زۆربوونی ژمارەی ئەو مێردمنداڵانەی سەیری ماڵپەڕە سێکسییەکان دەکەن بەرپرسانی بەریتانیان گەیاندووەتە ئەو بڕوایەی کە بڵین بەهۆیەوە روداوەکانی دەستدرێژیی سێکسیی زیادیکردووە.
بەگوێرەى نوێترین توێژینەوەی رێخراوی دیگنیفای بەریتانیا، کە کار بۆ هۆشیاری سێکسی و پەیوەندیی تەندروست دەکات، دەرکەوتووە کە ژمارەیەکی زۆر لە مێردمنداڵانی نێوان تەمەنی 14 بۆ 18 ساڵیی بەشێوەیەکی بەردەوام سەیری گرتە سێکسییەکان دەکەن و هەندێکیشیان ئاڵودەی بوون.
راپرسییەکە لە چەندین قوتابخانەدا ئەنجامدراوە و مامۆستایان نیگەرانی دۆخەکەن و دەڵێن ئەوان دەرەنجامی زیانەکانی لە قوتابخانەکاندا هەستپێدەکەن، بەشێوەیەک ئەو ماڵپەڕانە کاریگەرییان لەسەر رەفتاری هەرزەکارەکان لەنێو قوتابخانەدا دروستکردووە و رۆژانە هەست بە مەترسییەکانی دەکەن.
زیادبوونی ژمارەی سەردانیکەرنای ماڵپەرە سێکسییەکان وای لە بەڕێوەبەرانی بەشێک لە قوتابخانەکانی بەریتانیا کردووە پرۆگرام و خولی تایبەت بکەنەوە بۆ کەمکردنەوەی ئەو دیاردەیە لەنێو خوێندکاراندا.
راپرسییەکە، کە لەسەر چوار هەزار خوێندکاری نێوان 14 بۆ 18 ساڵدا ئەنجامدراوە، دەریخستووە کە 22%ی بەشداربوان چەندینجار سەیری مەڵپەڕە سێکسییەکانیان کردووە.
لەو ژمارەیەش، سەردانیکردنی ماڵپەرەکان لای یەک لە هەر پێنج کەسێک بووە بە خوو و لە هەر 10 مێردمنداڵێک یەکێکیان پێی وایە کە ئاڵودەی بووە. ئەوانەی کە زیاتر لە جارێک سەیریان کردووە دەڵێن هەوڵیانداوە هەمان شتی نێو گرتە ڤیدیۆییەکان دووبارە بکەنەوە.
لەبارەی ئەوەی کە بۆ یەکەمجار لە چ تەمەنێکدا گرتە ڤیدیۆی سێکسییان بینیوە، تێکڕایان لە تەمەنی 12 ساڵیدا بووە، بەڵام تێیدا هەبووە گوتویەتی لە تەمەنی سێ ساڵیدا بینیویەتی.
یەکێک لە کێشە گەورەکانی دیکە کە باسی لێوەکراوە، ئەوەبوو کە سێیەکی خوێندکارەکان وێنە یان ڤیدۆی روتیان لە رێگەی تابلێت یان مۆبایلەکانیانەوە بۆ هاتووە بەبێ ئەوەی خۆیان بەدوایدا گەڕابن.
یەکێتی مامۆستایانی بەریتانیا بە رۆژنامەی گاردیانی راگەیاندووە، داواکارى زۆریان لەسەر کەڵەکە بووە لەلایەن قوتابخانەکانەوە بۆ بڵاکردنەوەی هۆشیاریی لەبارەی زیانەکانی ئینتەرنێت، بەتایبەتی لەبواری گرتە سێکسییەکانەوە.
بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، لەم ساڵانەی دواییدا گێچەڵی سێکسیی بەشێوەیەکی بەرچاو لە قوتابخانەکاندا زیادیکردووە. دەشڵێت ئەم دیاردەیە کە ماوەی 7 بۆ 8 ساڵە زیادیکردووە، سەرەتا نەماندەزانی هۆکارەکەی چییە. بەڵام دوای ئەوەی لەگەڵ رێکخراوی دیگنیفای کارمانکرد و لێکۆڵینەوەمان کرد، دەرکەوت کە هۆکارەکەی سەیرکردنی ماڵپەرە سێکسیەکانە.
بەگوێرەى ئەنجامی راپرسییەکە دەرکەوتووە پەیوندیی نێوان سەیرکردنی ماڵپەڕی سێکسی و روداوکانی دەستدرێژی لە قوتابخانەکاندا پەیوەندییەکی هاوتەریبە و لە ئاستێکی بەرزدایە.
لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی دیگنیفای دەڵێت، “کارێکی مەحاڵە بتەوێت کێشەی گێچەڵی سێکسیی چارەسەر بکەیت، باس لە کاریگەریی ماڵپەرە سێکسییەکان نەکەیت لەسەر منداڵ و هەرزەکاراندا. ئێمە بەتایبەتی نیگەرانی ئەوەین کە چەندین منداڵ پێمان دەڵێن ئاڵودەی ئەو ماڵپەڕانە بوون.”
رێکارەکانی تایبەتر بە ماڵپەرە سێکسییەکان لە یاسای سەلامەتی سەرهێلی بەریتانیادا جێگیرکراون، کە بڕیارە ئەمساڵ پەسەند بکرێت. بەگوێرەى یاساکە منداڵان ناتوانن بچنە نێو ماڵپەرە سێکسییەکانەوە، چ لەرێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە بێت یان وێبگەڕەکانەوە.
بازرگانیی گرتە سێکسییەکان لە جیهاندا یەکێکە لە گەورەترین بازرگانییەکان و بە سەرمایەی 97 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت و زۆرترین بەرهەمهێنانیش لە وڵاتانی ئەمریکا، ژاپۆن، کۆریای باشور و بەریتانیایە.