زووم، ئاژنسەکان:
تومەنی ئێرانى رۆژ بە رۆژ بەهای زیاتر لە دەست دەدات و ئێستا لە بازاڕەکاندا 100 دۆلار بەرامبەر بە پێنج ملیۆن و 600 هەزار تومەنە، پەرلەمانی ئێرانیش هەرچەندە کۆبوونەوە لەسەر کۆبوونەوە دەکات و بانگهێشتى بەرپرسانى حکومەت دەکات، بەڵام نەیتوانیوە دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکات و سنورێک بۆ لەدەستدانى زیاترى بەهاى تومەن دابنێت.
رۆژنامەی “دونیای ئیقتساد”ـی ئێران، لە راپۆرتێکدا ئاماژەى بە کۆبوونەوەکەی دوێنێى پەرلەمانی ئێران کردووە لەسەر ئەو پرسە، کە هەریەکە لە محەمەد مەخبەر یاریدەدەری یەکەمی سەرۆککۆمار، سەید ئیحسان خاندوزی وەزیری ئابووری و محەمەد رەزا فەرزین سەرۆکی گشتی بانکی ناوەندیی ئێران بانگهێشتکرابوون. رۆژنامەکە بۆچوونی چەند پەرلەمانتارێکى شارەزای بواری ئابوورى لەسەر دۆخى تومەن وەرگرتووە.
سەید نیزام موسەوی: هیوایەک هەیە دۆخی دراوی وڵات بەرەو باشتر ببرێت
سەید نیزام موسەوی، گوتەبێژی دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانى ئێران
سەید نیزام موسەوی، گوتەبێژی دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانى ئێران لەبارەی کۆبوونەوەکە بە رۆژنامەکەی گوتووە، هیوایەک هەیە دۆخی دراوی وڵات بەرەو باشتر ببرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نیگەرانییەکی زۆر هەیە، حکومەت لە رووی سیاسەتی ئابووری و جێبەجێکردنی پلانەکاندا کێشەی هەیە، “بەشێکی زۆری کێشە ئابوورییەکانى ئێران ناوخۆییە، ئەگەر لە ناوخۆدا سیاسەتێکی باش پەیڕەو بکرێت و دۆخی ژیانی خەڵکی باش بکرێت، ئەوا بەهای دراویش جێگیر دەبێت”.
ئەو گوتانەى موسەوی لەکاتێکدایە، ئێران لە کاتى حکومەتەکەی رۆحانیدا رۆژانە 400 بۆ 500 هەزار بەرمیل نەوتى دەفرۆشت، بەڵام فرۆشی ئێستاى نەوتى ئێران گەیشتووەتە نزیکەی ملیۆنێک بەرمیل لە رۆژێکدا.
پێدەچێت ئەمساڵ هیچ کەموکوڕییەک لە بودجەدا نەبێت
سەید نیزام موسەوی دەشڵێت، ساڵی رابردوو بودجە بە رێژەیەکی زۆر کەمی هێنابوو، بەڵام پێدەچێت ئەمساڵ هیچ کەموکوڕییەک لە بودجەدا نەبێت و ئەگەر سیاسەتێکی باش پەیڕەو بکرێت، دەتوانرێت رێگری لە لەدەستدانی بەهای دراوی نیشتمانی بکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، وەلی ئیسماعیلی، جێگری سەرۆکی لیژنەی کۆمەڵایەتیی پەرلەمانی ئێران بە “ئیقتساد نیوز”ـى گوتووە، قسەکانی نوێنەرانی حکومەت لە پەرلەماندا، جێی رەزامەندی نەبوو، “ئێمە داوامان لە حکومەت کرد کە پرۆگرام و بەرنامەی خۆی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕی دراو ئاشکرابکات، بەڵام گرنگی پێنەدرا، بڕیاردرا لیژنەیەکی هاوبەشی پەرلەمان و حکومەت پێکبهێندرێت و پێکەوە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕی دراو بدرێت”.
غولامرەزا مەرحەبا، ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانیش باسی لەوەکردووە کاتێک بڕوا بە قسەی بەرپرسە حکومییەکان دەکەن کە ئەنجامی سیاسەتەکانیان لە بواری کۆنتڕۆڵی بازار و بانکەکاندا ببینن.
غولامرەزا دەڵێت، “لە حکومەتەکانی دیکەشدا کێشەی بازاڕی دراو هەبووە، بەڵام ئەمجارە شایەدحاڵی دۆخێکی ناهەموارترین، هاوڵاتیان مافی ئەوەیان هەیە کە نارەزایەتی لە بەرامبەر سیاسەتەکانی حکومەت لە بواری ئابووری و کۆنتڕۆڵنەکردنی بازاری دراودا دەرببڕن، هیوادارم حکومەت سیاسەتێکی باش پەیڕەو بکات و لەمەزیاتر رێگە نەدات ئابوورى وڵات بەرەو داڕمان بچێت”.
جەعەفر قادری رایگەیاندووە: باوەڕ ناکات کۆبوونەوەی پەرلەمان و نوێنەرانی حکومەت هیچ ئەنجامێکی هەبێت
جەعەفر قادری, پەرلەمانتاری ئێران
جەعەفر قادری، یەکێکى دیکەیە لە پەرلەمانتارەکانى ئێران و ئەندامی لیژنەی بەرنامە و بودجەیە، ئەو بە رۆژنامەی “دونیای ئیقتساد”ـی راگەیاندووە، باوەڕ ناکات کۆبوونەوەی پەرلەمان و نوێنەرانی حکومەت هیچ ئەنجامێکی هەبێت و گوتی، “لە کۆبوونەوەکاندا پەرلەمانتاران رەخنە دەگرن و بە تەنیا دڵی خۆیان بەتاڵ دەکەنەوە، بەڵام کەس ناتوانێت بڕیارێک بدات”.
قسە و بۆچوونی پەرلەمانتارانی ئێران لەبارەى دۆخى خراپى تومەن لە کاتێکدایە کە لە ئاستی حکومەت و پەرلەماندا، باسی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران ناکرێت کە کاریگەرییەکی راستەوخۆ لەسەر ئابوورى و دراوی ئەو وڵات دادەنێت و رۆژ بە رۆژ دراوی نیشتمانی ئەو وڵات بەهای خۆی زیاتر لە دەستدەدات.