بزوتنەوەی تالیبان ساڵێک و شەش مانگە دەسەڵاتى ئەفغانستانى گرتووەتەدەست، هێشتا کۆماری ئیسلامی ئێران بە فەرمى دانی بە حکومەتەکەی تالیباندا نەناوە، بەڵام لە پێشهاتێکى نوێدا باڵیۆزخانەى ئەفغانستانى لە تاران رادەستی تالیبان کرد.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 27ی شوباتی 2023، ژمارەیەک وێنە و ڤیدیۆ لە ماڵپەڕە فارسی و ئەفغانیەکاندا بڵاوکرانەوە کە کارمەندان و دیپلۆماتکارانی حکومەتی پێشووی ئەفغانستان سەرقاڵی کۆکردنەوەی کەلوپەلەکانیان بوون لەنیو باڵیۆزخانەى ئەفغانستان لە تاران.
دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵ و وێنانە، زاکر جەلالی، سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری سیاسەتی دەرەوە لە وەزارەتی دەرەوەی حکومەتەکەی تالیبان تویتێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، حکومەتەکەی شاندێکی بە سەرۆکایەتی فەزڵ محەمەد حەقانی کە لە حەوت کەس پێکدێن بۆ تاران ناردووە، فەزڵ محەمەد حەقانی وەک باڵیۆزى نوێی ئەفغانستان لە ئێران دیاری کراوە.
قرار است فردا شارژدافیر جدید سفارت افغانستان در تهران آقای فضل محمد حقانی مسؤولیت امور را بدوش خواهد گرفت. آقای حقانی را تیمِ مجربِ دیپلوماتهای وزارت امور خارجه همکاری خواهند کرد. باآغاز به کار دیپلوماتهای جدید زمینهی ارائه خدمات شفاف به هموطنان ما در ایران مساعد میشود pic.twitter.com/uU9IWRDmcC
— Zakir Jalaly – ذاکر جلالي (@zakirjalaly) February 26, 2023
زۆری پێنەچوو، وەزارەتی دەرەوەی تالیبان، لەبارەی پرۆسەی گۆڕانکاری لە باڵیۆزخانەى ئەفغانستان لە تاران راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “چالاکیەکانی کونسوڵخانەکە لەگەڵ ناردنی حەوت دیپلۆماتکارەکە لەم ماوەیەدا دەستپێدەکەن. تالیبان دەیەوێت زیاتر پەرە بە پەیوەندیەکانی هەردوو وڵات بدات.”
پاشان وەزارەتی دەرەوەی ئێران راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پرسی گۆڕانکاری و رادەستکردنی باڵیۆزخانەى ئەفغانستان لە تاران بە تالیبان، پەیوەندی بە ئێرانەوە نییە و پرسێکی ناوخۆییە و پەیوەندی بە ئەفغانستانەوە هەیە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەکرد کە ئەوان هیچ بەڵگە و کەلوپەلێکی باڵیۆزخانەی ئەفغانسانیان لانەبووە، بەڵام ئاژانسی دەنگی ئەفغان لە زاری عەبدولقەیوم سلێمانی بەرپرسی پێشووی باڵیۆزخانەى ئەفغانستان لە تاران رایگەیاند، کاتێک دیپلۆماتکارانی پێشووی ئەفغانستان لە ئێران چوونەتە دەرەوە، حەوت کیلیلی باڵەخانەی باڵیۆزخانەکەیان رادەستی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کردووە.”
ئاژانسەکە باسی لەوەشکردووە کە ژمارەیەک لە کارمەند و دیپلۆماتکارانی پێشووی باڵیۆزخانەکە، لەگەڵ عەبدولقەیوم سلێمانی لە باڵیۆزخانەکە چوونەتە دەرەوە.
لەمبارەیەوە ئەنجومەنی بەرگری نیشتیمانی رزگاری ئەفغانستان کە ئەحمەد مەسعود سەرۆکایەتی دەکات، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رادەستکردنی باڵیۆزخانەى ئەفغانستانی لە تاران بە تالیبان بە پێچەوانەی نەریتی دیپلۆماسی و لەدژی بەرژەوەندیە نیشتیمانیەکانی ئەفغانستان لەقەڵەمدا و داوای کرد ئەم هەنگاوە قبوڵ نەکرێت و گوتی، ” داوا لە هەموو ئەو وڵاتانە دەکەین کە نوێنەرانی ئەفغانستان لەو ناوچانە چالاکن کە بە هیچ شێوەیەک نوێنەرانی تالیبان لە وڵاتەکەیان قبوڵ نەکەن و رێز لە داواکاری خەڵکی ئەفغانستان بگرن.”
حکومەتەکەی تالیبان، کۆتایی ساڵی رابردوو، نوێنەرایەتی خۆی لە تورکەمەنستان چالاک کردەوە، هەرچەندە تورکەمەنستان بە فەرمی حکومەتەکەی تالیبانی نەناسیوە، بەڵام نێنەرە تازەکەی تالیبانی لە وڵاتەکەیدا قبوڵ کرد.
دوای چەند مانگێک لە هاتنە سەر دەسەڵات، تالیبان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردبوو کە دیپلۆماتێکیان لە مۆسکۆ دەستی بەکار کردووە و روسیا باڵیۆزخانەى ئەفغانستانى لە مۆسکۆ بە فەرمی رادەستی ‘ئیماڕاتی ئیسلامی’ کردووە. هەروەها ساڵی رابردوو، حکومەتی چینیش بە فەرمی نوێنەری تالیبانی لە پەکین قبوڵ کرد و بۆ یەکەمجار ئاڵای ‘ئیماڕاتی ئیسلامی’ کە ناوی دەوڵەتەکەی تالیبانە لەسەر باڵیۆزخانەى ئەفغانستان لە پەکین شەکایەوە. هەروەها دەنگۆ هەیە تورکیاش باڵیۆزخانەى ئەفغانستان لە ئەنقەرە رادەستی تالیبان بکاتەوە.