زووم، ئاژانسەکان
هاوپەیمانی گەل، واتە هاوپەیمانى شەش لاینەکەى ئۆپۆزسیۆنى تورکیا رایگەیاند، دووشەممەى داهاتوو کاندیدی هاوبەشی شەش لایەنەکە بۆ پۆستى سەرۆککۆمارى تورکیا رادەگەیەنین.
رۆژى پێنجشەممە، سەرکردەکانى شەش لایەنەکە کۆبوونەوە و هاوپەیمانییەکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن بۆ دیاریکردنى کاندیدى هاوبەشیان، بۆ ئەوەش رۆژى دووشەممە جارێکى دیکە کۆدەبنەوە و دواتر کاندیدەکە رادەگەیەنن.
پشتیوانى بۆ کڵیچدارئۆغلۆ زیاترە
بەگوێرەى میدیاکانى تورکیا، لەنێو سەرکردەکانی شەش لایەنەکەدا پشتگیرى بۆ کەمال کلیچدارئۆغڵۆ، سەرۆکی جەهەپە هەیە، کە ببێتە کاندیدى هاوبەش، جگە لە پارتى باش، کە دووەم گەورەترین پارتى نێو هاوپەیمانییەکە و مەراڵ ئاکشنەر سەرۆکێتى، هێشتا نەگەیشتووەتە بڕیارى کۆتایی پشتگیرى لە کڵیچدار ئۆغڵۆ بکات.
هەڵبژاردنى تورکیا کەمێک زیاتر لە دوو مانگى ماوە. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا رۆژى چوارشەممە جەختى کردەوە، هەڵبژاردنەکان دواناخرێن و لە رۆژى 14ى ئایاردا ئەنجام دەدرێن.
هەڵبژاردنەکان دواى سێ مانگ لە بومەلەرزەکانى باکورى کوردستان و تورکیا بەڕێوەدەچن، لە بومەلەرزەکاندا زیاتر لە 45 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.
بەگوێرەى پێشبینییەکان پێناچێت هەڵبژاردنەکان لە بەرژەوەندى پارتى دەسەڵاتدار بێت، کە ئاکەپە و مەهەپەیە.
لێرەدا دواین راپرسی دەخەینەڕوو
کۆمپانیای (ئۆ ئاڕ جی) رۆژى چوارشەممە دواین راپرسی خۆی لەبارەی رێژەی دەنگی پارتە سیاسییەکان لە تورکیا و باکوری کوردستان بڵاوکردەوە.
راپرسیەکە لە 45 پارێزگای گەورە تورکیا و باکوری کوردستان، لەنێوان 17 – 21ی مانگی شوبات ئەنجامدراوە، بەگوێرەی ئەنجامەکان هاوپەیمانی کۆمار بە سەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکۆماری ئێستا و سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) لە هەڵبژاردنەکاندا “دەدۆڕێت”.
محەمەد پۆستەکی، سەرۆکی کۆمپانیای (ئۆ ئاڕ جی) ئەنجامی راپرسیی کۆمپانیاکەی بڵاوکردەوە کە ئەنجامەکەی بەم شێوەیەیە:
پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) 29.1٪
پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) 23.5
پارتی باش 19.5
پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) 8.1
پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) 5.4
هەروەها دەنگی پارتە بچووکەکانیش بەم شێوەیەیە:
پارتی دوارۆژ 2.5٪
پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) 2.3٪
پارتی سەرکەوتن 2٪
پارتی گۆڕانکاری تورکیا 1.8٪
پارتی یەکگرتنی گەورە 1.5٪
پارتی نیشتیمان 1.3٪
پارتی رەفاحی نوێ 1٪
پارتەکانی دیکە 2٪
راپرسییەکانى پێشوتریش لە بەرژەوەندى دەسەڵات نەبووە و بەهێزى ئۆپۆزسیۆن نیشان دەدات. ئۆپۆزسیۆن کارنامەکەى بەوشێوە داڕشتووە کە دڵنیایە و دەسەڵات دەگرێتە دەست و کۆتایی بە حکومى 20 ساڵى ئەردۆغان دەهێنێت.