زووم:
زیاتر لە هەزار کەسایەتى عێراقى لە نامەیەکدا بۆ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێزى سکرتێرى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکان، نیگەرانى خۆیان نیشاندەدەن لە بەرامبەر “جینان پلاسخارت”ـى نوێنەرى تایبەتى گۆتێرێز بۆ عێراق و دەڵێن، سەربارى پێشێلکارییە مەترسیدارەکانى مافى مرۆڤ و ئازادییە گشتییەکان، بەڵام پلاسخارت بێ دەنگە و تۆمەتباریشى دەکەن بەوەى، کە زیاتر مەیلى بەلاى دەسەڵاتدارانى عێراقدایە وەکو هاوکارییکردنى وڵاتەکە لە چەسپاندنى بنەماکانى دیموکراسى.
ئەو کەسانەى کە نامەکەیان ئیمزاکردووە، زیاتر لە کەسایەتى ئەکادیمی و چالاکانى رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و رۆژنامەنووسانى عێراق پێکهاتوون و دەڵێن، تێبینى ئەوەیان کردووە لە ماوەى 100 رۆژى رابردووى کابینەکەى سودانیدا، دەسەڵاتەکانى عێراق (یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەریی) چەندین هەنگاوى مەترسیدارییان بە ئاراستەى پێشێلکردنى ئازادى بیروڕا ناوە کە دەستوور دەستەبەرى کردووە.
دەشڵێن، دۆخى ئێستاى عێراق بە جۆرێکە کە هەڕەشە لەسەر هەموو ئەو دەستکەوتانە هەیە کە لە پاش ساڵى 2003 بەدەستهێنراون و مەترسى گەڕانەوەى دیکتاتۆرییەت هەیە، “بەڵام جینان پلاسخارت لە بەرامبەر هەموو ئەو مەترسییانە بێدەنگە کە ئەمەش نیشانەى پرسیارى لەسەر رۆڵى راستەقینەى نێردەى تایبەتى سکرتێرى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق دروستکردووە”.
ئەو کەسایەتییانە لە نامەکەیاندا 12 پێشێلکارییان دژ بە ئازادییە گشتییەکان و بنەماکانى دیموکراسى بۆ سکرتێرى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکان نووسیوە کە لە ماوەى رابردوودا لە عێراق ئەنجامدراون، بەڵام وەکو ئەوان دەڵێن پلاسخارات لە بەرامبەر سەرجەمیان بێدەنگ بووە و هیچ هەڵوێستێکى نەبووە، لەنێویاندا ئەنجامنەدانى هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان لە وادەى خۆیدا و درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمانى کوردستان و پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان و چالاکوانان لە هەرێم.
پلاسخارت زیاتر لە هەماهەنگى و پەیوەندیدابووە لەگەڵ لایەنەکانى دەسەڵات
لە بەشێکى دیکەى نامەیەکەیاندا دەڵێن، لەمساڵانەى رابردوودا نوێنەرایەتى نەتەوەیەکگرتووەکان شکستیهێناوە لە پابەندبوون بە ئەرکەکەیەوە و زیاتر لە هەماهەنگى و پەیوەندیدابووە لەگەڵ لایەنەکانى دەسەڵات، لەبرى ئەوەى هاوکاری عێراقییەکان بکات لە جێبەجێکردنى بنەماکانى دیموکراسی و وازهێنان لە سیاسەتەکانى دیکتاتۆریەتى پێشوو.
لە کۆتاییدا داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەن، کە دەستوەردانى بەپەلە بکات لە هەموو ئەو پێشێلکارییانەى لە نامەکەدا باسکراون و هەروەها لێکۆڵینەوە لەو راوێژکارانە بکرێت، کە گرێبەستیان لەگەڵ نوێنەرایەتییەکەدا کردووە کە وەکو خۆیان دەڵێن هەندێکیان لەسەر بنەماى کاندیدکردنیان بووە لەلایەن حزبەکانى دەسەڵاتەوە.
نامەی ئەو کەسایەتییانەى عێراق لەکاتێکدایە، هەفتەى رابردوو، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز سکرتێرى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکان، سەردانى عێراق و هەرێمى کوردستانى کرد.