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان دەستیان لەکارکێشاوەتەوە.