زووم:
شکانی قاچێکی مێزە شەش کورسییەکەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، هاوشێوەی بومەلەرزەیەکی سیاسی دەبێت لە تورکیا.
شەش پارتە ئۆپۆزسیۆنەکەی تورکیا کە ساڵێک بوو لەژێر ناوی هاوپەیمانی گەلدا کاری پێکەوەییان دەکرد، سەرەنجام نەیانتوانی لەسەر “کاندیدی هاوبەشی سەرۆکایەتی” رێکبکەون.
مەراڵ ئاکشەنەر، سەرۆکی پارتی باش، کەمال کلچدارئۆغلۆ، سەرۆکی پارتی گەلی کۆمارى (جەهەپە)ى قبوڵ نییە ببێتە کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە.
شەش سەرۆکی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان ئێوارەی پێنجشەممە رایانگەیاند کە “گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش” لەبارەی کاندیدی سەرۆکایەتی، بەڵام ناوی هیچ کاندێدێک لە راگەیەندراوەکەدا نەهاتبوو. کاندیدکردنی کەمال کلچدارئۆغلۆ، کە لەلایەن پارتەکانی جەهەپە، دەڤا، دیموکرات، ئایندە و سەعادەتەوە قبوڵکرابوو، لەلایەن مەراڵ ئاکشەنەر، سەرۆکی پارتی باشەوە گواسترایەوە بۆ دەستەی بەڕێوەبەری پارتەکەی و دواتریش بە کۆی دەنگ رەتیانکردەوە.
ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری پارتی باش دەنگیان لەسەر کاندیدکردنی کەمال کلچدارئۆغلۆ ئەنجامدا و بە کۆی دەنگ بڕیاری “نەخێر”ى دا.
ئاکشەنەر پاش کۆبونەوەکەی دوێنێی سەرۆکانی ئۆپۆزسیۆن، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا، بە فەرمی کاندیدکردنی کلچدائۆغلۆی رەتکردەوە و ئاماژەیبەوەدا ئەوان وەک پارتی باش لەگەڵ کاندیدکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ، سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ یان مەنسور یاڤاش، سەرۆکی گەورە شارەوانی ئەنقەرەدان.
یاڤاش و ئیمامئۆغلۆ پشتگیریی خۆیان بۆ کلچدارئۆغلۆ دەربڕی
دوابەدوای بانگەوازەکەی ئاکشەنەر، ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ، سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ و مەنسور یاڤاش، سەرۆکی گەورە شارەوانی ئەنقەرە، لە یەککاتدا تویتیان کرد.
مەنسور یاڤاش، دەڵێت “لە دەرەوەی فەرمانی کەمال کلچدارئۆغلۆی سەرۆکمان ناجووڵێینەوە. ئێستاش بە هەمان شێوە بیر دەکەینەوە. هیوادارین رێرەوی هاوپەیمانی گەل وەک پێشووتر بەردەوامبێت.”
Bugüne kadar yaptığımız açıklamalarda Genel Başkanımız Sn. Kemal Kılıçdaroğlu’nun iradesi dışında hareket etmeyeceğimizi belirtmiştik. Aynı çizgideyiz.
Temennimiz, Millet İttifakı’nın tüm paydaşlarıyla yoluna devam etmesidir.@ekrem_imamoglu
— Mansur Yavaş (@mansuryavas06) March 3, 2023
ئەکرەم ئیمامئۆغلۆش لە تویتەکەیدا نووسیویەتی، “هاوپەیمانی گەل، یەکێتییەکی سیاسییە کە بۆ ئیرادەی کارا و دیموکراسیکردنی دەوڵەت دامەزراوە و کۆمەڵگاش بەرەو ئاشتی ببات، بەمشێوەیە بەرپرسیاریەتیەکی قورسی هەڵگرتووە لەم کاتە قورسەدا کە گەلەکەمان پێیدا تیدەپەڕێت. باوەڕموایە هاوپەیمانی گەل دەریدەخات کە گەلەکەمان بێچارە، بێهیوا و تەنیا نییە”.
Millet İttifakı halkımızın içinden geçtiği zor bir dönemde ağır bir sorumluluk alarak devleti etkin ve demokratik, toplumu huzurlu ve zengin kılma iradesiyle kurulmuş bir siyasi birliktir. Milletimize çaresiz, umutsuz ve yalnız olmadıklarını göstereceklerine inanıyorum.
