زووم:
بەرات لە بنەمادا بۆنەیەكی ئاینی ئیسلامە، دەكەوێتە نیوەی مانگی شەعبان لە ساڵنامەی كۆچی، واتە پانزە رۆژ پێش هاتنی مانگی رەمەزان، بەڵام لە ناو كورددا زیاتر بە “شەوی بەرات” بەناوبانگەو وەكو بۆنەیەكی كۆمەڵایەتی زیندوو كراوەتەوە، كە لە ئێوارەكەیدا شێو ئامادە دەكرێت و شەوانیش منداڵان بۆ خۆشی دەربڕین سەردانی ماڵەكان دەكەن.
لێرەدا لە چەند ڕەهەندێكەوە خوێنەران بە بەرات ئاشنا دەكەین:
بەرات، لە رووی واتا و كاتەوە:
بەرات لە بنەمادا وشەیەكی عەرەبیە و لە (البروە)ەوە وەرگیراوە، كە بەپێی فەرهەنگەكانی زمانی عەرەبی دوو واتای جیاوازی سەرەكی هەیە كە بەپێی رستەكە دەگۆڕێت، یەكەمیان (پاكی) و دووەمیان ( بێ تاوانی لە تۆمەتێك).
لە رووی كاتەوە، بەرات دەكەوێتە پانزەیەمین رۆژی مانگی شەعبان، كە لە ئێوارەی رۆژی (14)ی مانگەوە دەست پێدەكات و لەگەڵ بەرەبەیانی رۆژی (15)ی مانگی شەعبان كۆتایی دێت، ئەمەش واتای ئەوەیە كە پانزە رۆژ پێش مانگی رەمەزانە، بۆ ئەمساڵیش بەرات کەوتە (6ی ئادارى 2023).
بەرات لە ئیسلامدا:
بەرات لە ئیسلامدا پێگەیەكی گەورەی هەیە، لەو بارەیەوە د. مەهدی قادر، شارەزای ئاینەكان و مامۆستای زانكۆ بۆ زووم گوتی: “ئەوەی باس لەوە دەكرێت كە خوای گەورە دێتە ئاسمانی زەوی، ئەو فەرموودەیە بە سەحیحی هاتووە، كە دەفەرموێت (ان رَسُوڵ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَڵیْهِ ۆسَلَّمَ قَاڵ : ” ێگَّلِعُ اللَّهُ عَزَّ ۆجَلَّ إِڵی خَلْقِهِ ڵیْڵەَ النِّصْفِ مِنْ شَعْبَانَ، فَێغْفِرُ لِعِبَادِهِ إِلَّا لِاپْنَیْنِ : مُشَاحِنٍ، ۆقَاتِلِ نَفْسٍ)، بەڵام ئەمە دابەزینی خوا نیە، بەڵكو دابەزینی لێخۆشبوونی خوداییە، خوای گەورە هاتوچۆ ناكات”.
دەربارەی كۆمەڵێك فەرموودە كە لەبارەی بەراتەوە دەگێڕدرێتەوە، د. مەهدی گوتی:” ئەو فەرموودانە لە راستیدا هیچیان سەحیح نین، لە بابەتە ئاینییەكان دا ئێمە ناتوانین زیادە رەوی بكەین موسڵمان دوو جەژنی هەیە، بەرات جەژن نییە، بەڵام لە رووی ئاینیەوە رێگا پێدراوە وەك بۆنەیەكی كۆمەڵایەتی یاد بكرێتەوە، ئەگەر پێچەوانەی شەرعی تێدا نەكرێت”.
دەربارەی ئەوەی دەبەسرێتەوە بە هەندێك رووداوی وەك گۆڕینی قیبلە و پاك راگرتنی حەزرەتی عائیشە، د. مەهدی وتی:” بۆ ئەم رووداوانە هیچ گێرانەوەیەكی راستمان نیە، بۆ پاكی دایكمان حەزرەتی عائیشە كە لە سورەتی نوردا هاتووە، كاتی دابەزینەكەی نەبەسراوەتەوە بە شەوی بەراتەوە، بەڵام پێغەمبەر وەك هەمیشە شەو نوێژ و قورئانی خوێندووە، پێغەمبەر هەموو شەوەكانی ئاوەدان بووە بە عیبادەت، بۆیە عیبادەتێكی تایبەت بۆ بەرات نیە”.
سەلەفییەكان بۆچوونی جیاوازیان هەیە:
دكتۆر عەبدولـلەتیف ئەحمەد، رێبەری رەوتی سەلەفیەكان و مامۆستای زانكۆ لە لێدوانێكیدا بۆ زووم گوتی:” خوای گەورە لەو شەوەدا هەرچیەك حەكیم و گرنگە وەك رزق و ئەجەل لێك جیا دەكرێتەوە، بەڵام ئەو شەوە بەرات نیە، بەڵكو شەوی قەدرە”.
هەرچی پەیوەست بە شەوی پانزەی شەعبانیش دكتۆر عەبدولـلەتیف دەڵێت: “فەرموودەی سەحیحمان هەیە كە پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت)، فەرمویەتی خوای گەورە لە هەموو كەسێك خۆش دەبێت، تەنها ئەوانە نەبێت كە هاوەڵی بۆ خوا بریار دابێت، لەگەڵ دوو مسوڵمان قسەیان لەیەك دابڕیبێت”.
دەربارەی یادكردنەوەشی گوتی:” لە جیاتی ئاهەنگ گێڕان یان خەڵكی پێی وابێت دەبێت عیبادەتێكی تایبەت بكات، شتی وا نییە، بەڵكو هەوڵبدات تۆبە بكات لە هاوەڵدانان، دووەمیشیان بگەڕێیت كە دڵی موسڵمانێكت عەزێت داوە داوای لێخۆشبوونی لێبكەیت، بەڵام ئەوەی خەڵك دەیكات و ئەمشەو شەوی بەراتە و بەخشینەوەی نوقڵ و دروستكردنی خواردن هیچ بنەمایەكی نیە”
بەرات لە ناو كورددا:
بەرات لە هەریەك لە وڵاتەكانی عێراق و ئێران و میسر و بەحرەین یاد دەكرێتەوە، كوردستانیش وەك وڵاتێكی زۆرینە مسوڵمان ئەو یادەی تێدا دەكرێتەوە، كە ئێوارەكەی شێوی تایبەتی تێدا ئامادە دەكرێت، لە كۆنیشدا قورئان لە مزگەوتەكان خوێنراوە، هەروەها منداڵانیش شەوان بە ماڵەكاندا دەگەڕێن و شیرینی و چكلێت كۆدەكەنەوە و كاتێكی خۆش بەسەر دەبەن، هۆكاری گەڕانی منداڵانیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە منداڵان پاكن وەك بەرات.
بەرات لە كۆندا هێندە گرنگی پێدراوە، كە شاعیرانی كورد هۆنراوەیان بۆی نوسیوە، بەناوبانگترینیان هۆنراوەیەكی (مەدهۆش)ی شاعیرە، كە لەلایەن هونەرمەندانەوە ئاوازی بۆ دانراوە،كە دەڵێت:
ئەمشەو شەوی بەراتە شەوی خۆشی و خەڵاتە
وا مناڵان ئەگەرێن بەرد بە دەرگاوە ئەنێن
منیش هاتوومە دەرگات تا بەرمكەوێ بەرات…
بەراتی من جیایە نە نوقڵە و نە خوورمایە.