زووم، پەیمانگاى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست
پەیمانگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، راپۆرتێکی لەبارەی داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، ئەگەر هەنگاوی کردەیی نەنێن و سیاسەتی پشتبەستی سەرەکى بە داهاتى نەوت نەگۆڕن، لە چەند ساڵی داهاتوودا روبەڕوی کۆمەڵێک قەیران و ئاڵەنگاریی دەبنەوە.
پەیمانگاکە باسی ئەو هەوڵە جیهانییانەى کردووە، کە خەریکە سیاسەتی سێکتەری وزە دەگۆڕن و دەڵێت، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، گەرمبوونی زەوى و هەوڵەکانی تایبەت بە پەنابردنە بەر وزەی خاوێن و دورکەوتنەوە لە وزەی نەوتیی، کاریگەریی بەرچاو لەسەر هەموو کایەکانی کارکردن و حکومڕانی دروستدەکات.
ئەم گۆڕانکارییانەش ئاڵنگاریی نوێ بۆ حکومەتی هەرێم و عێراق دروستدەکات، بەتایبەتى ئەگەر نەتوانن هەنگاوی کاریگەر بنێن بۆ ئەوەی خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییەکانى کەرتی وزەدا بگونجێنن.
بەگوێرەى راپۆرتەکەى پەیمانگاى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، لە ساڵی 2035دا، ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا کە نەوت وەک سەرچاوەی وزە بەکاردەهێنن، دەستدەکەن بە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی نەوت، ئەمەش بەهۆی ئەو زیانە ژینگەییانەوەیە کە لە سوتانی بەرهەمە نەوتییەکانەوە پەیدادەبێت. بۆیە پێشبینى دەکرێت، تاوەکو ساڵی 2050 خواست لەسەر نەوت بە رێژەی 70% کەم ببێتەوە.
پەیمانگاکە پێشبینى دەکات لە هەمانکاتدا ژمارەی دانیشتوانی عێراق بۆ 75 ملیۆن کەس بەرزبێتەوە، کە ئێستا 42 ملیۆنە. ئەمەش دەرخەری ئەو راستییە دەبێت کە عێراق روبەڕوی مەترسییەکی جدیی دەبێتەوە، چونکە بە رێژەی 94.4% پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت وەک سەرچاوەی دارایی.
سەرەڕای ئەوەش، عێراق تاوەکو ئێستا پشت بە سوتاندنی گازی سروشتی دەبەستێت لەکاتی بەرهەمهێنانی نەوتدا، کە ساڵانە تێچووەکەی دەگاتە دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار، ئەمە سەرەڕای خراپترکردنی دۆخی ژینگەی وڵاتەکە و بڵاوکردنەوەی نەخۆشیی لە وڵاتەکەدا.
پەیمانگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت، پێویستە هەنگاوی جددی بنرێت بۆ چارەسەرکردن و خۆئامادەکردن بۆ ئەو کێشانەی لەداهاتوودا بەرۆکی وڵاتەکە دەگرن، بەتایبەتی گۆڕینی سەرچاوەی داهاتی وڵات. هەربۆیە پێویستە هەولێر و بەغداد چەندین هەنگاوی هاوبەش بنێن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بەرەپێشبردنی هەماهەنگیی نیوانیان. لەوانەش:
چارەسەرکردنی ناڕوونی داتا و زانیارییەکانی بواری نەوت.
حکومڕانی باشتر و بەهێزکردنی سیستمەکە.
دروستکردنی پێوەرێک بۆ دامەزراندنی گەنجان لە بازاڕی کاری وزەدا.
هەولێر و بەغداد هەماهەنگ بن بۆ گرنگییدان بە کەرتی وزە و بەتایبەتیش هەنگاونان بەرەو وزەی خاوێن.
خستنەسەرکاری دەرچووانی بەشەکانی زانست، تەکنەلۆجیا، ئەندازیاریی و بیرکاریی لە کەرتی وزەدا.
رەخساندنی دەرفەت بۆ بەشداریپێکردنی گەنجان لە خولی تایبەت بە وزەی خاوێن.
فراوانکردن و دامەزراندنی پرۆژەی وزەی خاوێن.
چارەسەرکردنی کێشەکانی تایبەت بە بەشداریکردنی خانمان لە بازاڕی کاردا.
پەیمانگاکە پێشنیازی ئەوەش دەکات هەولێر و بەغداد پێکەوە کاربکەن بۆ دانانی سیاسەت و یاسای تایبەت کە بگونجێت لەگەڵ سیستمی ژینگەیی ناوچەکە و پەرە بەو کەرتانەی بازرگانیی بدەن کە جیاوازن لە سەرچاوە نەریتییەکانی داهات لە ناوچەکەدا.
دەڵێت، ئەگەر هەردوولا چارەسەرێک بۆ داهاتوویان نەدۆزنەوە، ئەوا بارگرانییەکی زۆر لەسەر خەرجیی حکومەتەکان دروست دەبێت و کاریگەریی خراپ لەسەر ژینگە دروستدەکات. ئەنجامی ئەمەش بۆ گەنجان بەئازار دەبێت و دەبێتە هۆی ئاوارەبوون، کۆچکردن، ململانێ و ناسەقامگیری کۆمەڵایەتیی. کە ئەمەش دەرەنجامێکی گەورەی مەترسیدار بۆ وڵاتەکە دەهێنێتە کایەوە.