زووم، شەرقولئەوسەت:
لە عێراق بۆنی گۆڕانکاریی دێت، پێشبینی گەڕانەوەی موقتەدا سەدر دەکرێت بۆ نێو گۆڕەپانی سیاسی. دابڕان کەوتووەتە نێو لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە و ئەگەری هەڵبژاردنێکی دیکەی پێشوەختە لەئارادایە.
رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە ژمارەی ئەمڕۆیدا ئەم زانیارییانەی بڵاوکردوونەتەوە و لە لاپەڕەی یەکەمی رۆژنامەکەدا، بە مانشێتێکی گەورە نووسیویەتی “نیشانەی زریانێکی سیاسی لە عێراق دەردەکەوێت”.
رۆژنامە سعودییەکە، لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ئاماژەیبەوەداوە ئەو هاوکێشە سیاسییانەی محەمەد سودانییان هێنایە سەر کورسیی دەسەڵات “ئێستا بەرەو ئەوە دەچێت گۆڕانکاریی بەسەردا بێت”.
شەرقولئەوسەت نووسیویەتی، چاوەڕێدەکرێت بە ئەگەرێکی زۆرەوە موقتەدا بگەڕێتەوە گۆڕەپانی سیاسی، هاوکات دابڕانی گەورە کەوتووەتە نێو لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە کە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو وەکو هاوپەیمانییەکی بەهێز بناغەی کابینەی تازەی حکومەتی عێراقیان داڕشت.
شەرقولئەوسەت دەڵێت، زیاد لە سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو رایانگەیاندووە، پەیوەندیی نێوان سودانی و چوارچێوەی هەماهەنگی ساردیی تێکەوتووە “هاوپەیمانێتییەکە هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام هێشتا رانەگەیەنراوە”. ئەم گرژی و ناکۆکییانە محەمەد سودانییان گەمارۆ داوە و فشاری زۆریان خستووەتەسەر.
“هەڵوەشاندنەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی تەنها ئیعلانکردنی ماوە”
سەرچاوەیەکی سیاسی گوتوویەتی، سودانی و چوارچێوەی هەماهەنگی بە دوو ئاڕاستەی پێچەوانەدا دەڕۆن.
میدیا لۆکاڵییەکانی عێراق ئاماژە بەوەدەدەن، رەنگە سودانی دەست بە گۆڕانکاریی لە کابینەکەیدا بکات، ئەو بەرپرسانە دووربخاتەوە کە بە دڵی ئەمریکییەکان کارناکەن. بەڵام شەرقولئەوسەت دەڵێت، ئەم هەوڵەی سودانی پەیوەندیی بە ناکۆکییە ناوخۆییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە هەیە.
ئەمە ئەوکاتە بە روونی دەرکەوت، کە سەرۆکوەزیران لە پەخشی تەلەفزیۆنیدا بە ئاشکرا رەخنەی لە هەندێک لە وەزیرەکان گرت. پێشتر سودانی بەمشێوەیە راشکاوە قسەی نەکردووە.
سودانی گوتبووی، وەزیرەکان لەپاش کاندیدکردنیان و وەرگرتنی متمانەی پەرلەمانەوە پەیوەندییان بە لایەنە سیاسییەکانەوە نامێنێت، هەر کەسێکیش هەست بە فشار دەکات “ئەوا من لێرە ئامادەم”.
بۆچوونەکان لەبارەی داهاتووی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە جیاوازن، یەکێک لە ئەگەرەکان کەرتبوونی هاوپەیمانێتییە شیعییەکەیە بۆ چەند هاوپەیمانێتییەکی بچوکتر.
سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی، بە شەرقولئەوسەتی گوتووە، ئەگەرێکی بەهێز لە ئارادایە بۆ گەڕانەوەی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر بۆ نێو گۆڕەپانی سیاسی، کە نەخشەی سیاسیی عێراق دەگۆڕێت و هاوشێوەی زریانێکی سیاسی دەبێت بۆ وڵاتەکە.