زووم, ئاژانسەکان:
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پێویستە کۆتایی بە چالاکى گروپەکانی دژی ئێران لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان بهێندرێت و کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ جۆرە جموجوڵێکى گروپە کوردییەکان قبوڵ ناکات.
ئەمیر حسێن عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی “ئەلعالەم”ـى ئێرانى، تیشکى خستە سەر دوایین سەردانى خۆى بۆ عێراق و پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان.
عەبدوڵڵاهیان باسی لەوەکرد، لە سەردانەکەی رۆژی سێشەممەی رابردوودا بۆ بەغداد و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، جگە لە چەندین پرسی دیکە، گفتوگۆیان لەبارەی پرسی گروپەکانی دژی ئێران لەنێو خاکی هەرێمی کوردستانیش کردووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران: لەگەڵ بەرپرسانی عێراق باسی پرسی ئەمنی و پاراستنی سنورەکانمان کرد
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، “لەگەڵ بەرپرسانی عێراق باسی پرسی ئەمنی و پاراستنی سنورەکانمان کرد، ئەم پەیامەمان لە رابردوودا بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش گەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی ئێران، هەموو جۆرە جوڵەیەکی گروپە “تیرۆریستییەکان” لە دژی وڵاتەکەمان قبوڵ ناکات، بە خۆشحاڵییەوە لیژنەیەکى باڵاى هاوبەش لە نێوان تاران و بەغداد بۆ ئەم پرسە پێکهێنراوە”.
عەبدوڵڵاهیان دەشڵێت، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، و قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق رۆڵێکی گرنگیان لە دانوستانەکاندا هەبووە، “بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش بەشدارییان لە کۆبوونەوەکاندا کردووە و رێککەوتنێکی سەرەتایی لەنێوانماندا ئامادەکراوە و هیوادارین بە زوترین کات واژۆ لەسەر رێککەوتنەکە بکرێت”.
“ئێمە دەزانین کە ئەو گروپانە پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل و دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی رۆژئاوادا هەیە
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا وەزیرى دەرەوەى ئێران گوتى، “ئێمە دەزانین کە ئەو گروپانە پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل و دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی رۆژئاوادا هەیە، ئەمەش سەرەتا ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان و دواتر ئاسایشی ئێران دەخاتە مەترسییەوە، بۆیەش پێویستە کۆتایی بەم پرسە بهێندرێت”.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەی خستەڕوو کە پێویستە بارەگای ئەو گروپانە دابخرێن، چالاکی و مەشق و راهێنانەکانیان کۆتایی پێبهێندرێت و رادەستی دەسەڵاتی دادوەری بکرێن، چونکە ئێران لە ساڵانی رابردوودا باجی لەم رووەوە داوە و هیچ دەرفەتێک لە بەردەم هەرێمی کوردستان نەماوە.
لە کۆتایی قسەکانییدا ئەمیر حسێن عەبدوڵڵاهیان گوتی، “لە رابردوو و ئێستاشدا، پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ بەرپرسە کوردەکان هەبووە، گەشبینین کە بە هاوکاری حکومەتی بەغداد ئیدی کۆتایی بە پرسی هەبوونی گروپە “تیرۆریستیەکان” لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان دەهێنین”.