پێگەی ئۆیل پرایسی بەریتانی راپۆرتێکی لەبارەی ئەو گرێبەستانە بڵاوکردەوە کە حکومەتی عێراق بەمدواییانە کردوونى بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و گازی وڵاتەکەی.
عێراق دەمێکە خواستی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێانانی نەوت و گازی هەیە، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا کەمتر هەنگاوی کردەیی بۆ هێنانەدی ئەو خواستە نابوو، بەڵام هەفتەى رابردوو بە واژۆکردنى چەند گرێبەستێک هەنگاوێکى جدى بۆ بەدیهێنانىخەونەکەى نا.
ئەنجامدانی ئەم گرێبەستانەی حکومەتی عێراق بە هەنگاوێکی گرنگ وەسف دەکرێت لەکاتێکدا ئەو ڵاتە بەشێوەیەکی سەرەکیی پشت بە گازی سروشتیی هاوردەکراوی ئێرانی دراوسێ دەبەستێت. ئەمەش پێگەی عێراقی بەرامبەر بەو وڵاتە لاوازکردووە.
حکومەتی بەغداد گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئیماراتی واژۆکردووە و دوو گرێبەستی دیکەشی لەگەڵ دوو کۆمپانیای چینیدا واژۆکردووە، کە ئامانج لێیان زیادکردنی بەرهەمهێنانی 250 هەزار بەرمیل نەوت و 800 ملیۆن پێ سێجا گازی سروشتییە لە رۆژێکدا.
عێراق، وەک دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوت لە گروپی ئۆپێکدا، رۆژانە 4 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت. ئەمە لە کاتێکدایە بەرپرسانی عێراق پێشتر رایانگەیاندبوو وڵاتەکە لە توانایدایە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ 5 بۆ 6 ملیۆن بەرمیل بەرز بکاتەوە، بەڵام هەنگاوی پێویست بۆ ئەم پلانە نەنرابوو.
هۆکارەکانی خاوی ئەم پرۆسەیە پەیوەستە بە ناسەقامگیری سیاسی وڵات، جوڵەی بازرگانی و پیشەسازی نەوت، خواستی کۆمپانیاکان بۆ کەمیی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت و پێشبینییەکانی تایبەت بە خواستی نەوت لە بازاڕەکاندا.
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا زۆرێک لە کۆمپانیا گەروەکانی بەرهەمهێنانی نەوت، لەوانەش ئێکسۆن مۆبیل، بەبیانووی نەبوونی بەرچاوروونی لە پیشەسازی نەوتدا، بەیەکەوە لە عێراق کارەکانیان جێهێشت. بەڵام حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق سەرەڕای دانانی سەقفێک بۆ بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن ئۆپێک پلەسەوە، کۆڵیان نەدا و بەردەوامبوون لە بەرهەمهێنانی نەوت و گازی سروشتیی.
یەکێک لەو کۆمپانیایانەی کە هاوکاریی عێراق دەبێت لەم هەنگاوەدا، کرێسێنت پێترۆلیۆمی ئیماراتە. کۆمپانیاکە سێ گرێبەستی درێژخایەنی بۆ گەڕان و پەرەپێدانی سێ کێڵگەی نەوت و گاز لەگەڵ عێراقدا واژۆکردووە.
کۆمپانیاکە رایگەیاندووە، پێشیبینی دەکرێت لەماوەی 18 مانگی داهاتوودا دووان لەم کێڵگانە، کێڵگەی گیلابات-قومار و خەشیم لە پارێزگای دیالە، رۆژانە 250 ملیۆن پێ سێجا گازی سروشتی بەرهەم بهێنن. کێڵگەی سێیەمیش دەکەوێتە پارێزگای بەسرا.
دووەم هاوبەشی بەرهەمهێنەری نەوت و گازی عێراق گروپی یەکێتی وزەی چینییە کە لە کێڵگەی سیندبادی پارێزگای بەسرادا کاردەکات.
سێیەم کۆمپانیا کە عێراق گرێبەستی لەگەڵدا ئەنجامداوە، کۆمپانیای جیۆ-جەید پێترۆلیۆمی چینییە. بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، کۆمپانیاکە لە کێڵگەکانی هویزە و نەفتخانە لە نزیک سنورەکانی ئێراندا، نەوت بەرهەم دەهێنن.
سەرجەم ئەو گرێبەستانەی هەفتەی رابردوو بۆ ماوەی 20 ساڵ ئەنجامدراون. ئەمەش دەبێت بە گرەنتییەک بۆ ئاسایشی وزەی عێراق لە کاتێکدا داهاتێکی زۆری وڵاتەکە بۆ گازی سروشتی بۆ ئێران دەڕوات.
بەگوێرەى ناوەڕۆکی گرێبەستەکان و لێدوانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیران، عێراق دەتوانێت لەماوەی سێ ساڵی دیکەدا هاوردەی گازی سروشتیی لە ئێرانەوە بوستێنێت. سودانی رایگەیاندووە کە ساڵانە هاوردەی گازی سروشتیی لە ئێرانەوە تێچوویەکی زۆری دەوێت و ساڵانە لەنێوان 5.5 بۆ 6.8 ملیار دۆلار لە بودجەی عێراق بۆ ئەو مەبەستتە بۆ ئێران دەڕوات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئێمە بڕیارمانداوە بچینە نێو بازاڕی جیهانی گازی سروشتییەوە. هەنگاومان ناوە بۆ بنیادنانی پرۆژەی تایبەت بە پەرەپێدانی گازی سروشتیی وڵاتەکەمان و سوتاندنی گازی پاشماوەی دەرهێنانی نەوت، لە کاتێکدا کە کەمیی گازی سروشتیی هۆکاری سەرەکی کەمی کارەبایە لە وڵاتەکەماندا.”
حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیەند، بۆ زیاتر بەرەپێشبردنی ئەم پلانانە، حکومەتی عێراق بەنیازە لەداهاتوویەکی نزیکدا چەند تەندەرێک بۆ دۆزینەوەی بلۆکی نەوتیی لە باکور، رۆژئاوا و ناوەراستی وڵاتەکەدا رابگەیەنێت.
بەگوێرەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی، عێراق توانیویەتی لە ساڵی رابردوودا رۆژانە لە 4.4 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ 4.6 ملیۆن بەرز بکاتەوە. پێشبینیش دەکات تاوەکو ساڵی 2027 عێراق ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ سەرووی 5 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرز بکاتەوە.