سەباح سوبحى، پەرلەمانتاری پارتى دیموکراتى کوردستان دەڵێت، ئەگەر لە حکومەتى نوێی عێراق، سێ وەزارەت بەر کورد بکەوێت، پارتى ئامادەنییە هیچ وەزارەتێک یەکێتى نیشتمانى کوردستان بدات.
ئەو، قسەى بۆ زووم کرد و گوتى، هەموو پۆستە وەزارییەکانى عێراق پشکى پارتی دیموکراتى کوردستانە، لەبەرئەوەى یەکێتى نیشتمانى کوردستان پۆستى سەرۆککۆمارى وەرگرتووە.
یەکێتى هێشتا ناوى کاندیدى پێشکەش نەکردووە، بەڵام لە میدیاکانەوە باس لە وەرگرتنى دوو وەزارەت دەکات.
دواى تێپەڕبوونى ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنى پێشوەختەى عێراق، رۆژى 13/10/2022 پەرلەمانى عێراق کۆبووەوە و لەتیف رەشیدى بە سەرۆککۆمار هەڵبژارد. هەمانڕۆژ سەرۆککۆمار محەمەد شیاع سودانى راسپارد بۆ پۆستى سەرۆکوەزیران.
ئەمڕۆ نوسینگەى محەمەد شیاع سودانى رایگەیاند، گفتوگۆکان لەگەڵ لایەنەکان بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێ بەردەوامە، لیژنەیەک پێکهێندراوە بۆ گفتوگۆ و چاوپێکەوتن لەگەڵ کاندیدە وزارییەکان، دواتر لیژنەکە ناوى کاندیدە پەسەندکراوەکان بڵاودەکاتەوە.
بەگوێرەى زانیارییەکانى زووم هێشتا پارتى و یەکێتى ناوى کاندیدەکانیان پێشکەش بە سەرۆکوەزیرانى راسپێردراو نەکردووە، سەباح سوبحى دەڵێت، حزبەکەى بڕیاریداوە ئەگەر چوار وەزارەت بەر کورد بکەوێت، پارتى وەزارەتێک لە پشکى خۆى دەدات بە یەکێتى، بەڵام سێ وەزارەت بێت هیچ وەزارەتێک نادەن بە یەکێتى.
بەگوێرەى بڕگەى دوو لە مادەى 76ى دەستورى عێراق، سەرۆکوەزیرانى راسپێردراو دەبێت لە ماوەیەکدا، کە لە 30 رۆژ تێپەڕ نەکات ناوى ئەندامانى کابینەکەى پێشکەش بە پەرلەمان بکات بۆ پەسەندکردنیان.
پێشتر هاوپەیمانى ئیدارەى دەوڵەت رایگەیاند، رۆژى شەممە، پەرلەمان کۆدەبێتەوە بۆ متمانەدات بە کابینەى نوێ، بەڵام سودانى نەیتوانى ناوى ئەندامانى کابینەکەى پێشکەش بکات، ئێستاش باس لە رۆژى سێشەممە دەکرێت بۆ کۆبوونەوەى پەرلەمان و متمانەدان بە کابینەکە.
مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق ساڵى رابردوو بڕیارى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختەى دا و رۆژى 10/10/2021 بۆ یەکەمجار لە سەردەمى عێراقى نوێدا هەڵبژاردنى پێشوەختە بەڕێوەچوو، بەڵام پێکهێنانى حکومەت زیاتر لە هەموو هەڵبژاردنەکانى پێش خۆى دواکەوت.
لە ساڵیادى هەڵبژاردنەکەدا، کۆشکى سپی بە روونى داواى لە لایەنە سیاسییەکانى عێراق کرد، حکومەت پێکبهێنن و “بەڵێنەکانیان بکەن بە کردار”، ئەمە سەربارى فشارى نەتەوەیەکگرتووەکان، کە لە ساڵیادەکەدا جێنین پلاسخات، نوێنەرى سکرتێرى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکان، لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى ئاسایش نیگەرانییەکانى لەبارەى پێکنەهێنانى حکومەتى نوێ خستەڕوو.