سەرۆکی جەهەپە رایگەیاند، سبەینێ لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن پرسی کاندیدی هاوبەشی سەرۆکایەتی یەکلایی دەکەنەوە و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیاش دەڵێت، ئەوان ناتوانن هەڵبژاردنەکان دوابخەن.
کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی گشتی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی سوزجو رایگەیاند، سبەینێ 2ـی ئادار، هاوپەیمانی گەل بە بەشداری سەرۆکانی شەش لایەنی ئۆپۆزسیۆن کۆدەبنەوە و بڕیاری کۆتایی لەبارەی کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا دەدەن.
کلچدارئۆغلۆ دەڵێت، ” هەموو لایەنەکانی تورکیا ئیدی خۆیان یەکلایی کردووەتەوە کە پێویستە 14ـی ئایار هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی ئەنجام بدرێت. کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا (یەسەکە) پێویستە دەست بە ئامادەکاریەکان بکات. نابێت رایبگەیەنێت کە ‘ فریا ناکەوین و ناتوانین هەڵبژاردن بکەین’ و ئەگەر هەڵوێستێکی بەو شوێوەیەیان هەبێت، ئێمە قبوڵی ناکەین.”
سەرۆکی جەهەپە ئەوەی خستەڕوو کە پێویستە کۆمسیۆن دەست بە رێوشوێنەکان لە ناوچە زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکەی شەشی شوبات بکات و ئامادەکاریەکانی بۆ هەڵبژاردن تەواو بکات.
تەنیا لە دۆخی شەڕدا هەڵبژاردن دوادەخرێت
لەلایەکی دیکەوە، پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ) تویتێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، شاندێکیان سەردانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیای کردووە و پرسیاریان لە بەرپرسانی کۆمسیۆن کردووە کە ئایا ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن هەیە؟ لە وڵامدا بەرپرسانی کۆمسیۆن ئاماژەی بەوەکردووە، بەگوێرەی یاساکان، تەنیا لە دۆخی شەڕدا دەکرێت هەڵبژاردن دوابخرێت. ئەویش لە رێگەی پەرلەمانەوە دەبێت کە بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پەسەند بکرێت، کۆمسیۆن ناتوانێت بە هیچ شێوەیەک بڕیارێکی بەو شێوەیە دەربکات.
Türkiye İşçi Partisi’nin başvurusuna Yüksek Seçim Kurulu tarafından verilen cevapta “savaş hali ve TBMM kararı dışında” seçimin ertelenmesinin mümkün olmadığı bildirildi. pic.twitter.com/xWV7WLeR2m
— Türkiye İşçi Partisi (@tipgenelmerkez) February 28, 2023
دوێنێ کورشاد زۆرلو، گوتەبێژی پارتی باش لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاندبوو ئۆپۆزسیۆن پرسی کاندیدی هاوبەش یەکلایی دەکاتەوە. ئەو گوتی، “بەگوێرەی رێککەوتنەکان، سەرۆککۆماری داهاتوو، یەک جێگری دەبێت و ئەو پۆستەش بەدڵنیاییەوە بۆ پارتی باش دەبێت.”