ساڵى رابردوو لە “رووداوێکى دەگمەندا” لە کەنەدا، خوشک و برایەکی دووانە لە مانگى پێنجەمى سکپڕى دایکیاندا لەدایکبوون، واتە زیاتر لە چوار مانگ بەر لە وادەى خۆیان، پاش تێپەڕبوونى ساڵێک بەسەر لە دایکبوونیاندا، لەلایەن کتێبی گینسەوە بۆ ژمارە پێوانەییەکان، وەکو “ناکامترین دووانەی جیهان” تۆمارکران.
ئادیا و ئادریاڵ، بەوپێیەى 126 رۆژ پێش وادەی خۆیان لەدایکبوون، توانییان ئەو ریکۆردە جیهانییە بشکێنن کە پێشتر بەناوی دووانەیەکی دیکەوە بوو لە ئەمریکا، ئەوان بە 125 رۆژ پێش وادەی خۆیان لەدایکبوبوون.
بەگوێرەى ماڵپەڕی گینس، چانسی مانەوەی دوو منداڵەکە لە ژیاندا لەسەدا سفر بوو، چونکە لە هەفتەی 21 و 5 رۆژیدا، دایکیان بەهۆی ژانەوە، براوەتە نەخۆشخانە، ئەمەش دەکاتە زیاتر لە چوار مانگ پێش لەدایکبوونی خۆیان.
بەهۆی خراپی دۆخی تەندروستییان، گینس پاش ساڵێک و لە یەکەم ساڵیادی لەدایکبوونیاندا، وەکو ناکامترین دووانەی جیهان ناساندنی.
ئادیای 330 گرام، ئەوکاتە 23 خولەک پێش ئادریاڵی برای کە 420 گرام بوو لەدایکبووە، بە هەردووکیان کێشیان 750 گرام بووە، ئەمەش کەمترین کێشی دووانەیەکە کە تا ئێستا لە جیهاندا بە زیندوویی مابێتنەوە.
ئەو پزیشکانەى کە سەرپەرشتى لەدایکبوونەکەیان کردووە دەڵێن، ئەگەر دووانەکە تەنها یەک کاتژمێر پێشتر لەدایکبوونایە، نەدەژیان.
شاکینا راجێندرام، دایکى “ئادیا و ئادریاڵ” کە چەند مانگێک پێشتر کۆرپەیەکی دیکەی لە هەمان نەخۆشخانە لەبارچووبوو بە ماڵپەرى گینسی گوتووە، “کاتێک لە نەخۆشخانە خەوێندرام، پێیان گوتم گومانی تێدانییە منداڵەکانت ناژین، بەوهۆیەوە هیچ رێکارێکی پزیشکییان بۆ گرنگیدان بە کۆرپەکانم نەگرتەبەر”.
رۆژی دواتر شاکینا بۆ نەخۆشخانەیەکی دیکە لە تۆرنتۆ گواستراوەتەوە کە تایبەت بووە بە منداڵانی ناکام، بەڵام لە جیهاندا نەخۆشخانەکان هیچ کۆرپەیەک لە خوار تەمەنی 24 بۆ 26 هەفتەیی وەرناگرن.
هەروەها پزیشکەکان بە دایک و باوکەکەیان گوتبوو، ئەگەر پێش هەفتەی 22 منداڵەکانیان لەدایک بن ناژین و ئەگەر لە حاڵەتێکدا نەشمردن ئەوا ژیانی ئەو کۆرپانە زۆر سەخت دەبێت و دەبن بە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، بەڵام دایک و باوکەکە سوربوون لەسەر ئەوەی کۆرپەکانیان لەدایک بن.
هەردوو کۆرپەکە رێک لە تەمەنی 22 هەفتەییدا لەدایکبوون، بەڵام بۆ ماوەی شەش مانگ لەژێر چاودێریی پزیشکیدا ماونەتەوە و دووچاری کۆمەڵێک کێشەی تەندروستی بوونەتەوە.
دایکییان دەڵێت، بەهۆی خراپی دۆخی تەندروستییانەوە چەندینجار وایانزانیوە منداڵەکانى مردوون، بەڵام دوای شەش مانگ لە رۆژی لەدایکبوونیان، کۆرپەکان دەبەنەوە ماڵەوە و بەبێ سۆند و تیوبی پزیشکی شیریان پێ دەدەن.
ئێستا ئادیا کێشی شەش کیلۆگرامە، کە دەکاتە 18 ئەوەندی کێشی لە کاتی لەدایکبوونیدا.