زۆر کەم لە سەرکردەکانی سەدەی بیست و یەک، بەر لە سەرکەوتن بە پلیکانەکانی دەسەڵاتدا، ژیانی ئەشکەوت و کێڵگەکانیان ئەزموون کردووە. شی جینپینگ ، یەکێکە لەو سەرکردە دەگمەنانە.
شی جینپینگ ساڵی 1953 لەدایکبووە، تاوەکو رادەیەکی زۆر منداڵییەکی بەختەوەرانەی بەسەربردووە، باوکی یەکێک بووە لە سەرکردەکانی شۆڕشی کۆمۆنیستی. بەڵام دواتر و لە شەستەکاندا روبەڕوی تەسفیە حساب بووەتەوە، خێزانەکەی دەربەدەر کراون و دەگوترێت خوشکێکی خۆی کوشتووە.
لەو سەردەمەد شی جینپینگ لە پەکین بە تەنها دەژیا، بەبێ هاوڕێ و بەبێ کەسوکار، هیچ کەس نەبوو لە پاسەوانانی سوپای سوور بیپارێزێت، هەربۆیە هەمیشە هەڕەشەی گرتن و کوشتنی لەسەر بوو.
شی جینپینگ لە چاوپێکەوتنێکیدا رۆژنامەنوسیدا، دەڵێت، تەمەنم 14 ساڵان بوو، پاسەوانێکی سوپای سوور پرسیاری لەبارەی قورسایی تاوانەکانمەوە لێکردم، منیش وەڵاممدایەوە و گوتم خۆتان دەتوانن مەزەندەی بکەن، کە چەندێک تاوانبارم.. پاسەوانەکە گوتی، دەتوانین 100 جار لەسێدارەت بدەین.. منیش وەڵاممدایەوە، کە سێدارە هەر سێدارەیە، جا یەک جار بێت یان 100 جار.
لە تەمەنی 15 ساڵیدا شی چینپینگ لەلایەن دەوڵەتەوە و بە ئامانجی دووبارە پەروەردەکردنەوە رەوانەی کێڵگەیەکی کشتوکاڵکردن دەکرێت، حەوت ساڵ لە گوندێکی هەژاری دوورەدەستدا کاردەکات و لە ئەشکەوتێکدا رۆژ دەکاتەوە. ئەمەش دەبێتە یەکێک لە ئەزموونە قورسەکانی ژیانی جینپینگ.
ئەو حەوت ساڵە ژیانێکی قورس بەڕێدەکات، نە کارەبا و نە هۆکاری گواستنەوە و نە هیچ ئامێرێکی میکانیکی لەبەردەست نابێت، شەوان بۆ خەوتن دەگەڕێتەوە بۆ ئەشکەوتەکە و لەژێر چرادا دەست بە خوێندنەوە دەکات.
شی چینپینگ دەڵێت، ئەزموونە سەختەکە لە تەمەنی 22 ساڵیدا کۆتاییهات، ئەوکاتە ئامانجەکانی ژیانم روونبوونەوە، متمانەی زۆرم بەخۆم هەبوو.
هەر لە سەردەمی ژیانی ئەشکەوتەوە، شی جینپینگ بەدوای کاری سیاسییەوە بووە، ئەگەرچی سەرەتا بەهۆی رابردووی باوکییەوە داواکاریی بوون بە ئەندامێتیی لە پارتی کۆمۆنیستدا رەتدەکرایەوە، بەڵام سەرەنجام لەساڵی 1974 دا وەکو ئەندام وەرگیرا. دواتر بووە کەسی یەکەمی پارتی کۆمۆنیست لە شانگەهای، کە دووەم گەورەترین شاری چین و سەنتەری بازرگانیی وڵاتەکەیە.
پاش بڕینی پلەکانی حزب، لە ساڵی 2000 دەبێتە پارێزگاری فوجیان، پاش هەشت ساڵ دەبێتە جێگری سەرۆک و لە ساڵی 2012دا بۆیەکەمجار پۆستی سەرۆک یاخود ئەمینداری گشتیی پارتی کۆمۆنیستی چین وەردەگرێت و دەبێتە کەسی یەکەمی وڵات.
شی جینپینگ بڕوانامەی زانکۆی لە ئەندازیاریی کیمیاییدا وەرگرتووە، بەپێچەوانەی سەرۆکەکانی پێشووی وڵاتەکەوە، دوودڵ نەبووە لە دەرخستنی هاوسەرەکەی، کە بینگ لوان-ی گۆرانیبێژە.
لە یەکەم دەستپێشخەرییەکانی لەدوای گرتنەدەستی دەسەڵات، هەڵمەتێکی سەرتاسەری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی راگەیاند، کە زۆر بە خێرایی هەزاران بەرپرسی پلەباڵا و پلەنزمی لە پۆستەکانیان دورخستەوە.
شی جەختیشی لە گرنگی “سەروەری یاسا” دەکردەوە و داوای پابەندبوون بە دەستووری چین و پیشەییکردنی زیاتری دەسەڵاتی دادوەری دەکرد وەک ئامرازێک بۆ پەرەپێدانی سۆسیالیزم بەڵام بە “تایبەتمەندی چینی”.
