زووم،ئاژانسەکان:
بەگوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی یەکێتی گواستنەوەی رێگاوبانی نێودەوڵەتی IRU، حکومەتی عێراق دەبێتە ئەندامی سیستمی گواستنەوەی جیهانیی تییەر TIR، ئەمەش دوای کۆبوونەوەی وەزارەتی گواستنەوە گەیاندنی حکومەتی عێراق دێت کە هەفتەی رابردوو لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکەدا لە وڵاتی سویسرا کۆبوونەوە.
لە پەراوێزی 85ەمین کۆبوونەوەی کۆمیتەی گواستنەوەی ناوخۆیی نەتەوەیەکگرتووەکان ITC، کە هەفتەی رابردوو لە شاری جنێڤ لە سویسرا بەڕێوەچوو، سکرێری گشتیی یەکێتی گواستنەوەی رێگاوبانی نێودەوڵەتی ئومبرێتۆ دی پرێتۆ لەگەڵ رەزاق موحەیبیس، وەزیری گواستنەوەی عێراقدا کۆبۆوە و باسیان لە بە ئەندامبوونی عێراق لە سیستمی جیهانی تییەر کرد.
سیستمی جیهانی تییەر، سیستمێکی نێودەوڵەتییە کە تایبەتە بە رێکخستن و ئاسانکاریی گواستنەوەی بازرگانیی وشکانیی، ئاوى و ئاسمانى لەنێوان وڵاتانی جیهاندا، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی دەکەونە کیشوەری ئاسیا و ئەوروپا.
هەر وڵاتێک ئەندام بێت لەو سیستمە، ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەشێوەیەک ئاسان دەبێت
بەگوێرەى ماڵپەڕی سیستمەکە، هەر وڵاتێک کە ئەندام بێت لەو سیستمە، ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەشێوەیەک ئاسان دەبێت کە بارهەڵگرەکان بەرێژەی 40% کاتییان کەمتر پێویست دەبێت بۆ گواستنەوەی کەلوپەلەکان لەنێوان ئەو وڵاتانەی کە ئەندامن تێیدا، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە لە رووی ئاڵوگۆڕی بازرگانییەوە سودی بەرچاوی دارایی و ئەمنیی بۆ وڵاتان دەبێت.
سیستمەکە بریتییە لەوەی کە بارهەڵگرەکان لۆگۆی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکەیان لێ دەدرێت و لەو وڵاتەی کە کارگۆ یان بارهەڵگرەکە بار دەکرێت بە چاودێریی لقێکی رێکخراوەکە قوفڵ دەکرێت و بە کۆدێکی تایبەتیی جیهانی مۆر دەکرێت.
قوفڵەکە بەشێوەیەک مۆردەکرێت کە ناشکێندرێت و بۆ تێپەڕبوون بە خاڵە گومرگییەکانی هەر وڵاتێک پێویستی بە دووبارە چێککردنی دەبێت. بەگوێرەى سیستمەکە، ئەو کۆدە بۆ هەموو خاڵەکانی پشکنینی سەر رێگای بارهەڵگرەکە دەنێردرێت و دەبێت هاوتابێت لەگەڵ هەمان کۆدی نێو سیستمەکە.
هەبوونی ئەو کۆدە کاری ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان وڵاتاندا ئاسانتر و خێراتر دەکات، بەشێوەیەک، بارهەڵگرەکە لە وڵاتی هەناردەکارەوە بە قوفڵکراوەی دەمێنێتەوە تا دەگاتە وڵاتی هاوردەکار. بۆ ئەمەش خاڵە سنوورییەکان تەنها قوفڵ و کۆدەکە دەپشکنن و پێویست ناکات کەلوپەلی نێو بارەکە بپشکنن. ئەم ئاسانکارییە لە کاتێکدایە، بەهۆی پشکنینی خاڵە سنوورییەکان، بارهەڵگرەکان هەندێجار بۆ چەندین رۆژ و هەفتە دەبێت لە چاوەڕوانیدا بمێننەوە.
وەزارەتی گواستنەوەی حکومەتی عێراق هەموو رێکارەکانی بە ئەندامبوونی لەو سیستمە جیهانییەدا تەواوکردووە
بەگوێرەی راپۆرتەکەی ماڵپەڕی یەکێتی گواستنەوەی رێگاوبانی نێودەوڵەتی IRU، وەزارەتی گواستنەوەی حکومەتی عێراق هەموو رێکار و پێداویستییەکانی بە ئەندامبوونی لەو سیستمە جیهانییەدا تەواوکردووە، تەنها کۆتا رێکاری فەرمیی ماوە، کە دەبێت لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە رەزامەندیی لەسەر بدرێت. ئەمە لە کاتێکدایە، عێراق تەنها وڵاتی ناوچەکەیە کە تاوەکو ئێستا نەبووە بە ئەندام لەو سیستمەدا.
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختییان لە گرنگی بە ئەندامبوونی عێراق کردەوە کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەدیهێنانی خەونی بازرگانیی و ئابوری حکومەتی عێراق.
وەزیری گواستنەوەى عێراق رایگەیاندووە، بەئەندامبوون وڵاتەکەی هەنگاوێکی گرنگە
وەزیری گواستنەوەى عێراق لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە، بەئەندامبوون وڵاتەکەی هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەرەپێشبردنی سەرچاوەی دارایی نانەوتیی وڵاتەکەی و بوون بە ناوەندێکی گرنگ بۆ بازرگانی ناوچەکەو جیهان.
هەروەها سكرتێری گشتی رێکخراوی یەکێتی گواستنەوەی رێگاوبانی نێودەوڵەتی IRU رایگەیاند، بەئەندامبوونی لە سیستمەکە “عێراق پەیامێکی راستەقینە بە جیهان دەگەیەنێت کە دەڵێت ئامادەین بۆ بازرگانی جیهانیی.”
ئاماژەی بەوەشکردووە، “سیستمی تییەر رۆڵی عێراق دەباتە ئاستێکی بەرزتر و دەیکات بە رێگایەکی کاریگەر و سەلامەتی گواستنەوەی بازرگانیی لەنێوان ئاسیا و ئەوروپادا.”
گوتیشی، “سیستمەکە ئاسانکاریی بازرگانی بۆ زۆر وڵاتی جیهان کردووە پرۆسەکەی خێراتر کردووە.” دەشپرسێت، “بۆچی عێراق بەو جوگرافییە ستراتیجییەی کە هەیەتی نەتوانێت سود لەو سیستمە ببینێت؟