زووم:
رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی هەنگاو، رایگەیاند، لە ورمێ و کرمانشان، هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر دەیان خوێندکاری کچ و بەوهۆیەوە ژەهراویبوون و بۆ نەخۆشخانەکان گواستراونەتەوە.
نزیکەی سێ مانگە، لە چەندین شاری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، خوێندکارانی کچ لە خوێندنگە و بەشە ناوخۆییەکان بە شێوەیەکی مەترسیدار ژەهراوی دەبن و ئەم پرسە جگە لە کاردانەوە ناوخۆییەکان بووەتە جێگەی نیگەرانیی رێکخراوە نێودەوڵەتی و وڵاتانی جیهانیش.
بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، قوتابخانەی کچانەی شمشادیان و بەعسەتی نموونەیی لە گەڕەکی حافزیەی #کرماشان، کراونەتە ئامانجی هێرشی کیمیایی و ژمارەیەک لە قوتابییان ژەهراوی بوون و بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە.
هەر ئێستا هێزەکانی سوپای پاسداران لە دوو شوێنی گەڕەکی حافزیە، جێگیر کراون.
— Hengaw Organization for Human Rights (@HengawO) March 5, 2023
رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاند، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە (5ی ئازاری 2023) 75 خوێندکاری دیکە لە بەشە ناوخۆییەکانی یاس لە ناوەندی شاری ورمێ، حەوت کچ لە خوێندنگایەکی شاری ئیلام و بە دەیان خوێندکارێکی دیکەی کچ لە قۆتابخانەی دواناوەندی ‘مەعسومە شاهد’ی شاری کرمانشان، روبەڕوی هێرشی کیمیایی بوونەتەوە و بۆ نەخۆشخانەکان گوازراونەتەوە.
ژەهراویبوونی خوێندکارەکان بووەتە پرسێکی سەرەکیی هاوڵاتیان، بەرپرسان و میدیاکانی ئێران. بەگوێرەی ئاماری فەرمیی حکومەتی ئێران نزیکەی 100 خوێندکار ژەهراوی بوون، بەڵام میدیاکانی ئۆپۆزسیۆن دەڵێن، نزیکەی هەزار خوێندکاری کچ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان روبەڕوی هێرشی کیمیایی بوونەتەوە.
بەرپرسانی ئێران ژەهراویکردنی خوێندکارە کچەکان بە دەستی دەرەکی لەقەڵەم دەدەن، بەڵام ئۆپۆزسیۆن پێیوایە، ژەهراویکردنی کچان دەستی دەسەڵاتی لە پشتەوەیە.
ئەم پرسە وایکردووە خانەوادەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان منداڵانیان بۆ خوێندنگاکان نەنێرن. رێکخراوی یونیسێفیش نیگەرانی خۆی نیشاندا و گوتی، دەبێت حکومەتی ئێران ئەم پرسە یەکلابکاتەوە، چونکە ئەم پێشهاتە کاریگەریی خراپ لەسەر داهاتووی خوێندکاران و بە تایبەتی کچان دادەنێت.