زووم، ئاژانسەکان:
پەرلەمانى چین “شى جینپینگ”ـى بۆ ویلایەتی سێیەم بە سەرۆکى وڵات و سەرۆکى لیژنەى مەرکەزى سەربازیی هەڵبژاردەوە کە دوو گرنگترین پۆستن لە پلەبەندى دەسەڵات لە وڵاتەکەدا.
لە هەڵبژاردنەکەدا هیچ کاندیدێکى دیکە نەبووە کێبڕکێى شى بکات و ئەنجامى دەنگدانەکەش بەمشێوەیە بووە: 2952 دەنگ لە بەرژەوەندى شى، ناڕەزایی: سفر، دەنگنەدان: سفر.
شى 69 ساڵ، پاش هەڵبژاردنەوەى بە سەرۆکى وڵات لە گوتەیەکدا لە کۆشکى گەل (پەرلەمان) گوتى “دەمەوێت لە دڵەوە زۆر سوپاسى هەموو ئەندامانى حزب بکەم بۆ ئەو متمانەیەى کە بە منیان بەخشیوە، منیش بەڵێن دەدەم بە دڵسۆزییەوە کار بکەم بۆ بەجێگەیاندنى ئەرکەکانم”.
چین ناتوانێت بەبێ جیهان پێشبکەوێت و جیهانیش پێویستى بە چینە
گوتیشى “چین ناتوانێت بەبێ جیهان پێشبکەوێت و جیهانیش پێویستى بە چینە”، راشیگەیاند، پاش 40 ساڵ لە کارى بێوچان بۆ چاکسازیی و کرانەوە، توانیمان دوو موعجیزە بخوڵقێنین: گەشەى ئابووریی خێرا و سەقامگیریی کۆمەڵایەتى”.
لە ناوەڕاستى مانگى دەى ساڵى رابردوودا پارتی کۆمۆنیستی چین 20ەمین کۆنگرەى خۆى بەست و تێیدا “شى جینپینگ” بۆ سێیەم ویلایەت بە سەرۆکى حزبەکە مایەوە، ئەوەش رێگەى دەدات بۆ پێنج ساڵى داهاتوو لە پۆستى سەرۆکى وڵاتدا بەردەوام بێت.
شی جینپینگ دەبێتە بەهێزترین پیاوی چین لە دوای ماو تسی تۆنگەوە، لە ئۆکتۆبەری 2016دا، پارتی کۆمۆنیستی چین نازناوی “سەرکردەی ناوازەی”ی پێبەخشی، کە پێشتر تەنیا بە کەسایەتییە کاریگەرەکانی حزبەکە وەک ماو تسی تۆنگ، دێنگ شیاوپینگ و جیانگ زێمین درابوو.
ساڵێک دواتر حزبی شیوعی دەنگیدا بە فەرمی چەسپاندنی ناو و ئایدیۆلۆژیای شی، کە بە “فیکر” ناساندیان و تێیدا “بیری شی جینپینگ لەسەر سۆسیالیزم بە تایبەتمەندی چینی لە سەردەمێکی نوێدا” ناسێندرا. ئەمەش شەرەفێک بوو کە لە دەستووری پارتەکەدا، وەک رێزلێنانێک کە پێشتر تەنها بە ماو دەبەخشرا، بە “شی” درا.