زووم، ئاژانسەکان
کەناڵى بی بی سی بەریتانی، هەفتەیەکى مشتومڕاوى بەڕێکرد، سەرەتا دیارترین پێشکەشکارى وەرزشیی، بەهۆى رەخنەیەک لە حکومەتى بەریتانیا لەکارەکەى دورخستەوە، دواتریش لەژێر فشاردا لە بڕیارەکەى پاشگەزبوووەوە.
چیرۆکەکە بەمشێوەیە دەستیپێکرد؛
رۆژى 7ى ئازارى 2023، حکومەتى بەریتانیا پلانێکى بردە نێو پەرلەمانى وڵاتەکەى بۆ رێگرى لە چوونى کۆچبەران بۆ وڵاتەکە، سوێلا براڤەرمان، وەزیری ناوخۆی بەریتانیایە پەیامێکى توندى لەنێو پەرلەمان پێشکەشکرد و گوتى” ئەو کۆچبەرانەى بە نایاسایی دێنە وڵاتەکەمان دەستگیریان دەکەین”.
گوتارەکە رێکخراوەکان و چالاکانى پرسی کۆچبەرانى راچڵەکاند. گاری لینێکەر، ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێی بەریتانیا، کە پێشکەشکارێکى بەناوبانگی کەناڵی بی بی سییە، لە تویتەر گوتارەکەى وەزیرى ناوخۆى تویت کرد و نوسی ” ئەی خوایە، ئەمە لە ترسناکیش ترسناکترە”.
Good heavens, this is beyond awful. https://t.co/f0fTgWXBwp
— Gary Lineker (@GaryLineker) March 7, 2023
گاری لە تویتێکی دیکەدا نوسی “هاتنی کۆچبەران بۆ وڵاتەکەمان هیچ بە لێشاو نەبووە، وەک بەرپرسان بانگەشەی بۆ دەکەن”.
دەشڵێت، “ئێمە لە وڵاتە گەورەکانی دیکەی ئەوروپا کەمتر کۆچبەر وەردەگرین. ئەمە سیاسەتێکی هێندە دڕندانەیە بەرامبەر بەو خەڵکە داماوانە کە زمانیش نازانن”.
رەخنەکەى گاری، بەرپرسانی کەناڵی بی بی سی توڕە کرد و بڕیاریاندا بە راگرتنى گارى لە پێشکەشکردنى بەرنامەى ‘یارى ئەمڕۆ’.
بڕیارەکە بایکۆتى بەشێک لە کارمەندەکانى بەدواداهات
کارمەندانى کەناڵەکە لەسەر دورخستنەوەى گارى هاتنە دەنگ و روداوەکە دەنگدانەوەى بەدواداهات.
هەفتەى رابردوو کەناڵی بی بی سی راگەیەندراوێکى لەبارەى روداوەکە بڵاوکردەوە و گوتى، “ئەو چالاکییانەی ئەم دواییەی گارى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە پێشێلکاریی رێنماییەکانمان دەزانین. ئێمە لە پێشکەشکردنی بەرنامەی “یاری ئەمڕۆ” دەیوەستێنین تاوەکو ئەوکاتەی هەڵوێستی ئەومان بۆ روون دەبێتەوە لەبارەی بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا.”
بی بی سى گوتى “هەرگیز نەمانگوتووە گارى ئەو پرسانەی کە پەیوەندیی بە خۆیەوە هەیە بێدەنگ بێت، بەڵام گوتومانە دەبێت لە لایەنگیریی پرسە سیاسی و مشتومڕاوییەکان بەدوربێت.”
بەرپرسانى کەناڵى بی بی سی هەوڵى جێگرتنەوەى گاریاندا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون؛ داوایان لە دوو پێشکەشکاری پێشووی وەرزشیی کەناڵەکە کرد، بەرنامەى ‘یارى ئەمڕۆ’ پێشکەش بکەن، تاوەکو ئەوکاتەی پرسى راگرتنى گارى یەکلایی دەکرێتەوە، بەڵام ئەوانیش پشتیوانییان لە گاری کرد و ئامادەنەبوون جێگەى بگرنەوە.
دامەزراوەى بی بی سی کە سەدەیەکە لە بڵاوکردنەوەى هەواڵ و زانیارى بەردەوامە، بەمدواییە دۆسیەکەى گارى روبەڕوى ناڕەزایەتى کارمەندان، شرۆڤەکاران و یاریزانی کردەوە، تاوەکو گەیشت بە بایکۆتى دەوام.
بەهۆی پێشهاتەکانەوە بی بی سی خشتەی پێشکەشکردنی بەرنامەکانى گۆڕی و داوای لێبوردنیشی لە بینەرانی بەشی وەزشیی کەناڵەکە کرد و رایگەیاند، “بە زووترین کات چارەسەریی ئەم کێشەکە دەکەین”.
تیم داڤیی، بەڕێوەبەری کەناڵەکە لە چاوپێکەوتنێکدا گوتى، “لەسەر ئەو بنەمایەی کە بی بی سی چییە؟ بڕیارەکەیان داوە، ئەگەرچی بڕیارێکی قورس بوو، بەڵام ئەمە راگرتنی هاوسەنگییە لەنێوان بیروڕای ئازاد و بێلایەنییدا”.
بڕیارماندا گارى بگەڕێتەوە
تیم داڤیی، بەڕێوەبەری بی بی سی
فشارەکان لەسەر کەناڵەکە بۆ گەڕاندنەوەى گارى بەردەوامبوو، سەرئەنجام ئەمڕۆ، تیم داڤیی، پاشگەزبوونەوەى لە بڕیارەکەى پێشووى راگەیاند و گوتى، بڕیاریان داوە گاری بگەڕێتەوە سەر کارەکەی و بەردەوام بێت لە پێشکەشکردنی بەرنامەکەى.
ئەو دەڵێت “گاری بەشێکی گرنگى بی بی سییە، دەزانم کەناڵەکەش چ مانایەکی هەیە بۆ گاری. چاوەڕێن کۆتایی ئەم هەفتەیە دەست بە پێشکەشکردنی بەرنامەکەی بکاتەوە”.