زووم:
دوو رۆژە کۆنفرانسی کەشوهەواى عێراق، لە گەرمترین ناوچەى وڵاتەکە کە بەسرەیە بەڕێوەدەچێت، هەموو قسەوباسی نێو کۆنفرانسەکە روبەڕوبوونەوەى گۆڕانی کەشوهەوایە، هەربۆیە محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە دەستپێکى گوتارەکەیدا بە ئامادەبووانى گوت، پێنج ملیۆن درەخت لە سەرانسەرى وڵات دەچێنن.
ساڵانێکە کاریگەرییەکانی وشکەساڵی لەسەر عێراق دەرکەوتووە، ئێستا پێنجەمین وڵاتى جیهانە کە کاریگەرى گۆڕانى کەشوهەوا بە توندى بەرۆکى گرتووە. بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، تەنها لە ساڵی 2021دا زیاتر لە 20 هەزار کەس لە عێراق بەهۆی وشکەساڵییەوە شوێنەکانی خۆیان جێهێشتووە، پێشبینی زیاتریش بۆ داهاتوو دەکات.
کۆنفرانسەکەى بەسرە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکە بۆ زیانەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، رۆژى یەکشەممە دەستیپێکرد و ئەمڕۆ کۆتاییدێت.
سودانی: عێراق چەندین ساڵە بەدەست وشکەساڵییەوە دەناڵێنێت
سودانی رایگەیاند، عێراق چەندین ساڵە بەدەست وشکەساڵییەوە دەناڵێنێت و بەهۆی کەمئاوییەوە زیاتر لە 7 ملیۆن کەس لە پارێزگاکانی باشوری وڵاتەکە، کە بژێوییان لەسەر کەرتی کشتوکاڵ و راوەماسییە، سەرچاوەی داهاتییان لەدەستداوە.
ئەو راشیگەیاند، دەستمانکردووە بە پڕۆژەی پەرەپێدانی رووەک بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی بیابانبوون لە وڵاتەکەماندا، ئەمەش لە رێگەی گرێبەستی “گرنگ” لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییە تایبەتمەندەکان دێتەدی، بەتایبەتی لەو ناوچانەی ساڵانە زریانی تۆز و خۆڵی زۆری لێ پەیدا دەبێت.
رێکخراوى نەتەوەیەکگرتووەکان خۆى گیرۆدەى دەستى وڵاتە پیشەسازییە گەورەکانە و بەردەوام هۆشدارى لە گەرمبوونى زیاترى زەوى و پابەندنەبوون بە رێککەوتنى کەشوهەواى پاریس دەدات.
رێککەوتنى کەشوهەواى پاریس ساڵى 2015 واژۆ کرا، ئامانجەکە ئەوە بوو وڵاتانى پیشەسازى دەردانە گەرمکەرەکانیان کەمبکەنەوە، بەڵام نەتەوەیەکگرتووەکان نیگەرانە لە پابەندنەبوونى وڵاتان بە رێککەوتنەکە. ئەگەرچی ساڵانە لوتکەى کەشوهەوا بەڕێوەدەچێت، ساڵى رابردووش لە شەرمشێخى میسر بەڕێوەچوو.
سودانى لە کۆنفرانسەکەى بەسرە داوای لە وڵاتانی هاوپەیمانى عێراق و نەتەوەیەکگرتووەکان کرد، پشتیوانیی وڵاتەکەی بکەن بۆ روبەڕوبوونەوەى گۆرانکارییەکانی کەشوهەوا.
تورکیا و ئێران، بە دروستکردنی دەیان بەنداو لەسەر سەرچاوەکانی ئاوی دیجلە و فورات، عێراق دەبەنە لێواری مەرگ
تورکیا و ئێران، بە دروستکردنی دەیان بەنداو لەسەر سەرچاوەکانی ئاوی دیجلە و فورات، عێراق دەبەنە لێواری مەرگ، تورکیا دەستێکی باڵای هەیە لە دروستبوونی قەیرانی ئاو لە عێراق، بەتایبەتی دوای دەستپێکردنی پڕۆژەی (باشوری ئەنادۆڵی گەورە) کە بە پڕۆژەی (GAP) ناسراوە.
ئەم پڕۆژەیە پێکدێت لە 22 بەنداوی گەورە، 19 وێستگەی هایدرۆلیکی، دوو تونێلی ئاودێری و 13 پڕۆژەی لاوەکی کە سەرجەمیان لە باکوری کوردستان دروستدەکرێن، 60٪ی ئاوی دیجلە کەم دەکاتەوە.
سەرچاوەکانی ئاوی زۆربەی بەنداوەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، لە ئێران و تورکیاوە هەڵدەقوڵێن. ئەم هەڵکەوتە جوگرافییە وایکردوە، عێراق و هەرێمی کوردستان، لە زۆر روەوە بکەونە ژێر کاریگەری ئەو دوو وڵاتەوە، هەمیشە وەک کارتی فشار بەرامبەری بەکاری دەهێنن “بەبێ گوێدانە یاسا نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو”.
سودانیش رایگەیاند، دەستبەسەرداگرتنی ئاو لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە بووەتە هۆکاری کەمئاوی لە عێراق. هەر بۆیە “بەمنزیکانە” حکومەتی عێراق لەبارەی پرسی کەشوهەوای ناوچەکە کۆنفرانسێک لە بەغدادی پایتەخت دەبەستێت.
عێراق لەبارەی پرسی ژینگەوە چەندین گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکاندا واژۆکردووە، بۆ پەرەپێدانی وزەی کارەبا لەرێگەی وزەی خۆر و پلانی هەیە تاوەکو ساڵی 2030 سێیەکی کارەبای وڵاتەکە لەو رێگەیەوە دابینبکات، کە ئەمەش کاریگەریی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی گازی دوانۆکسیدی کاربۆن، کە هۆکارى گەرمبوون و پیسبوونى زیاترى ناوچەکەیە.