زووم، ئاژانسەکان:
ئەمڕۆ، دووشەممە 27ـی شوباتی 2023، جارێکی دیکە، بومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.6 پلەی ریختەر، ناوچەی یەشیل یورتی پارێزگای سەمسوری باکوری کوردستانی هەژاند.
یونس سەزەر، سەرۆکی دەزگای کارەسات و فریاگوزاریی تورکیا (ئافاد) رایگەیاند، لە بومەلەرزەکەدا کە کاتژمێر 12:04ـی نیوەڕۆ روویداوە، کەسێک گیانی لەدەستداوە و 69 کەسیش بریندار بوون. ئاماژەی بەوەشدا کە 22 باڵەخانەی دیکە کە پیشتر زیانیان بەرکەوتبوو رووخاون.
محەمەد چنار، سەرۆکی شارەوانی ناوچەی یەشیل یورت رایگەیاند، بەگوێرەی زانیارییەکانیان ژمارەیەک هاوڵاتی کەوتوونەتە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکان و بەو پێیە پێدەچێت، ژمارەی گیانلەدەستدان و بریندارەکان زیاد ببن.
بەرەبەیانى ئەمڕۆ کاتژمێر 05:51 خولەک، بومەلەرزەیەکی دیکە لە ناوچەی گولباشی سەمسور روویدا کە گوڕەکەی 5 پلەی ریختەر بوو، بەڵام زیانی گیانی لێنەکەوتەوە.
دوای بومەلەرزەکانی شەشی شوبات کە لە باکوری کوردستان – تورکیا و رۆژئاڤای کوردستان – سوریا، بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 50 هەزار کەس و برینداربوونی زیاتر لە 100 هەزار کەس، بومەلەرزەکان بەردەوامن.
لە ماوەی 21 رۆژی رابردوودا نزیکەی نۆ هەزار و 150 پاشلەرزە، لە شارەکانی باکوری کوردستان روویانداوە
بەگوێرەی ئامارێکی ئافاد، لە ماوەی 21 رۆژی رابردوودا و دوای بومەلەرزەکانی شەشی شوبات، نزیکەی نۆ هەزار و 150 پاشلەرزەی دیکە، لە شارەکانی باکوری کوردستان روویانداوە و پاشلەرزەکان تاوەکو ئێستاش بە گوڕی چوار بۆ پێنج و نیو پلەی ریختەر بەردەوامن و پێدەچێت بومەلەرزەکان یەخەی باکوری کوردستان بەرنەدەن.
لەلایەکی دیکەوە، حکومەتی تورکیا لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان دەستی بە دروستکردنی پرۆژەی نیشتەجێبوون بۆ زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکان کردووە، بەڵام ئەو هەنگاوەی حکومەت رووبەرووی رەخنەیەکی توندی، ئەندازیار و پسپۆڕان بووەتەوە.
ئاژانسی هەواڵی “ئانکا” لەوبارەیەوە چاوپێکەوتنی لەگەڵ ژمارەیەک ئەندازیار و پسپۆڕی جیۆلۆجی ئەنجامداوە، بەگوێرەی بۆچوونی ئەو کەسانە، لە ئێستادا هەڵەیەکی زۆر گەورەیە کە پرۆژەی نیشتەجێبوون دروست بکرێت، لەبەرئەوەى پاشلەرزەکان هەموو رۆژێک بە گوڕێکی بەهێز بەردەوامن و ئەوەش زیان بە بناغەی باڵەخانە و خانووەکان دەگەیەنێت کە تازە دروست دەکرێن و مەترسی دووبارە رووخانیان لێدەکرێت.