زووم, ئاژانسەکان
رۆژی سێشەممە، ملیۆنان کەس لە فەرەنسا رژانە سەر شەقامەکان، ناڕەزایەتییەکەیان دژى پلانێکی ئێمانوێل ماکرۆن، سەرۆکى وڵاتەکەیە، کە دەیەوێت تەمەنی خانەنشینی لە 62 ساڵەوە بۆ 64 ساڵی زیاد بکات.
ژمارەی خۆپیشاندەران سێ ملیۆن و 500 هەزار کەس بووە
یەکێتی کۆنفیدراسیۆنی گشتی کرێکارانی فەرەنسا دەڵێت، ژمارەی خۆپیشاندەرانی دوێنێ سێ ملیۆن و 500 هەزار کەس بووە، کە چەندین شاری گەورەی ئەو وڵاتەی وەک شاری پاریس، نیس، مارسیێڵ و چەندین شاری بچوکتری گرتەوە. بەڵام حکومەت دەڵێت ژمارەیان ملیۆنێک و 200 هەزار کەس بووە.
خۆپیشاندانەکە بە یەکێک لە خۆپیشاندانە فراوانەکانی ئەو وڵاتە دادەنریت لە ماوەی چەند دەیەی رابردوودا.
خۆپیشاندانەکە دژی پلانێکی ماکرۆنە
سەرەتای ئەمساڵیش خۆپیشاندان لە دژی هەمان پلانی ماکرۆن بەڕێوەچوو. خۆپیشادانەکەی دوێنێش شەشەمین خۆپیشاندان بوو، کە کارمەند و کرێکارانی ئەو وڵاتە لەدژی پرۆژەیاساکە ئەنجامی بدەن.
بەهۆی خۆپیشاندان و مانگرتنەکان، کە بڕیارە ئەمڕۆش بەردەوام بێت، کۆمەڵێک دامەزراوەی خزمەتگوزاریی کۆکردنەوەی خاشاک، شەمەندەفەر، پاڵاوگەکانی نەوت، رێگا سەرەکییەکان، تەندروستیی و قوتابخانەکان راگیراون.
خۆپیشاندەران فشار دەکەن پرۆژەیاساکە پەسەند نەکرێت
خۆپیشاندەران دەیانەوێت فشاری زیاتر بکەن بۆ ئەوەی پرۆژەیاساکەی ماکرۆن، کە بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت، تێنەپەڕێت.
ئەوەی لەدەستمان بێت دەیکەین
مارتن گویلۆتین، نوێنەری رێکخراوێکی کرێکارانی فەرەنسا دەڵێت، “تاوەکو ئێستا گوێمان لێ نەگیراوە، ئەوەی لەدەستمان بێت دەیکەین، ئەمە ناڕەزایەتییەکی گەورەیە و بەنیازنین کۆڵ بدەین.”
حکومەتی فەرنسا سورە لەسەر پلانەکەی
بەڵام حکومەتی فەرەنسا سورە لەسەر پلانەکەی خۆی کە بە “چاکسازیی” ناوی دەبات. ماکرۆن دەڵێت، دەبێت خەڵکی فەرەنسا زیاتر و بۆ ماوەی زۆرتر کار بکەن، چونکە پێی وایە ژمارەی ئەوکەسانەی کە لەوڵاتەکەیدا کاردەکەن بەراورد بەو کەسانەی کە خانەنشین بوون کەمیکردووە و بۆیە دەبێت خەڵکی زیاتر کار بکەن.