— Ekrem İmamoğlu (@ekrem_imamoglu) March 3, 2023
ئەم پێشهاتە سیاسییە چاوەڕواننەکراوە، وەکو “بومەلەرزەیەکی سیاسی” هاوسەنگی و هاوکێشەکانی تورکیای هەژاند و کاریگەری لەسەر رێژەی دەنگی هاوپەیمانێتیەکان هەیە، بێگومان ئەگەر پارتی باش لەسەر ئەم هەڵوێستەی بەردەوامبێت و پەشیمان نەبێتەوە.
کلچدارئۆغلۆ: ئەردۆغانیزم قبوڵ ناکرێت
دوای ئەم پێشهاتە، کەمال کلچدارئۆغلۆ پەیامێکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوکردەوە و گوتی، “سفرەی ئێمە، سفرەی ئیبراهیم خەلیلە. سفرەی هەموو رەنگەکانە. ئامانجی ئێمە بە تەنیا گۆڕینی سەرۆککۆمار نییە، بەڵام دەمانەوێت تورکیایەکی جوان بنیات بنێین”.
Soframızı büyütmeye devam edeceğiz. Sabırla… pic.twitter.com/ODEUblmWO1
— Kemal Kılıçdaroğlu (@kilicdarogluk) March 3, 2023
سەرۆکی جەهەپە ئاماژەی بەوەدا، “ئەو بۆچوونەی کە دەڵێت با ئەردۆغان بڕوات، بەڵام ئەردۆغانیزم بمێنێت قبوڵ ناکرێت. هاوبەشەکانی ئێمە لە میدیاکاندا هیچ لێدوانێکی دژبەیەک بڵاوناکەنەوە. ئێمە بەرپرسیارین و بە بەرپرسیارانە دەجووڵێینەوە.”
هەدەپە: ئامادەین هەموو شتێک بکەین بۆ ئەوەی ئەم دەسەڵاتە نەمێنێت
لەلایەکی دیکەوە، پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئامادەیی پارتەکەی دەربڕی کە لە رووخاندنی حکومەتەکەی ئەردۆغاند، پشتگیری لە جەهەپە بکات.
بوڵدان رایگەیاند، بۆ رووخانی ئەم دەسەڵاتە (ئاکەپە و مەهەپە) ئەوان وەک هەدەپە بەرپرسیاری خۆیان جێبەجێ دەکەن و گوتی، ” ئێمە ئەرکی خۆمان جێبەجێ دەکەین. ئیدی ئەم وڵاتە خۆی لەبەر دەسەڵاتی تاکەکەسێک خۆی ڕاناگرێت.”
لەبارەی پێشهاتەکانی دوێنێ کە ئاکشەنەر بە شێوەیەکی نافەرمی لە هاوپەیمانی گەل کشایەوە، بوڵدان ئەوەی خستەڕوو کە هەر پێشهاتێک رووبدات، لە تورکیا یەک رۆژەڤ هەیە کە ناگۆڕێت، ئەویش رۆژەڤی بومەلەرزەیە و بەم شێوەیە وڵامی ئاکشەنەری دایەوە، ” دەمەوێت بەو کەسانە بڵێم کە دەیانەوێت رۆژەڤی بومەلەرزەکە بگۆڕن، کەس ناتوانێت رۆژەڤی بومەلەرزەکە بگۆڕێت و ئێمە هیچ کاتێک ئازارەکانی بومەلەرزەکە لەبیر ناکەین.”
کاندیدێکی دیکە بۆ هەڵبژاردنەکان زیاد دەبێت
ئەسرین کالایجیئۆغلۆ، کە چاودێرێکی سیاسی دیارە لە تورکیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەشی تورکی ماڵپەڕی دوێچەڤێلای ئەڵمانی رایگەیاند، لە ئێستا بەدواوە، پێشهاتەکان زۆر گەرم دەبن و پێدەچێت پارتی باش کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا ئامادە بکات.
ئەمڕۆش، کەمال کلچدارئۆغلۆ لەگەڵ ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ و مەنسور یاڤاش و ژمارەیەک سەرۆک شارەوانی دیکەی سەر بە جەهەپە کۆبووە، بەڵام ناوەڕۆکی کۆبونەوەکە بڵاونەکراوەتەوە و بڕیارە ئێوارەى ئەمڕۆش، دەستەی ناوەندی جەهەپە بە سەرۆکایەتی کلچدارئۆغلۆ کۆبێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە رۆژی دووشەممە، بڕیارە لە بارەگای پارتی سەعادەت سەرۆکانی پارتەکانی بەشدار لە هاوپەیمانی گەل کۆببنەوە، بەڵام نازانرێت، مەراڵ ئاکشەنەر سەرۆکی پارتی باش کە گۆمەکەی شڵەقاندووە، بەشداری لە کۆبونەوەکەدا دەکات یان نا!