زووم، ئاژانسەکان
تورکیا و سوریا نیگەرانن لە سەردانەکە پێشوەخت رانەگەیەندراوەکەى سەرۆک ئەرکانی هێزە هاوبەشەکانی ئەمریکا بۆ رۆژئاڤای کوردستان، سوریا ئیدانەى کرد و تورکیاش باڵیۆزى ئەمریکاى لە ئەنقەرە بانهێشت کرد.
رۆژى 6ى ئازار، ژەنەڕاڵ مارک میلی، سەرۆک ئەرکانی هێزە هاوبەشەکانی ئەمریکا بێئەوەى پێشوەخت رایبگەیەنێت، سەردانی رۆژئاڤای کوردستانی کرد. دوای بەسەرکردنەوەی بنکە سەربازییەکەی وڵاتەکەی لە رۆژئاڤا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ئامانجى سەردانەکەى پێداچوونەوە بووە بە رێوشوێنەکانی پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا لە هەر هێرشێکی لەناکاو.
سەردانەکە کاردانەوەی سوریا و تورکیاى لێکەوتەوە، وەزارەتی دەرەوەی سوریا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، ئەو بنکە سەربازییەی ئەمریکا کە میلی سەردانی کردووە، “حەوت ساڵە بەشێوەیەکی نایاسایی لە خاکی سوریا کراوەتەوە و پێشێلکاری سەروەری سوریایە”.
سەرۆک ئەرکانی هێزە هاوبەشەکانی ئەمریکا لە سەردانەکەیدا بۆ رۆژئاڤا پشتیوانى وڵاتەکەى بۆ هێزەکانى سوریاى دیموکراتى (هەسەدە) دووپاتکردەوە و گوتی، هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانە سورییەکانی بە سەرۆکایەتی هێزە کوردییەکان بەسەر داعشدا سەردەکەون، “دڵنیاین لە شکستی هەمیشەیی رێکخراوی داعش” ئەو ئاسایشی واشنتن و هاوپەیمانەکانی بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە سوریا وەسف کرد.
لە کاردانەوەى سەردانەکەدا وەزارەتی دەرەوەی تورکیا باڵیۆزی ئەمریکای لە ئەنقەرە بانگهێشتکرد. بەگوێرەى راگەیەندراوێکى وەزارەتەکە، داوا لە جیف فلەیک، باڵێۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە کراوە روونکردنەوەیان لەبارەى سەردانەکەى مارک میلی پێبدات.
نید پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا گوتی، جیف فلەیک، باڵیۆزی وڵاتەکەمان چووەتە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا و لەگەڵ بەرپرسانى وەزارەتەکە کۆبووەتەوە.
ئەو دەڵێت، ژەنەڕاڵ میلی تەنها سەردانی سەربازانی ئەمریکاى لە سوریا کردووە و تەنها لەگەڵ سەربازە ئەمریکیەکان کۆبووەتەوە.
دواى سەردانەکە وێنەی مەزلۆم عەبدى، فەرماندەی گشتی هێزەکانی هەسەدە و ژەنەڕاڵ مارک میلی، بڵاوبووەوە، کە پێکەوە دەردەکەون، بەڵام ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە رەتیکردنەوە مەزلۆم عەبدی و مارک میلی یەکدیان بینیبێت و لەبارەی وێنەکەش گوتى “دروستکراوە”.