لە شارى باخموتى ئۆکراین سوپای ئۆکراین و روسیا لە شەڕى کۆڵان بە کۆڵاندان، دیمەنەکان وێرانبوونى شارەکە دەسەلمێنن. وەک جێگرى پارێزگارى شارەکە دەڵێت، سوپاى ئۆکراین هێشتا بەرگرى دەکات و سوپاى روسیا نەیتوانییەوە کۆنترۆڵى بکات.
ئۆلێکساندر مارچێنکۆ، جێگری پارێزگاری باخموت قسەی بۆ کەناڵی بی بی سی بەریتانی کردووە و گوتویەتی، تەنها چوار هەزار هاوڵاتی لە شارەکەدا ماون، ئەوانیش خۆیان حەشارداوە و بێ ئاو، کارەبا و گەرمکەرەوەن.
شارەکە بەتەواوی وێران بووە
ئەو دەڵێت، شارەکەیان بەتەواوی وێران بووە، تەنانەت باڵەخانەیەکیش وەک خۆی نەماوە.
شاری باخموت بۆ ماوەی چەندین مانگە لەژێر ئاگری جەنگدایە. کۆنترۆڵکردنی ئامانجێکی سەرەکی سوپای روسیایە. ئەگەر کۆنترۆڵی بکات، دەبێتە سەرکەوتنێکی “دەگمەن” بۆ روسیا لە دوای پاشەکشە سەربازییەکەی لە پایزی ساڵی رابردوودا.
باخموت شارێکی ستراتیجی ئۆکراینە، کە بە سامانی سروشتیی دەوڵەمەندە. بەهۆی شوێنی جوگرافییەکەیەوە، وەک ناوەندێکی گواستنەوە سەیردەکرێت و ناوچەیەکی پیشەسازی ئۆکراینە. سەرەڕای ئەوەش لە سنوری روسیا نزیکە و داگیرکردنی لەلایەن روسیاوە، ئەگەری لەشکرکێشی دیکە بۆسەر ناوچەکانی دیکەی ئۆکراین ئاسانتر دەکات.
پێش چەند رۆژێک گروپی ڤاگنەری روسیا، لە دوای شەڕێکی سەخت توانییان زۆربەی شارەکە گەمارۆ بدەن.
ئەمڕۆ ئاژانسی جەنگیی بەریتانیا رایگەیاند، پێشڕەوییەکانی روسیا لە ناوچەکانی باکوری باخموت، مەترسی خستووەتە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئۆکراین، لە شارەکە. دەڵێت روسیا لە سێ قۆڵەوە هێرشی بۆسەر شارەکە دەستپێکردووە.
جێگری پارێزگاری باخموت راشیگەیاند، هێرشەکانی روسیا دەرخەری ئەوەن مۆسکۆ نایەوێت هیچ شتێک لەو شارەدا بە “سەلامەتی” بهێڵێتەوە، بۆیە پێیوایە روسیا دەیەوێت خەڵکی ئۆکراین “جینۆساید” بکات.
ئەو گوتیشی، “لە ئێستادا هیچ هێڵێکی پەیوەندیی لەوشارەدا کارناکات، پردەکان روخاون.
دوێنێ سوپای ئۆکراین رایگەیاند بەرپەرچی زۆرێک لە هێرشەکانی روسیایان بۆ سەر باخموت داوەتەوە.
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، بەردەوامیدان بەو بەرگرییە پیێویستی بە تۆپ و هاوەن هەیە بۆ ئەوەی بتوانن روسیا بوەستێنن. ئەو بەردەوام داوای چەکی قورس لە پشتیوانە رۆژئاواییەکانی دەکات.
دوایین پاکێچی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکراین، وەک ئەنتۆنی بڵینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، موشەکی هیمارس و تۆپ لەخۆدەگریت و توانای بەرگری ئۆکراین زیاتر دەکات.
هاوکات جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و ئۆلاف شۆڵز، راوێژکاری ئەڵمانیا، لە کۆبوونەوەی دوێنێیاندا لە واشنتن بەڵێنی بەردەوامبوونی هاوکارییەکان بۆ ئۆکراین دا، کە لە ساڵى دووەمى جەنگەیدایە بەرامبەر بە روسیا.
بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی بایدن رایگەیاند، بایدن و شوڵتز لە واشنتن کۆبوونەوەیەکی تایبەتیان ئەنجامداوە، کە زیاتر لە کاتژمێرێکی خایاندووە. گفتوگۆیان کردووە لەبارەى گرنگی بەردەوامی “هاودەنگى جیهانی” لەگەڵ خەڵکی ئۆکراین، بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری ئەمنیی، مرۆیی، ئابوریی و سیاسیی بۆ ئۆکراین.
بایدن سوپاسی راوێژکارى ئەڵمانیای کرد بۆ “سەرکردایەتی بەهێز” لە پاڵپشتیکردنی ئۆکراین.
هاوکات شۆڵز گوتی، گرنگە نیشانى بدەین هاوپەیمانان پشتگیری لە کیێڤ دەکەن “هەرچییەک پێویست بێت، تاوەکو ئەو کاتەی ئۆکراین پێویستى پێیەتى”.
بەگوتەى بەرپرسانى ئەمریکا لە کۆبوونەوەکەدا بە وردى باسی دۆخى جەنگەکە و چۆنێتى وەڵامدانەوەى چین کراوە، ئەگەر هاوکارى سەربازى پێشکەش بە روسیا بکات.