زووم، ئاژانسەکان
تۆڕی کۆمەڵایەتی واتسئاپ کار لەسەر تایبەتمەندییەکی نوێ دەکات، کە خزمەت بە تۆڕەکانی هەواڵ دەکات و ناوی “Newsletter”ی لێناوە. رێگە بە بەشداربوان دەدات چەناڵ دامەزرێنن و ژمارەیەکی بێسنور بەشداربوو بچنە نێو کەناڵەکە و لە یەک ئاراستەوە نامە بنێردرێت.
ئەم تایبەتمەندیە هاوشێوەی تایبەتمەندی چەناڵی “تێلگیرامە”، کە تێلیگرامی رکابەری یەکەمی واتسئاپ بەم تایبەتمەندییە دەناسرێتەوە.
پێگەی WABetainfo ئەم تایبەتمەندیە نوێیەی واتسئاپی ئاشکرا کردووە، کە لە وەشانێکی ئەزمونیدا واتسئاپ بۆ بەکارهێنەرە “بێتا”کانی بەردەستکردووە. ئەم تایبەتمەندییە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و بڵاوکراوە لە رێگەی واتسئاپ ئاسانتر دەکات، ئەمەش بەهۆی نەبوونی هیچ سنورێک بۆ ژمارەی بەشداربووان.
هەنگاوە نوێیەکە بەشێکە لە هەوڵەکانی واتسئاپ بۆ پەرەپێدانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە، کە لە ساڵی رابردوودا تایبەتمەندی گروپەکانی راگەیاند و دەتوانرا تاوەکو پێنج هەزار بەکارهێنەر لە گروپەکان بەشداربن و گەیشتن بەیەک ئاسانتر بێت.
واتسئاپ رۆژانە دوو ملیار بەکارهێنەری چالاکی هەیە، ئەگەر بەشێکی کەم لەم بەشداربوانە گرنگی بدەن بەم تایبەتمەندیە نوێیە و بە کورتە هەواڵەکان، ئەوا رەنگە واتسئاپ لەماوەی مانگێکدا ببێت بە گەورەترین پێگەی نامەی هەواڵی، هەروەها رەنگە ببێتەهۆی گەشەی بازاڕی هەواڵەکان.
رەنگە واتسئاپ شیکارییەکی وردتر بۆ بەکارهێنەران بکات و خاوەن براندە بازرگانییەکان باشتر لە خواستی کڕیارەکانیان تێبگەن و بە ئاسانتر لە رێی واتسئاپ نامەیان پێبگەیەنن لەبری ئەوەی رێگە کۆنەکەی ئیمەیڵ ناردن بەکاربهێنن.
تێکڕای ناوەندی کردنەوەی نامە لە واتسئاپ دەگاتە رێژەی 90%، لە کاتێکدا تێکرانی ناوەندی کردنەوەی ئیمەیڵە بازرگانیەکان تەنها 21.5% دەبێت، بۆیە پێشبینیدەکرێت براندە بازرگانییەکان زیاتر سودمەند بن لەم تایبەتمەندییە نوێیە.
جیاوازی نێوان گروپ و Newsletter
گروپەکانی واتسئاپ جیاوازی لەگەڵ Newsletter ئەوەیە لە گروپەکاندا تەنها رێگە بە پێنج هەزار بەشداربوو دەدرا، بەڵام لە Newsletter ژمارەی بەشداربووان سنوردار نییە.
لە گروپەکاندا زیاد لە کەسێک دەیتوانی نامە و هەواڵ و پەیام بنێرێت، بەڵام لە Newsletter نامەکان بە شێوازی یەک ئاراستە دەبن و لە یەکلایەنەوە دەنێردرێت، بەڵام بەشداربووان دەتوانن کاردانەوەیان بۆ هەواڵەکان هەبێت لەرێی دەربڕینەکان “ئیمۆجی”.