زووم، ئاژانسەکان:
تازەترین ئامارەکان دەریدەخەن هاوسەرگیریی منداڵان لە ئەمریكا زیادیکردووە و لە چەندین ویلایەتی ئەو وڵاتە ژمارەیەكی بەرچاوی منداڵان لە تەمەنێكی كەمدا بە بیانووی جۆراوجۆر هاوسەرگیری دەكەن، نەتەوەیەكگرتوەكانیش هۆشداری دەدات کە ئەگەر رێوشوێنى پێویست نەگیرێتەبەر، ئەوا دیاردەکە لە سەرانسەری جیهاندا پەرەدەسێنێت.
زۆرینەی ویلایەتەكانی ئەمریكا رێگا بە هاوسەرگیری منداڵان لە تەمەنی 13 ساڵییدا دەدەن، تەنانەت لە 25 ویلایەت رێگا بە هاوسەرگیری منداڵان دەدرێت، بەبێ ئەوەی هیچ تەمەنێك دیاری بكرێت، تەنها پێویستی بە رەزامەندی دایك و باوك یان دادگا هەیە.
لە هەر هەزار منداڵێک، 10 منداڵیان هاوسەرگیرییان كردووە
بەگوێرەى ئامارێك كە رێكخراوی فرۆنت لاین (Frontline)بڵاویكردووەتەوە، زۆرینەی هاوسەرگیرییە پێشوەختەكان دەکەونە ویلایەتەکانى ڤێرجینیا، هاوای و داكۆتا، بەشێوەیەك لە هەر هەزار منداڵێک، 10 منداڵیان هاوسەرگیرییان كردووە.
تاوەکو ساڵی 2017 هەر پەنجا ویلایەتەكەی ئەمریكا رێگایان بە هاوسەرگیری پێشوەختە دەدا، بەڵام لە ساڵی 2018ەوە شەش ویلایەت ئەمجۆرە هاوسەرگیرییەیان قەدەغە كرد و مەرجی 18 ساڵیان دانا، ویلایەتەكانیش بریتی بوون لە (دیلاوێر، نیوجێرسی، پەنسلڤانیا، مینیسۆتا، رود ئایلاند و نیویۆرك).
ئامارەكان شۆكهێنەرن
بزوتنەوەی “لە كۆتاییدا ئازادە” unchained at Last)) لای خۆیەوە داوای راگرتنی هاوسەرگیریی منداڵان لە ئەمریكا دەكات، ئاشكراشیدەكات كە لە نێوان ساڵانی 2000 بۆ 2018 نزیكەی 300 هەزار منداڵ هاوسەرگیرییان كردووە، كە تەمەنیان لە خوار 17 ساڵییەوە بووە، هەروەها ئامارێكی دیكەش ئاشكرایدەكات ئەو منداڵە كچانەی لە ویلایەتەكانی ئالاسكا، لویزیانا و كارۆلینای باكور لە نێوان ساڵانی 2000 بۆ 2010 هاوسەرگیرییان كردووە، تەمەنیان لە 12 ساڵ تێپەڕی نەكردووە.
بەگوێرەى ئامارەکانى رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ، زیاتر لە 16 هەزار و 400 منداڵی كچ لە ویلایەتی فلۆریدا لە نێوان ساڵانی 2000 بۆ 2018 هاوسەرگیرییان كردووە، هەروەها نزیكەی چوار هەزار منداڵ لە خوار تەمەنی 18 ساڵییەوە لە نێوان ساڵانی 2000 بۆ 2010 لە نیویۆرك هاوسەرگیرییان كردووە، ئەم ئامارەی نیویۆرك دەگەڕێتەوە بۆ پێش ساڵی 2017 كە لەو ساڵەدا تەمەنی هاوسەرگیریی لە نێوان 14 بۆ17 ساڵی دیاری كرا.
لە ویلایەتی ئالاسكا، ئەندامانی هێزەكانی سوپا، دەتوانن بەبێ رەزامەندی دایك و باوكیان لە خوار تەمەنی 18 ساڵییەوە هاوسەرگیریی بكەن، هەروەها دەتوانن لە خوار 16 ساڵییەوە بە رەزامەندی دایك و باوكیان پرۆسەكە ئەنجام بدەن، بەڵام لە ویلایەتی كارۆلینا كچان دەتوانن لە تەمەنی 14 بۆ15 ساڵی بە رەزامەندی دایك و باوكیان هاوسەرگیریی بكەن، هەروەها ئەوانەشی دەیانەوێت منداڵ بخەنەوە پێویستیان بە رەزامەندی دادگا هەیە.
بەڵام ویلایەتی میسۆری ئاسانكاری زۆری بۆ هاوسەرگیریی كردووە، بەشێوەیەك رێگا بە هاوسەرگیریی لە تەمەنی 15 ساڵی دەدات، هەموو ئەوەشی داوای دەكات، ئەوەیە دایك یان باوك ئامادە بێت واژۆ لەسەر هاوسەرگیرییەكە بكات.
هاوسەرگیریی پێشوەختە هەموو چینەكانی گرتووەتەوە
گۆڤاری “ئیكۆنۆمیست”ی بەریتانی، لە راپۆرتێكدا ئاماژە بەوە دەدا، كە دیاردەكە لە نێوان چینە ئاینییەكان و پارێزکارەكان و هەژاران و دانیشتوانی گەڕەكە میللییەكان بڵاوبووەتەوە، هەروەها لەنێو هەموو چینە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانیشدا بوونی هەیە، لای عەلمانی و لیبراڵی و ئاینییەكانیش وەك یەك بوونی هەیە.
زۆرینەی ئەوانەی پشتگیریی لە هاوسەرگیریی منداڵان دەكەن، لە پارێزكارانن، لای ئەوان رێژەی منداڵبوون لە دەرەوەی هاوسەرگیریی زۆر كەمە، هەروەها ئەو دایكانەشی لە چاودێری كۆمەڵایەتی ژیان بەسەر دەبەن سەر بەم چینە نین، بەڵام لیبراڵییەكان بۆچوونیان وایە كە هاوسەرگیری بژاردەیەكی كەسییە و دەوڵەت بۆی نییە دەستوەردانی تێدا بكات.
رێگریی نەکرێت تا حەوت ساڵى دیکە 150 ملیۆن منداڵ هاوسەرگیریی دەکەن
نەتەوەیەكگرتووەكان چەمكی منداڵی پێناسەكردووە، بەوەی بە هەموو ئەو كەسانە دەوترێت كە تەمەنیان نەگەیشتووەتە 18 ساڵی و هاوسەرگیرییان نەكردووە.
سندوقی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ دانیشتوان پێیوایە هاوسەرگیریی منداڵان بەهۆی جیاوازی رەگەزیی و هەژارییەوەیە، هەروەها هەندێک لە خێزانەكان بە پاساوى داهاتووییەكی باشتر بۆ كچەكانیان بە هاوسەرگیریی پێشوەختە رازی دەبن.
نەتەوەیەكگرتووەكان پێشبینی دەكات بە هاتنی ساڵی 2030 زیاتر لە 150 ملیۆن منداڵ هاوسەرگیریی بکەن، ئەگەر رێكارى پێویست بۆ رێگریی لەم دیاردەیە نەگیرێتەبەر.