لە ژێر سەرکردایەتی شیدا، چین لە کاروباری نێودەوڵەتیدا زیاتر پێداگری لەسەر سەروەری خاکی خۆی بەسەر هەموو دەریای باشووری چیندا دەکرد.
یەکێک لە پرۆژە ستراتیجییەکانی حکومڕانی شی راگەیاندنی “یەک پشتێنە، یەک رێگا” بوو لە سەرەتای گرتنەدەستی دەسەڵاتدا.
لە ڕێگەی درووستکردنی دووپشتێنەوە، لە کۆتایی سەرەوەی کیشوەری ئەوروپا و کۆتایی خوارەوەی ئاسیا کە نزیکەی 150 وڵات دەگرێتەخۆ بۆ بازرگانی هاوبەش و ژێرخانی ئابووری و پڕۆژەکانی گەشەپێدان، چین بەرەو پێشچوونی زۆری بەخۆیەوە بینی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵات و ناوەڕاستی ئاسیا و ئەوروپا.
شی توانی لە یەکەم خولی سەرۆکایەتی چیندا بە خێرایی دەسەڵات بچەسپێنێت. لە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا سەرکەوتنەکانی بەردەوام بوون، تا کۆتایی ساڵی 2017 زیاتر لە یەک ملیۆن گەندەڵ سزا دران.
لە ئۆکتۆبەری 2016دا، پارتی کۆمۆنیستی چین نازناوی “سەرکردەی ناوازەی”ی پێبەخشی، کە پێشتر تەنیا بە کەسایەتییە کاریگەرەکانی حزبەکە وەک ماو تسی تۆنگ، دێنگ شیاوپینگ و جیانگ زێمین درابوو؛ بەم نازناوەش پێگەی شی زیاتر بەرزبۆوە.
ساڵێک دواتر حزبی شیوعی دەنگیدا بە فەرمی چەسپاندنی ناو و ئایدیۆلۆژیای شی، کە بە “فیکر” ناساندیان و تێیدا “بیری شی جینپینگ لەسەر سۆسیالیزم بە تایبەتمەندی چینی لە سەردەمێکی نوێدا” ناسێندرا. ئەمەش شەرەفێک بوو کە لە دەستووری پارتەکەدا، وەک رێزلێنانێک کە پێشتر تەنها بە ماو دەبەخشرا، بە “شی” درا.
دواتر ئایدیۆلۆژیای شی لە دەستووری وڵاتەکەدا جێگیرکرا بە هەموارکردنەوەیەک کە لە مانگی ئازاری 2018دا لەلایەن کۆنگرەی نیشتمانی گەلەوە پەسەندکرا.
لە هەمان دانیشتنی یاساداناندا، کۆنگرەی نیشتمانی گەل هەموارکردنی دیکەی لە دەستووردا تێپەڕاند، لەوانە هەموارێک کە سنووری ماوەی سەرۆکایەتی و جێگری سەرۆکی وڵاتەکەی هەڵوەشاندەوە.
هەر ئەم گۆڕانکارییەش بوو ئەمڕۆ ڕێگە بە شی دەدات بۆ سێیەم خول لە پۆستەکەی بمێنێتەوە، بگرە تاهەتایە دەتوانێت وەکو سەرۆک بمێنێتەوە.
دەسەڵات و کاریگەری شی لە ساڵی 2021 بەهێزتر بوو کاتێک پارتی کۆمۆنیستی چین لە مانگی تشرینی دووەمی ئەوساڵەدا بڕیارنامەیەکی مێژوویی دەرکرد کە تیایدا چاوی بە “دەستکەوتە گەورەکان و ئەزموونی مێژوویی” 100 ساڵەی حیزبەکەیدا خشاندەوە.
لە بریارنامە مێژووییەکەدا بەشێوەیەک ستایشی سەرکردایەتی شی کرابوو زیاتر لە نیوەی بەڵگەنامەکان تەرخانکرابوون بۆ ئەو دەستکەوتانەی کە لە سەردەمی نۆساڵەی حوکمڕانی ئەودا بەدەستهاتبوون، وەک کەمکردنەوەی هەژاری و سنووردارکردنی گەندەڵی.
ئەمەش سێیەم بڕیارنامەی لەو جۆرە بوو لە مێژووی پارتەکەدا کە بووە هۆی بەرزتر کردنەوەی پێگەی شی، ئەمەش دڵنیاییدا لەوەی کە لە داهاتووشدا وەک کەسایەتییەکی بەرچاو لە مێژووی پارتەکەدا سەیر دەکرێت.
لە وتارەکەی رۆژی یەکشەممەدا، شی سەرکردایەتیکردنی حیزبەکەی وەک “گەشتێکی نوێ بۆ گۆڕینی چین بۆ وڵاتێکی سۆسیالیستی مۆدێرن” ناوبرد.
گوتیشی چین ناتوانێت بە دابڕان لە جیهان گەشە بکات، هەروەها جیهانیش پێویستی بە چین هەیە. ئێمە مۆدێلێکی چینی لە فیکری مارکسیزم دەهێنینە دی.