دواى جیابوونەوە و پاشان یەکگرتنەوە، سەرئەنجام هاوپەیمانى گەل، واتە شەش پارتە ئۆپۆزسیۆنەکەى تورکیا، لەسەر کاندیدێکى هاوبەش بۆ پۆستى سەرۆککۆمارى تورکیا، رێککەوتن، کە کەمال کڵیچدار ئۆغلۆ، سەرۆکی جەهەپەیە.
هاوپەیمانییەکە لەسەر 12 خاڵ رێککەوتوون، کە ئەمانەیە:
خاڵى یەک، لە رێککەوتنەکەدا هاتووە، قۆناغى گواستنەوەى دەسەڵات بەگوێرەی سیستمێکی بەهێزی پەرلەمانیی و بە راوێژ و پێکەوە لە چوارچێوەی دەستوور، یاسا، جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، هاوسەنگی و پرەنسیپەکانی چاودێری، تورکیا بەڕێوە دەبەین.
خاڵى دوو، لە رێککەوتنەککەدا هاتووە، گۆڕانکارییە دەستوورییەکان، بەگوێرەى سیستمێکى بەهێزى پەرلەمانیی و بەگوێرەى دابەشکردنی دەسەڵاتەکان دەبێت، کە لە دوای هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت و لە زوترین کاتدا دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە.
خاڵى سێ، لە قۆناغى گواستنەوەى دەسەڵاتدا، سەرۆکی ئەو پارتانەی بەشدارن لە هاوپەیمانی گەل، دەبن بە یاریدەدەری سەرۆککۆمار.
خاڵى چوار، دابەشکردنی وەزارەتەکان، بەگوێرەی ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانە دەبێت، کە هەر پارتێکى نێو هاوپەیمانی گەل بەدەستی دەهێنێت. هەر پارتێکی نێو هاوپەیمانێتیەکە، لانیکەم وەزارەتێکی پێدەدرێت. هەموو ئەو دامەزاروە و ئۆفیسانەشی کە تەنها سەر بە سەرۆکایەتی کۆمارن هەڵدەوەشێندرێنەوە.
خاڵى پێنج، دانان و لادانی وەزیر و بەرپرسان لەلایەن سەرۆککۆمارەوە دەبێت، بەڵام بە راوێژ لەگەڵ سەرۆکی ئەو پارتەی وەزیر یان بەرپرسەکە ئەندامێتی.
خاڵى شەش، لە قۆناغى گواستنەوەى دەسەڵاتدا سەرۆککۆمار دەسەڵاتی جێبەجێکردن و ئەرکی خۆی بەگوێرەى بنەماکانی بەشداریکردن، راوێژکاری و کۆدەنگی بەکاردەهێنێت.
خاڵى حەوت، دابەشکردنی دەسەڵات و ئەرکی کابینەی سەرۆکایەتى کۆمار (یاریدەدەرانی سەرۆککۆمار و وەزیرەکان) بەگوێرەی بڕیارەکانی سەرۆککۆمار دەبێت، لەسەر بنەماى دەستوور و یاسا.
خاڵى هەشت، سەرۆککۆمار بە رێککەوتن لەگەڵ سەرۆکی پارتەکانی نێو هاوپەیمانی گەل، بڕیار لەبارەی سەرلەنوێ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، راگەیاندنی باری نائاسایی، سیاسەتی ئاسایشی نیشتمانیی، بڕیارنامە، بڕیار و کاری رێکخراوەیی سەرۆکایەتی و دامەزراندن لە ئاستی باڵا دەدات.
خاڵى نۆ، لە قۆناغى گواستنەوەى دەسەڵاتدا، یاسادانان بەگوێرەی چەند رێوشوێنێک و بە هەماهەنگی دەبێت.
خاڵى دە، لە قۆناغى گواستنەوەى دەسەڵاتدا، ئەندامێتی سەرۆککۆماری کۆتایی دێت، ئەگەر ئەندامی پارتێکی سیاسی بێت.
خاڵى یازدە، لە سیستمی نوێی پەرلەمانیدا، کاتێک کۆتایی بە ئەرکی 13مین سەرۆککۆمار و خولی پەرلەمان هات و نابێت تەمەنى حکومەت و پەرلەمان درێژبکرێتەوە.
خاڵى دوازدە، هەر کاتێک سەرۆککۆمار بە باشی زانی، سەرۆکی گەورەشارەوانییەکانی ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە، بە یاریدەدەری سەرۆککۆمار دیاری دەکات، بەگوێرەى ئەو تایبەتمەندیەی پێیان دەدرێت.