هەفتەى رابردوو چین پرۆژەیەکى 12 خاڵى بۆ ئاشتى جیهانیی راگەیاند، ئەمڕۆش فۆکەسى خستە سەر کێشە لەمێژینەکەى نێوانى لەگەڵ تایوان بە رێگەى ئاشتى.
لی کێکیانگ، سەرۆکوەزیرانی چینە، ئەو بەڵێنیدا بە ئاشتییانە لەگەڵ تایواندا یەکبگرنەوە، لەهەمانکاتدا دژی سەربەخۆیشی دەوەستنەوە.
تایوان دورگەیەکە دەکەوێتە باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیا، لەنێو ئۆقیانوسی هادی، 140 کیلۆمەتر لە باکوری رۆژئاوای چینەوە دورە.
چین داواى یەکگرتنەوە لە تایوان دەکات
چین، تایوان بە بەشێک لە خاکى خۆی دەزانێت و داواى یەکگرتنەوەى دەکات، بەڵام تایوان داواکارییەکە رەتدەکاتەوە و مکوڕە لەسەر سەربەخۆیی وڵاتەکە.
بەرپرسانى تایوان لە وەڵامى داواکارییەکەى ئەمڕۆى چیندا دەڵێن، پێویستە چین رێز لە خەڵکی تایوان و سەربەخۆیی وڵاتەکە و پابەندبوونی بە دیموکراسی بگرێت.
ناکۆکییەکانى چین و تایوان لە بیستەکانى سەدەى رابردوودا بەهۆى شەڕى ناوخۆى چین دەستپێکرد، تایوان ساڵى 1949 دامەزرا، بەڵام تاوەکو ئێستا لەسەر ئاستى جیهان تەنها 23 وڵات دانیان پێدا ناوە.
ئەمریکا پشتیوانییەکى سەرەکى تایوانە، مانگی ئابی ساڵی رابردوو، نانسی پێلوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەوکاتى ئەمریکا سەردانى تایوانى کرد، ئەوەش چینى زیاتر نیگەران کرد و چەند مانۆرێکی سەربازی لەدەوروبەری تایوان ئەنجامدا.
ئەمڕۆ رێوڕەسمى ساڵانەی کردنەوەی پەرلەمانی چین بەڕێوەچوو، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە رایگەیاند، پەکین لەگەڵ ئەوەدایە “یەک چین” هەبێت، کە مەبەست لێی ئەوەیە تایوانیش بەشێکە لەو وڵاتە.
ئەو گوتى، دەبێت حکومەت سیاسەتەکانی حزب جێبەجێ بکات، بۆ چارەسەری پرسی تایوان و هەنگاوی کاریگەر بنێت بۆ روبەڕبوونەوەی سەربەخۆیی تایوان.
پەرلەمانى چین بودجەى سەربازى 7.2% زیاد کرد
هەرچەرچەندە ئەو باسی هیچ بژاردەیەکى سەربازى نەکرد، بەڵام لە هەمان کۆبوونەوەی پەرلەماندا بوو، کە بودجەی سەربازى چینى لەسەدا 7.2 زیادکرد، کە دەگاتە 225 ملیار دۆلار.
چین لە دواى ئەمریکا دووەم وڵاتى جیهانە لە گەورەیى بودجە سەربازییەکەى، بیانوەکەشى ئەوەیە لەژێر هەڕەشەی دەرەوەدایە، بەبێ هیچ ئاماژەیەک بە سەرچاوەی هەڕەشەکان بکات.
74 ساڵە ناکۆییەکە بەردەوامە، تسای ئینگوێن، سەرۆکی تایوان، پێشتر چەندجارێک هەوڵیداوە لەگەڵ چین گفتوگۆی ئاشتییانە بکات، بەڵام چین ئامادەنەبووە لەگەڵیدا دابنیشێت و بە کەسێکى جوداخواز ناوى بردووە.
تایوان ئامادە نییە بچێتە ژێر بارى داواکارییەکەى چین و دەڵێت، گەلە 23 ملیۆنیەکەیەتی بڕیار لە داهاتووی وڵاتەکە دەدەن، نەک چین.