رێکخراوێکی مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لە خۆپیشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا کە دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، لە 16ی ئەیلولی ساڵی رابردووە دەستیان پێکرد و تاوەکو ئێستا 134 هاوڵاتی کورد کوژراون.
رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی هەنگاو، ئاماری کوشتن و دەستگیرکردنی، هاوڵاتیانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کچە کوردی شاری سەقز لە تاران بڵاوکردەوە کە پۆلیسی ئەخلاقی ئێران بە کوشتنی ژینا ئەمینی تاوانبار دەکرێت.
بەگوێرەی ئامارەکەی رێکخراوی هەنگاو، تاوەکو ئێستا لە خۆپیشاندانەکاندا کە نزیکەی شەش مانگە بەردەوامە، 134 هاوڵاتی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون کە شەشیان ژن و 13 کەسیشیان منداڵن.
هەنگاو دەڵێت، لەو ژمارەیە، 43 کورد لە سنە، 49 کورد لە ورمێ، 21 کورد لە کرمانشان، دوو کورد لە ئیلام، دوو کورد لە خوڕاسانی رەزەوی، هەشت کورد لە تاران، شەش کورد لە ئەلبورز، کوردێک لە قەزوین، کوردێک لە هەمەدان و کوردێک لە مەرکەزی لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی ئێران کوژراون.
رێکخراوی هەنگاوی باسی ئەوەش دەکات کە لانیکەم نۆ کەس لە کوژراوەکان لە زیندانەکاندا لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە حەوت هەزار و 500 هاوڵاتی کوردیش دەستگیر کراون کە رێکخراوەکە ناسنامەی دوو هەزار و 167 کەسی ئاشکرا کردووە و لەو دوو هەزار و 167 کەسە، 220 کەسیان ژن و 191 کەسیان منداڵ و نەوجەوانن.
رێکخراوەکە لە ئامارەکەیدا دەڵێت، لەلایەکی دیکەوە بەهۆی هێرشی موشەکی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پارتە کوردیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەنێو خاکی هەرێمی کوردستاندا، لانیکەم 21 ئەندامی ئەو پارتانە کوژراون.