زووم:
دەستەی دەستپاکیی عێراق ئەمڕۆ شەممە (4ی ئازاری 2023) رایگەیاند، وەزیری پێشووتری رۆشنبیری و بریکارەکەی بانگێشتی دادگا کراون بۆ لێپرسینەوە لە بارەی دۆسیەی “گەنجینەی نەمرود”.
بە گوێرەی نوسراوی بەڕێوەبەرایەتیی لێکۆڵینەوەی دەستەی دەستپاکی، هۆکاری بانگێشتکردنەکە ئەوەیە کە وەزارەتی رۆشنبیری بۆ نمایشکردنی “گەنجینەی نەمرود” لە مۆزەخانەکانی ئەوروپادا گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەکی دانیمارکیدا ئیمزاکردووە، لەکاتێکدا لەوکاتەدا کۆمپانیاکە “مایەپوچ” بووە.
وەکو نوسراوەکەی دەستەی دەستپاکی ئاماژەی پێداوە، کۆمپانیا دانیمارکییەکە توانای ئەوەی نەبووە پارێزگاریی لە گەنجینەکە بکات، هاوکات رێککەوتنەکە بەبێ ئاگاداریی یونسکۆ کراوە و ئەم رێکخراوە نێودەوڵەتییە پشتگیریی نەکردووە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی “شەفەق نیوز”، وەزیرەکە ناوی “موفید جەزائیری”یە و لە سەردەمی حکومەتی کاتی عێراق لە 2003 وەزیری رۆشنبیری بووە، بریکارەکەیشی سەربەست بامەڕنی بووە.
کۆمپانیا دانیمارکییەکە وەک قەرەبوو داوای 8ملیۆن دۆلاری لە عێراق کردووە
گرێبەستەکەی وەزارەتی رۆشنبیری عێراق و کۆمپانیا دانیمارکییەکە بە ناوی “ئێکس ئۆپشن یونایتد گرووپ” بە جۆرێک بووە کە ئەگەر هەر لایەنێک پابەند نەبێت ئەوا پێویستە وەک قەرەبوو بڕی هەشت ملیۆن دۆلار بدات بەلایەنی بەرامبەر.
بە گوێرەی نوسراوێکی وەزارەتی رۆشنبیری کە لە ساڵی 2015 و لە سەردەمی دەسەڵاتی فریاد رواندزی دەرچووە، کۆمپانیا دانیمارکییەکە سکاڵای لەسەر وەزارەتی رۆشنبیری تۆمارکردووە بە هۆی جێبەجێنەکردنی گرێبەستەکە.
لە نوسراوەکەی ئەو کاتی وەزارەتی رۆشنبیری هاتووە کە گرێبەستەکە لە ساڵی 2003 بەشێوازێکی “پەلە” کراوە و عێراق پابەند نابێت پێوەی و کۆمپانیا دانیمارکیەیکەش سکاڵاکەی دۆراندووە و دۆسیەکە داخراوە.
“گەنجینەی نەمرود” گەنجینەیەکی ئاڵتونیە و وەک میراتێکی کەلتووریی عێراق دەبینرێت، لە 650 پارچە ئاڵتونی قەبارە جیاواز پێکدێت، نرخەکەی بە پارە ناخەمڵێندرێت.
گەنجینەکە میراتێکی کەلتووریی عێراقە
دۆزینەوە و هەڵکەندنی گەنجینەی نەمرود لە ساڵی 1988 لە ناوچەی نەمرود (37 کم لە باکووری موسڵ) دەستیپێکردووە و لە ساڵی 1992 کارەکانی هەڵکەندنەکە کۆتاییان هاتووە، بە گوتەی شوێنەوارناسان مێژووی گەنجینەکە دەگەڕێتەوە بۆ سێ هەزار ساڵ لەمەوبەر.
گەنجینەکە دەگەڕێتەوە بۆ دوو شاژنی ئاشورییەکان، کە لە دوای مردنیان لەگەڵ خۆیان نێژراوە، لە ساڵی 2003 دوای جەنگی ئەمریکا گەنجینەکە لەلایەن ئەمریکییەکانەوە دەستی بەسەردا گیرا و لە مۆزەخانەی نیشتمانیی بەغداد نمایشکرا و دواتر گەڕێندرایەوە گەنجینەی بانکی ناوەندیی عێراق.
دەستەی دەستپاکیی عێراق، دەڵێت رێککەوتنەکەی نێوان وەزارەتی رۆشنبیریی عێراق و کۆمپانیا دانیمارکییەکە لە سەردەمێکدا بووە کە دەستوری گشتی لە وڵاتدا نەبووە و هیچ چوارچێوەیەکی یاسایی بوونی نەبووە کە رێگەبدات بەبردنە دەرەوەی ئەم گەنجینەیە بۆ دەرەوەی وڵات، ئیمزاکردنی گرێبەستەکە لەلایەن وەزیری رۆشنبیری ئەوکات، بەرپرسیاریەتی دەخاتە سەر شانی.
دادوەری دادگای کەرخ بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوەکان بڕیاری لێپێچینەوەی دەرکردووە بۆ وەزیری پێشوتری رۆشنبیری و بریکارەکەی و فرمانی دەستگیرکردنی دەرکردووە بۆ بەڕێوەبەری نوسینگەکەی وەزیر، بە گوێرەی مادەی 331 لە یاسای سزادانی عێراقی