زووم، ئاژانسەکان
بۆلا ئەحمەد تینوبو، کاندیدى پارتى دەسەڵاتدارى نایجیریا هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى وڵاتەکەى بردەوە. ئەو لە بانگەشەدا دروشمى “نۆرەى منە”ـی هەڵگرتبوو.
رۆژى 25ى شوبات دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى وڵات، جێگری سەرۆک، ئەنجومەنی نوێنەران و پیرانى وڵاتەکە بەڕێوەچوو.
بۆلا ئەحمەد تینوبو زۆرتریت دەنگى بەدەستهێنا
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی نایجیریا ئەنجامەکانى رایگەیاند. بۆلا ئەحمەد تینوبو، کاندیدى حزبى کۆنگرەى پێشکەوتوخوازان 36.61% دەنگەکانى بەدەستهێناوە، بەوەش بەسەر کاندیدە رکابەرەکانیدا سەرکەوت.
ئەتیکو ئەبوبەکار دووەم زۆرترین دەنگى بەدەستهێنا
ئەتیکو ئەبوبەکار، جێگری پێشووی سەرۆکی نەیجیریا، کە کاندیدی سەرەکی پارتی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەیە 29% دەنگەکانى بەدەستهێنا.
پیتەر ئۆبی سێیەمى هەڵبژاردنەکەیە
پیتەر ئۆبی، کاندیدى پارتى کرێکاران 25.4%ى دەنگەکانى بەدەستهێنا.
بۆلا تینوبو 70 ساڵ، یەکێکە لە دەوڵەمەندترین سیاسیبەکانى نایجیریا. پێشتر پارێزگارى ویلایەتى لاگۆس بووە. ئەو دەنگى زۆرى بەدەستهێناوە و زۆرینەى گەنجان دەنگیان پێداوە، بەگوێرەى راپۆرتى ئاژانسەکان.
نەیجیریا وەک گەورەترین وڵاتی دیموکراسی ئەفریقا هەژماردەکرێت، کە لە ساڵی 1999ەوە کار بە سیستمی دیموکراسی دەکرێت و دەنگدان تێدا پیادە دەکرێت.
هەرچەندە هێزێکى زۆر بڵاوەى پێکرا بۆ ئەوەى هەڵبژاردنێکى بێ کێشە بەڕێوەبچێت، بەڵام نەتواندرا ئەوە بکرێت، ماوەى دەنگدانەکەش کە شەش کاتژمێر بوو، دواتر درێژکرایەوە، بۆیە پارتى دەسەڵاتدار روبەڕوى رەخنە بووەوە.