سۆنگول یوسێسۆی، لە سوچێکى کۆڵانەکەیدا دانیشتووە و قاپ و قاچاخ دەشوات، دیمەنێک ناجێگرى دۆخى ژیانى نیشان دەدات. تەنها ئەوە نەبێت کە لەژێر داروپەردوى خانووە روخاوەکەیاندا نییە.
دوای تێپەڕبوونى مانگێک لە بومەلەرزە وێرانکەرەکانی باکورى کوردستان و تورکیا، رۆژئاڤاى کوردستان و سوریا، ئەوانەی رزگاریان بووە، روبەڕوی داهاتوویەکی نادیار بوونەتەوە.
یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانیان، دۆزینەوەی پەناگەیەکى سەلامەتە بۆ ژیان. لانیکەم ئێستا ملیۆنێک و 500 هەزار کەس بێ ماڵن. رون نییە چەندی دیکە دەخایەنێت تاوەکو شوێنێکى گونجاویان بۆ حەوانەوە دەستدەکەوێت.
لە لایەکی دیکەوە دەزگای کارەسات و فریاگوزارى تورکیا دەڵێت، نزیکەی دوو ملیۆن کەس ناوچەکانى بومەلەرزەیان بەجێهێشتووە. هەندێکیان لە شوێنەکانی دیکە لەگەڵ کەسوکار و هاوڕێکانیان و ئازیزانیاندا دەژین. بەڵام خەڵکانێکى دیکەش هەن ئامادەنین لە چیرۆکە مەرگەساتەکەیان دوربکەونەوە.
سۆنگول یوسێسۆی و خێزانەکەى لە شارۆچکەى سامانداخى سەر بە پارێزگاى هاتاى دەژین، ئەوەى لایان رونە ئەوەیە کە ناچنە هیچ شوێنێک.
ئەو دەڵێت “هەرچییەک روبدات، ئێمە لێرە دەمێنینەوە. ئەمە ماڵەکەمانە، ئەمە هێلانەکەمانە. هەموو شتێک کە هەمانە لێرەیە. ئێمە دورناکەوینەوە.”
خێزانەکەى سۆنگول لەژێر سێ چادردا کە لەسەر شەقامەکەى تەنیشت ماڵە روخاوەکەیان هەڵیانداوە، حواردن دروست دەکەن و دەخۆن و دەخەون.
دیمەنى کەلوپەلەکانیان کە لەسەر شەقامەکەیە نامۆ دەردەکەون، چونکە ئەوان لەنێو ماڵدا جوانن.
ژیانى نێو ئەو چادرەگەى خۆیان دروستیان کردووە زۆر سەختە، نەبوونى توالێت و دەستشۆڕ و حەمام کێشەی دیکەى رۆژانەیانە.
پێش چەند رۆژێک شەبنەم فنجانجى، سەرۆکى یەکێتى پزیشکانى تورکیا هۆشداری بڵاوبوونەوەى نەخۆشی کۆلێراى دا لە هاتاى بەهۆى نەبوونى ئاو و خۆشتنى خەڵکەکەی.
سۆنگول مانگێکى ئازاربەخش بەڕێدەکات، 17 کەس لە کەسوکارەکەی گیانیان لەدەستداوە، تولاى خوشکی هێشتا بێسەروشوێنە.
ئەو دەڵێت، “نازانین ئەو کچە هێشتا لە ژێر داروپەردودایە یان نا، تەرمەکەى دەرهێنراوە یان نا، چاوەڕێین، ناتوانین هیچ شتێک بکەین، ناتوانین پرسە بگێڕین، ناتوانین تەرمەکەى بدۆزینەوە”.
بومەلەرزەکانى 6ـى شوبات شوێنى حەوانەوەى ملیۆنان کەسی لە 11 پارێزگاى باکورى کوردستان و تورکیا ژێروژور کرد، بەگوێرەى ئامارەکان زیاتر لە 160 هەزار باڵەخانە روخان.
بەگوێرەى ئەو ئامارەى دەزگاى کارەسات و فریاگوزارى تورکیا بڵاویکردووەتەوە، تاوەکو ئێستا نزیکەى 46 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە. بەڵام وەک پەیامنێرى بی بی سی دەڵێت، کاتێک دیمەنەکان بینینت دەزانیت هیچ شوێنێکى ژیان نەماوە، بۆیە سەختە ژمارەى راستەقینەى قوربانیان بزانرێت، دەکرێت زۆر لەو ژمارەى ئێستا زیاتر بێت.