زووم:
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆمارى ئێران رایگەیاند، باڵاپۆشی مەرجێکی شەرعییە و دەبێت جێبەجێ بکرێت. هاوکات گوتارى دوێنێی زۆرینەى مزگەوتەکانى ئێران و رۆژهەڵاتى کوردستانیش لەسەر باڵاپۆشى بوون، ئەمە بەلای هەندێکەوە “هەوڵێکە بۆ کاراکردنەوەى پۆلیسی ئەخلاق”.
لە دوای گیانلەدەستدانی “گوماناویی” ژینا ئەمینی، ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان بەرامبەر بە پۆلیسی ئەخلاق و بەگشتى دەسەڵاتى کۆمارى ئیسلامى ئێران دەستیپێکرد. هەندێک لە ژنان و کچانى ئێران وەک تەحەدا سەرپۆشەکانیان فڕێ دەدا.
لەسەر ئاستى جیهان هاودەنگى بۆ خۆپیشاندەران دژى کۆمارى ئیسلامى و پۆلیسی ئەخلاق زۆربوو، سەرئەنجام محەمەد جەعفەر، مونتەزەری داواکاری گشتی ئێران، رۆژى 4ی کانوونی یەکەمی 2022دا هەڵپەساردنى کارەکانى پۆلیسی ئەخلاقی راگەیاند.
هەر ئەوکات رەخنەگرانى کۆمارى ئیسلامى ئێران، هەڵپەساردنى کارەکانى پۆلیسی ئەخلاقیان وەک هەوڵێک بۆ هێورکردنەوەى ناڕەزایەتییەکان دەبینى، ئێستاش بەرپرسە باڵاکانی ئێران دوای زیاتر سێ مانگ، قسەکانیان ئاماژەن بۆ هەوڵى کاراکردنەوەى پۆلیسی ئەخلاق، چونکە لە رابردووشدا لەکارخراوە و دواتر کاراکراوەتەوە.
ئیبراهیم رەئیسی، سەرککۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی شورای کۆمەڵایەتی وڵاتەکەیدا ئاماژەی بە پرسی باڵاپۆشی کرد و گوتی، ” پرسی باڵاپۆشی، پێویستییەکی شەرعی و یاساییە کە کۆمەڵگەی ئێران پێویستە جێبەجێ بکەن.”
ئەو راشیگەیاند، پێویستە دەزگا و دامەزراوەکانی کلتوری، پەروەردەیی، میدیاکان، لە پرسی باڵاپۆشیدا ئاگادار بوون و زەمینەیەکی ئەمنی کۆمەڵایەتی لەم رووەوە دروست بکەن.
هەروەها دوێنێ هەینی 10ی ئازار، مەلای مزگەوتەکانی پارێزگاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کە لەهەمانکاتدا نوێنەری ویلایەتی فەقێن، گوتاری ئەم هەفتەیەیان تایبەت کردبوو بە پرسی باڵاپۆشی. یەکێک لەو مەلایانە، قوربان عەلی نەجەف ئابادی نوێنەری ویلایەتی فەقێ لە پارێزگای مەرکەزی بوو کە گوتی، ” خانەوادە لە ئیسلامدا پیرۆزە و باڵاپۆشیش گەورەترین سەرمایەی کۆمەڵگایە”. هەروەها سەید محەمەد سەعیدی گوتاربێژی پارێزگای قوم و نوێنەری ویلایەتی فەقێ ئاماژەی بەوەکرد، ” باڵاپۆشی شەرعەیە و پێویستە هەموو کەسێک پابەندی بێت.”
بەم شێوەیە، لە زۆربەی مزگەوتەکانی ئێراندا، ئەم هەفتەیە باس باسی باڵاپۆشی بوو و پێداگیری لەسەر توندکردنی باڵاپۆشی لەنیو کچان و ژنانی ئێراندا کراوە. هەروەها لە هەندێک پارێزگا و شاری ئێرانیش، کەمپەینی گەورە بە ناوی ‘سەفیرانی باڵاپۆشی’ راگەیەندراوە و مەلا و بەرپرسانی دەوڵەت لەنێو بازار و جادەکاندا دەگەڕێن و بانگهێشت بۆ باڵاپۆشی دەکەن و ‘خوشکانی بەسیجی’ رۆڵێکی گەورە لەو کەمپەینانەدا دەگڕێن.
لەلایەکی دیکەوە، شیفا قاسمی پوور ئەندامی کۆمسیۆنی پەروەردە لە پەرلەمانی ئێران و پەرلەمانتاری شار مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە رونکردنەوەکەیدا ئاماژەی بە بڵاوبوونەوەی هەندێک فیلم و کلیپی گۆرانی لەنیو گەنجاندا کرد و گوتی، ” ئەو فیلم و کلیپانە مەترسین بۆ سەر گەنجان بەتایبەتی کچانی گەنج کە لە بالاپۆشی دووریان دەخاتەوە.”
بەگوێرەی قسەکانی بەرپرسانی دەوڵەتی ئێران بێت، ئەگەری هەیە جارێکی دیکە پۆلیسی ئەخلاق چالاک بکرێتەوە.
جاری یەکەم نییە کە کاربەدەستانی ئێران کارەکانی پۆلیسی ئەخلاق هەڵدەپەسێرن و چالاکی دەکەنەوە. پۆلیسی ئەخلاق کە 5ى تشرینى یەکەمى 1991، دامەزرێنراوە و سەر بە فەرماندەیی گشتى پۆلیسی ئێرانە، بۆ یەکەم جار لە سەردەمی دەسەڵاتى محەمەد خاتەمی لە ساڵانی 1997 بۆ 2005 هەڵپەسێردرا. دواتر ئەحمەدی نەژاد بوو بە سەرۆککۆمار و پۆلیسی ئەخلاقى لە ساڵانى 2005 بۆ 2013 کاراکردەوە.
حەسەن روحانی کاتێک بوو بە سەرۆککۆمار، کاری پۆلیسی ئەخلاقى لە 2013 بۆ 2021 هەڵپەساردەوە. ساڵى 2021 ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆمارى ئێستا پۆلیسی ئەخلاقی کاراکردەوە و لە ئێستادا کە زیاتر لە سێ مانگە پۆلیسی ئەخلاق هەڵپەسێردراوە، ئەگەری هەیە جارێکی دیکە چالاک بکرێتەوە.